ئیلهام ئەحمەد: ئێمە بۆ چارەسەر گفتوگۆ دەکەین
  2024-10-23       680       

ئیلهام ئەحمەد ڕایگەیاند، تادێت شەڕ و ململانێکانی ناوچەکە فراوانتر دەبن، بەڵام پێویستە لەسەرەتادا لە سووریا هەموو هێزەکان بۆ چارەسەریی گفتوگۆ بکەن و دەشڵێت: ئەوانیش وەک ئیدارەی خۆبەرێوەبەریی لەناو دانووستاندان و لەسەر بابەتی ” ئێمە چۆن خۆبەریوەبەری بکەینە نموونەی چارەسەری” گفتوگۆ دەکەن.

ئاوێنە: ئیلهام ئەحمەد، هاوسەرۆکی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئیدارەی خۆبەرێوەبەریی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، سەبارەت بە شەڕ و ململانێکانی ناوچەکە و کاریگەرییەکانی و چەندین بابەتی دیکەی ڕۆژ بۆ ئاژانسی ANHA قسەی کرد.

ئیلهام ئەحمەد ڕایگەیاند، شەڕی ناوچەکە تەنیا لە ئیسرائیل-حەماس-حزبوڵا سنووردار نابێت و فراوانتر دەبێت، لەگەڵ ئەم شەڕەدا گۆڕانکاریی گەورە ڕوودەدات و کاریگەریی لەسەر سووریا و باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا دەبێت، بۆیە پێویستە سووریا خۆی لە پرۆسەیەکی نوێدا ببینێتەوە و بەرەو گۆڕانکاری هەنگاو بنێت، ڕێککەوتنێکی گشتیی بۆ خەڵکی سووریا درووست بکات.

ئیلهام ئەحمەد سەبارەت بە سیستەمی جیهانیی و قەیرانی ئێستا وتی: لەم کاتەدا هەموو لایەک چاوەڕێی هەڵبژاردنەکانی ئەمریکان، دواتر ھەموو لایەنەکان بەردەوام دەبن لە جێبەجێ کردنی پلانەکانیان، ئەوە زۆر ڕوونە، ئەمریکا بە ئاشکرا لەلای ئیسرائیلە و هەموو هەوڵەکانی خۆی بۆ پاراستنی ئەوە، پلانێکی ورد لەسەر ئەم لایەنانە هەیە کە ئێران، حزبوڵا، حەماس، حوسییەکان و لایەنەکانی دیکەی پەیوەندیدار بە ئێرانەوە دەکەن بە ئامانج.

ئیلهام ئەحمەد ڕاشیگەیاند، کە پاراستن و دانپێدانانی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا لەم قەیرانەدا زۆر گرنگە، ناوچەی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریی بەشێکە لە سووریا، لە چوارچێوەی سووریایەکی دیموکراسییدا، هەموو گەلان و پێکهاتەکانی ناوخۆی سووریا مافیان هەیە، هەر لەبەر ئەو هۆکارەش ​​پاراستنی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریی و زامنکردنی داهاتووی، گەرەنتی بنیاتنانی سووریایەکی نوێیە، بۆ ئەوەش هەمیشە هەوڵدان بۆ ڕێککەوتن لەگەڵ لایەنەکانی دیکەدا دەبێت.

لە کۆتایشدا وتی: لە دۆخێکی وەها ئاڵۆزدا لە ناو گفتوگۆدان بۆ پاراستنی سەقامگیریی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، هەروەها بۆ ئەوەی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریی بکەین بە نموونەیەک لە سووریا، پێویستە گۆڕانکاریی لەناو خۆماندا بکەین لە ئێستادا بابەتی گفتوگۆمانن لەگەڵ ئەو لایەنانەی کە دانوستان و ڕێککەوتن و هاوپەیمانیکردن لە نێوانماندا ڕوودەدات.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×