لیژنەیەکی خوێندنی باڵا وردبینی لە ناوی مامۆستایانی وانەبێژ دەکات
  2024-10-23       208       

وه‌زیری خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی بریاریدا به‌ پێكهێنانی لیژنه‌یه‌كی باڵا و تایبه‌ت به‌مه‌به‌ستی پێداچونه‌وه‌ و وردبینیكردنی ناو و سه‌ره‌تاكانی سه‌رجه‌م مامۆستایانی وانه‌بێژ و راشیده‌گه‌یه‌نێت، ده‌بێت سه‌رجه‌م وانه‌بێژانی سودمه‌ند بگه‌ن به‌ مافی ئاسایی و یاسایی خۆیان

ئاوێنە: بەپێی فه‌رمانێكی وزاری كە‌ له‌ ڕێكه‌وتی (23/ 10/ 2024) دەرچوە، د. ئارام محه‌مه‌د قادر وه‌زیری خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی بریاریداوه‌ به‌ پێكهێنانی لیژنه‌یه‌كی باڵا و تایبه‌ت به‌مه‌به‌ستی پێداچونه‌وه‌و وردبینیكردنی ناو و سه‌ره‌تاكانی سه‌رجه‌م مامۆستایانی وانه‌بێژی سه‌ر به‌ وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی.

له‌وباره‌یه‌وه‌، د. ئارام محه‌مه‌د رایگه‌یاندوه‌، "ئامانج له‌ پێكهێنانی ئه‌م لیژنه‌ باڵایه‌ وردبینی و پێداچونه‌وه‌یه‌ به‌ ناوی سه‌رجه‌م ئه‌و وانه‌بێژانه‌ی كه‌ به‌ گشتاندنمان به‌ ژماره‌ (17338) له‌ ڕێكه‌وتی (4/ 9/ 2024) له‌ زانكۆكانی كوردستان داواكراوه‌ و به‌ نوسراوی زانكۆكان ئاراسته‌ی وه‌زاره‌ته‌كه‌مان كراوه‌ و ره‌زامه‌ندی دارایی بۆ به‌گرێبه‌ست بونیان ده‌رچوه‌، هه‌روه‌ها دڵنیابونه‌وه‌ی سه‌رجه‌م وانه‌بێژانی ئازیزی هه‌رێمی كوردستانیشه‌ له‌ راستی و دروستی ناوه‌كانیان و كاركردنمان له‌سه‌ر هه‌مان سێكوچكه‌ و پره‌نسیپه‌كانی (شه‌فافیه‌ت و دادپه‌روه‌ری و ده‌رفه‌تی یه‌كسان) له‌ ته‌واوی پرۆسه‌كه‌دا كه‌ هه‌ر ئه‌مه‌ش نه‌فه‌سی كاركردنمان بوه‌ له‌ ڕابردو و ئیستاو داهاتوشدا، به‌شێوه‌یه‌ك به‌ بێ جیاوازی و له‌ چوارچێوه‌ی ڕێنماییه‌كاندا سه‌رجه‌م وانه‌بێژانی سودمه‌ند بگه‌ن به‌ مافی ئاسایی و یاسایی خۆیان كه‌ ئه‌ویش ده‌رچونی فه‌رمانی به‌ گرێبه‌ست بونیانه‌".

لیژنەكە‌ له‌لایه‌ن د. توانا نوه‌جف محه‌مه‌دخان به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی كارگێری و دارایی له‌ دیوانی وه‌زاره‌ت سه‌رۆكایه‌تی ده‌كرێت به‌ ئه‌ندامییه‌تی هه‌ریه‌ك له‌ به‌ڕێوه‌به‌رانی تایبه‌تمه‌ندی وه‌زاره‌ت،‌ به‌مه‌به‌ستی جێبه‌جێكردنی ناوه‌ڕۆكی فه‌رمانه‌كه‌ ئه‌مڕۆ لیژنه‌كه‌ یه‌كه‌مین كۆبونه‌وه‌ی خۆی ده‌ستپێكرد.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×