(دوایین خەونی سوھەیلا) لەئەوروپا بڵاوکرایەوە
  2024-10-23       637       

ڕۆمانی(دوایین خەونی سوھەیلا) کە لەلایەن چیرۆکنووس (ھێمن مەحموود)ەوە نووسراوە، لەئێستادا لەلایەن وەشانخانەی ٤٩ کتێب بڵاوکراوەتەوە و لە تەواوی وڵاتانی ئەوروپا بەگشتی و بەتایبەت لە سوید بەردەستە.
(دوایین خەونی سوھەیلا) چیرۆکی کوڕ و کچێکی عاشقە کە بەھۆی ڕووداوە سیاسییەکانی دوای ساڵی ٢٠١١ی کوردستانەوە کوڕەکە ئاوارەی وڵاتانی ئەوروپا دەبێت و دوای ساڵانێک چەندین ڕووداوی چاوەڕواننەکراو بەسەر کچ و کوڕەکەدا دێن، چیرۆکی خۆشەویستی و خۆپیشاندان و کودەتا و غوربەت و تەنیاییە.
(دوایین خەونی سوھەیلا) چیرۆکی نەھامەتییەکانی نەوەی گەنجی ئەم وڵاتەیە کە بەھۆی سیاسەت و جەنگ و ئاوارەییەوە ژیانیان لێبووەتە دۆزەخ، ھاوکات ڕۆمانەکە بەزمانێکی تاڕادەیەک ئەدەبی و شیعرییانە نووسراوە و گێڕانەوەی جیاواز جیاواز لەخۆدەگرێت.
چاپی یەکەمی ڕۆمانەکە لە باشووری کوردستان بەتیراژێکی کەم بڵاوبووەتەوە و بڕیارە لە ئایندەدا چاپبکرێتەوە.
(ھێمن مەحموود) نووسەر و چیرۆکنووسێکی خەڵکی شاری دەربەندیخانی باشووری کوردستانە، خاوەنی چەند کتێبێکی دیکەیە و لە ئێستادا بەکاری ڕۆژنامەوانییەوە سەرقاڵە.

© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×