حەسەن توران، سەرۆکی بەرەی تورکمانی عێراق ڕایگەیاند، بە مەبەستی "گۆڕینی دیموگرافیا"ی شارەکە، بەر لە سەرژمێری گشتی 260 هەزار کەس لە دەرەوە هێنرانە کەرکوک.
ئاوێنە: حەسەن توران، سەرۆكی بەرەی توركمانی، لە لێدوانێكدا بۆ میدیای رەسمی توركیا وتویەتی، بینیویانە کە بەر لە ئەنجامدانی سەرژمێری گشتی، لە شارەکانی هەولێر و سلێمانییەوە ژمارەیەکی زۆر خێزان هێنراونەتە کەرکوک.
توران وتویەتی"تورکمانەکان پشتیوانی لە ئەنجامدانی سەرژمێری گشتی لە سەرانسەری عێراقدا دەکەن. دیموگرافیای کەرکوک لە دوای 2003وە گۆڕانکاری بەسەردا هات. بەر لە سەرژمێری 260 هەزار کەس لە دەرەوەی شارەکە هێنراونەتە کەرکوک و لەسەر نفوسی کەرکوک تۆمار کراون".
بەپێی قسەی سەرۆکی بەرەی تورکمانی"هەوڵێکی جددی هەیە بۆ گۆڕینی دیموگرافیای کەرکوک و تێکدانی شوناسی تورکمانیی شارەکە" و داواشی کرد، ڕاگەیاندنی ئەنجامەکانی سەرژمێریی گشتی کەرکوک تا وردبینی لەسەر بنەمای سەرژمێرییەکەی ساڵی 1957 دوابخرێت.