مەسعود بارزانی: پێویستە یەك حكومەت و یەك پەرلەمان و یەك هێزی پێشمەرگە لە كوردستان هەبێت
  2024-11-22       177       

مەسعود بارزانی، سەرۆكی پارتی، ئەمڕۆ هەینی رایگەیاند، پێویستە لە داهاتودا یەك هەرێم، یەك پەرلەمان، یەك حكومەت و یەك هێزی پێشمەرگە لە كوردستان هەبێت. دەشڵێت: جەختكراوەتەوە لەوەی كە سەرژمێری هیچ كاریگەری لەسەر ماددەی 140 نابێت.

ئاوێنە: مەسعود بارزانی، سەرۆكی پارتی، ئەمڕۆ هەینی، لە  پێنجەمین کۆڕبەندی ئاشتی و ئاسایشی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست (مێپس) لە زانکۆی ئەمەریکی-کوردستان لە شاری دهۆک، وتەیەكی پێشكەشكرد.

مەسعود بارزانی لە وتەكەیدا باسی لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان كردو وتی"لەو هەڵبژاردنە لە سەدا 72ـی خەڵک بەشداری کرد، ئەنجامەکانیش ئاشکرا بون، ئومێدەوارین هەمولایەک هەڵسوکەوت لەگەڵ شەرعییەت بکەن، هەروەها هەنگاوی داهاتو، کە دوای چەند ڕۆژێک ئەنجامەکان لەلایەن کۆمسیۆنەوە ڕادەگەیەنرێن، دەست بە گفتوگۆ دەکرێ لەنێوان هەمو لایەنەکان، بۆ ئەوەی هەرچی زوترە پەرلەمان دەست بەکار بێت و هەنگاوەکانی دیکەشی بەدوا دابێت."

سەرۆكی پارتی وتیشی"ئومێدەوارین هەموتان پشتگیریمان بکەن، بۆ ئەوەی لە داهاتو یەک هەرێم، یەک پەرلەمان، یەک حکومەت و یەک هێزی پێشمەرگە لە کوردستان هەبێت."

لەبەشێكی دیكەی قسەكانیدا مەسعود بارزانی باسی لە سەرژمێری دانیشتوان كردو وتی، "ئەو سەرژمێرییەی لە سەرتاسەری عێراق کرا، جەخت کراوەتەوە، کە هیچ مەبەستێکی سیاسیی لە پشتەوە نییە و هیچ کاریگەریشی لەسەر ماددەی 140 نابێت، کە ئەمەش بەرچاو ڕونیی زۆر دەبێت بۆ حکومەتی فیدراڵی، بۆ ئەوەی پلانەکانی بەشیوەیەکی ڕێکوپێک و زانستیانە دابڕێژێت لە داهاتودا."

لەبارەی كێشەكانی نێوان بەغداو هەرێم، سەرۆكی پارتی وتی "مومکین نییە هیچ گرفتێک بە زۆر چارە بکرێت، خۆشبەختانە پەیوەندییەکی باش لە نێوان حکومەتی هەرێم و حکومەتی فیدرال هەیە، هاوکاریش هەیە بۆ چارەکردنی هەمو گرفتەکان، ئومێد دەکەین ئەو لێکتێگەیشتنە پەرەبسێنیت، ئەگەر نیەتی باش هەبێت، پێم وایە هیچ گرفتێک نییە چارە نەکرێت".

مەسعود بارزانی لەبارەی شەڕ لە ناوچەكە وتی"شەڕی لوبنان و غەززە، بەداخەوە ئەو وێنانەی دەبیندرێن زۆر دڵتەزێنن، هەمو لایەکمان نزا دەکەین هەرچی زوترە ئەو شەڕە کۆتایی بێت...لەهەموشی گرنگتر ئەوەیە نابێت عێراق توشی ئەو شەڕە ببێت و تێوەبگلێت."

هەروەها لە بەشێكی دیكەی وتەكەیدا وتی "تیرۆر تەحەددای گەورەیە، بەڵام بەلای منەوە تەحەددای ئێستا کە لەهەموی گەورەترە بڵاوبونەوەی ماددەی هۆشبەرە، کە لەهەموشی مەترسیدارترە، بەداخەوە ئێستا لای زۆرێک لەوانەی دەسەڵاتیان هەیە دایدەپۆشن، کارخانە دروست دەکرێت بۆ دروستکردنی ماددەی هۆشبەر، ناتوانن هیچی لێ بکەن، بازرگانییەکی ئازادانەی پێدەکرێت، ئەمە مەترسییەکی گەورەیە، ئەمە کوشتنی نەتەوەیەکە، بۆیە ئومێد دەکەم هەمو وڵاتان بەجیددی لەسەر ئەوبابەتە بوەستن و سنورێک بۆ ئەو شتە دابنرێت پیش ئەوەی لە کۆنترۆڵ دەربچێت."

لەبارەی پرسی كوردیش مەسعود بارزانی وتی"هەمومان ئەزانین لەدوای جەنگی جیهانی دوەم، ئەو دابەشکردنەی سەر لەنوێ لەناوچەکە ئەنجام درا، باوەڕناکەم بەدڵی هیچ نەتەوەیەک بێت، نە کورد، نە عەرەب و نەتورک و نە فارس، بەڵام واقعێک بو فەرزکرا، لێرەدا ستەمی گەورە بەر کورد کەوت، 100 ساڵ ئیمکاری نەتەوەی کورد کرا، کوردیش 100 ساڵ بەرخودانی کرد، نە ئینکاری هەبونی کورد سەری گرت، نە کوردیش توانی ئەو واقیعە بگۆڕێت، ئەمەش پێمان دەڵێت ئەبێت دانیشین بیر لە چارەی ئاشتیانە و برایانە و ڕێز لەیەکتر گرتن بکەینەوە".

لەبارەی باسوخواستی پڕۆسەی ئاشتی لە توركیا، مەسعود بارزانی وتی"هەر ناوچەیەک تایبەتمەندی زۆی بۆ دروست بوە، دۆخی کوردستانی عێراق جیاوازی هەیە لەگەڵ پارچەکانی دیکە، ئێمە خۆشحاڵین دیسان دەنگوباسی پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا دەستی پێ کردوەتەوە، لەهەر کوێیەک هەر هەوڵێک بۆ چارەسەری ئاشتی هەبێت، ئێمە بەهەمو توانایەک پشتیگیری دەکەین و لەگەڵی دەبین".

سەرۆكی پارتی لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا ئاماژەی بەوەدا "ئێمە بەش بەحاڵی خۆمان ئامادەنین دەست لە ئایین و مەزهەب و داب و نەریتی خۆمان هەڵبگرین، بۆ ئەوەی کەسێکی دیکە لە ئێمە رازی بێت."

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×