كەیهان كەلهور،
مۆزیسیەن و ژەنیاری دیاری كورد، وەك ناڕەزایەتییەك بەرامبەر بە هێرشەكانی توركیا
بۆ سەر رۆژئاوای كوردستان، سازكردنی كۆنسێرتێكی خۆی لە ئیستانبوڵ هەڵوەشاندەوە.
ئاوێنە: كەیهان
كەلهوڕ، دوێنێ هەینی لە كۆنسێرتێكیدا لە لەندەنی پایتەختی بەریتانیا، رایگەیاند،
وەك ناڕەزایەتییەك بەرامبەر بە هێرشی سوپای توركیا بۆ سەر باكوری سوریاو وەك
پشتیوانییەك لە كوردانی ئەو وڵاتە، سازدانی ئەو كۆنسێرتەی هەڵدەوەشێنێتەوە كە
بڕیار بو سبەی یەكشەممە لە ئیستانبوڵ بەڕێوەبچێت.
لەو ڤیدیۆیەدا كە پێگە فارسییەكان بڵاویان
كردۆتەوە، كەیهان كەلهوڕ، لە بەشی كۆتایی كۆنسێرتەكەیدا لە لەندەن، گۆرانی "لای
لای" بە زمانی كوردی لەگەڵ ژەنینی پارچە میوزیكێكدا پێشكەش دەكات بەو منداڵە
كوردانە لە رۆژئاوای كوردستان روبەڕوی جەنگ بونەتەوە. ئەوەش بەپێی قسەی كەلهوڕ
خۆی.
بەر لە وتنی ئەو گۆرانییەو كەلهور لە
كۆنسێرتەكەدا هێرشەكانی توركیای بۆ سەر رۆژئاوای كوردستان بە "رۆژانێكی سەخت
بۆ كورد" ناوبردو رایگەیاند، ئەو شەڕە نوێیە تەنها قوربانی و ئاوارەی زیاتری
لێدەكەوێتەوە بەڵام هەندێك لە سیاسەتمەداران لەمە تێناگەن.