ئهمڕۆ پێنج ساڵ بهسهر كۆچی دوایی محمد عومەر عوسمان ناسراو بە "ژەنەڕاڵی پایز"دا تێدهپهڕێت، ئهو لەساڵی 1957 لەشاری سلێمانی لەدایکبووە، لە 22ی تشرینی یەکەمی 2019 کۆچی دوایی کردو لەگۆڕستانی سەیوان لەشاری سلێمانی بەخاکسپێردراوە.
بەرزان هەستیاری شاعیر لهساڵیادی كۆچی دوایی ژەنەڕاڵی پایزدا دهنوسێت:
لەژوورەکەی ژەنەڕاڵدا، "گۆیژە" چووە سەر گردۆڵکەیەکو پەلکەزێڕینەی حەسرەتێکی خستە ملو گەردنی خۆی، ڕەشەبا بزێوەکەی "سلێمانی"ش لەچاوتروکاندنێکدا گردۆڵکەکەی لەژێر پێی لاداو "گۆیژە" کەوتە قرخە قرخو ژەنەراڵیش بەدیاریەوە مەستانە تاری دەژەندو دەگریا.. تاری دەژەندو قاقا پێدەکەنی.
لەژورەکەی ژەنەراڵدا .."گۆیژە" لەسەر کورسییەکی تەختە دانیشتووەو شێتانە تەمبور دەژەنێت، ژەنەراڵیش بەدەم شپرزەییەکی مۆرەوە تەنافی نائومێدییەکی بێئۆقرە لەملی خۆی دەئاڵێنێتو گۆی زەوی دەخاتە ژێر پێی، چاوەکانی دادەخاتو ژیان بەهەموو دڵڕەقیی خۆیەوە شەقێک لەگۆی تۆزاویی زەوییەکە هەڵدەدات، شیعر بەهەناسەسوارییەوە لەشەقەی باڵ دەداتو ژەنەراڵیش دەست دەکات بەپڕمەی پێکەنین، ژەنەراڵ دەداتە قاقای مردن، ژەنەڕاڵە شێتەکەی من دەداتە قاقای فەنابوونننننن.