لە چوارچێوەی هەڵمەتی ١٦ ڕۆژەی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان، ژنێكی گەنجی کوردی خەڵکی دێولان کتێبیکی بە ناوی “هەستی” بڵاوکردەوە، هەروەها ناوەڕۆكی کتێبەکەی باس لە ژینا ئەمینی دەکات.
ئاوێنە: میدیاکانی ئێران سەبارەت بە بڵاوکردنەوەی کتێبێک لەلایەن ژنێكی گەنجی كورد کە یەکێکە لە بەشداربوانی شۆڕشی ژینا ئەمینی بەمجۆرە زانیارییان خستوەتەڕوو، لە چوارچێوەی هەڵمەتی ١٦ ڕۆژەی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان، هەستی حسێن پەناهی تەمەن ١٦ ساڵی خەڵکی شاری دێولانی سەر بە شاری سنە کتیبێکی بە ناوی “هەستی” بڵاوکردەوە.
ئاماژە بەوەشکراوە، کتێبی هەستی کۆمەڵە شیعر و چیرۆکێك لەخۆ دەگرێت و باس لە ژینا ئەمینی دەکات و هەروەها بە هەوڵی خێزانەکەی ئەو كتێبەی بڵاو کردووەتەوە.
هاوكات، لە سەرەتای سەرهەڵدانی ناڕەزایەتییەکانی شۆڕشی”ژن ژیان ئازادیی” هەستی حسێن پەناهی خەڵکی شاری دێولان سەر بە شاری سنە کە ئەو کات تەمەنی ١٤ ساڵان بوو، لەدوای لێپرسینەوە و هەڕەشە لێکردن لە لایەن کارمەندانی وەزارەتی ئیتلاعاتەوە لە خوێندنگا، دواتر لەکاتی گەڕانەوە ئۆتۆمبێلی لێکۆڵەرەوەکان شوێن پاسی خوێندنگاکە کەوتن و هەستی لە ترسی لێپرسینەوە خۆی فڕێدایە خوارەوە و تووشی شکانی بنکەی کاسەی سەر بوو، چەند مانگ لە کۆمادا مایەوە، بەڵام هێشتا تەندرووستیی ناجێگیرە.
جێگای ئاماژەیە، ئەو کچە کوردە پێش ڕووداوەکە سەردانی وانەی چیرۆکنووسین و شیعر و ئەدەبی دەکرد.