ھاونیشتمانییە  بێ نیشتمانەکان
  2024-10-14       600       

شیعری: نزار قبانی
وەرگێڕانی: پشکۆ ناکام

 

وەک چۆلەکە ڕاونراوی نەخشەی  ڕۆژگارین
لەسەفەراین بێ ھیچ بەڵگەی سەفەر کردن
     و
مردووین بێ کفن
ئێمە قەحبەی سەردەمین
ھەر دەسەڵاتدارێک ئەمانفرۆشێ
     و
بەھاکەی  وەرئەگرێ
ئێمە کەنیزەکی کۆشکین
کە ژوورێکەوە ئەمانێرن بۆ ژوورێکی   تر
لە باوەشێکەوە بۆ باوەشێکی تر دیکە
لە موڵکدارێکەوە بۆ ئەوی دیکە
     و
لە بتێکەوە بۆ بتێکی تر
ھەموو شەوێ وەک سەگ ڕائەکەین
بۆ خەڵکێک ئەگەڕێین وەرمانگرێ
بۆ پەردەیەک ئەگەڕێین دامانپۆشێ
     و
عەوداڵی نیشتەجێیەکین
     و
مناڵەکانمان بە چواردەورمانەوەن
پیر  و قەموور" کوڕ "  بوون
لە فەرھەنگە کۆنەکانا
بۆ بەھەشتێکی دڵفڕێن ئەگەڕێن
بە دوای درۆیەکی گەورەوەن
زۆر گەورە
پێ ی ئەڵێن: نیشتمان

ئێمە ھاونیشتمانی کۆشکی" گریان "ین
پەڕەکانمان سەیرە
بیرکردنەوەمان سەیرە
ناوەکانمان لە ناو ناچن
نە ئەوانەی نەوت ئەخۆنەوە ئەمانناسن
نە ئەوانەی فرمێسک و نەھامەتی ئەخۆنەوە
زیندانی ناو" دەق "ێکین
دەسەڵاتداران نووسیویانەتەوە
زیندانی " ئایین"ێکین
مەلاکان دایانڕشتۆتەوە
زیندانی خەفەتین
     و
ئای کە لە خەفەتا کەس لێمان ناباتەوە

چاودێری ئەکرێین
لە چاخانە و لە ماڵەوە
لە ناو ڕەحمی دایکەکانیشەوە
     و
لە ھەر لایەکەوە
سیخووڕێک لە چاوەڕوانیمانایە
چایەکەمان ئەخواتەوە
لە ناو جێگەکامانا  ئەنوێ
پۆستەکانمان ئەیا بەسەر یەکا
ئەچێتە ناو لاپەڕە و دەفتەرەکانمانەوە
ئەچێتە ناو لووتمانەوە
     و
لەگەڵ "کۆکە"مانا  یەتە دەرەوە

زمانمان بڕاوە
سەرمان بڕاوە
گەر پەنا بەرین بۆ ئاسمان
ئەڵێن: قەدەغەیە
گەر دوعامان کرد پێغەمەر ئاگای لێمان بێ
"ڤیزە"یەکی بێ گەڕانەوەمان ئەیەنێ
گەر داوای قەڵەمێک بکەین تا پێش لە سێدارەیانمان
دوا وەسیەت یان دوا شیعر بنووسینەوە
باسەکانمان پێ ئەگۆڕن

نیشتمانە ھەڵواسراوەکەم بەسەر دیواری ڕق و کینا
تۆپە ئاگراوییەکەی ڕوو لە نەمان ئەکەی
ھیچ کەسێ : لە خێڵی ئەم یان ئەو
بوتڵێک خوێن
یان "میز"ە  بە حورمەتەکەی
نەبەخشیوە بە تۆی غەرق بووی خوێن
ھیچ کەسیان 
بە پانتایی ئەم عەبا ڕاکێشراوە
ڕۆژێ لە ڕۆژان
پاڵتۆیەک یان کڵاوێکی پێت نەبەخشیوە
ئەی ووڵاتی وەک ھێلانەی پایز تێک شکاو
لە شوێنی خۆمان
وەک درەخت ووشک ھەڵگەڕاوین
لە ئاوات و یادگارێکمان دوور خراوینەتەوە
چاومان  لە دەنگیمان ئەترسێ 
دەسەڵاتدارەکان خودایەکن
خوێنی"شین" بە لەشیانا ئەگەڕێ
     و
ئێمەش بووین بە وەچەی کەنیزەیەک

نە کوێخای شاخاوییەکان، نە دانیشتووی بیابانەکان، نامانناسن
کەس میواناریمان ناکا
کە ستەمکارێک ئەڕوا 
ستەمکارێکی تر وەرمان ئەگرێ
کۆچەری بەندەرەکانی" ماندوو" بوونین
کەس ئێمەی ناوێ
نە مەلائیکەت...نە شەیتان
لەم دەریا بۆ ئەو دەریا
کەس نامانخوێنێتەوە
لە پاپۆڕی خەفەتەکانا سەفەر  ئەکەین
سەرکردە : بەکرێ گیراو
پیرەکەمان : چەتە
وەک مشک خزێنراوینەتە قەفەسەوە
ھیچ بەندەرێ..ھیچ مەیخانەیەک وەرمان ناگرێ
ھەموو پاسەپۆرتەکانمان
شەیتان دەریکردوە
ھیچ نووسینێکمان
نەچۆتە دڵی سولگانەوە
لەسەفەراین
لە دەرەوەی بازنەی کات و شوێنا
خەڵکانێکین کە :
دەغیلە و کەل و پەلەکانمان وون کردوە
مناڵەکانمان وون کردوە
ناوی خۆمانمان وون کردوە
" ئینتما"مان  وون کردوە
ھەستکردن بە "ئەمان"مان وونکردوە
نە ئەمبەر...نە ئەوبەر
نە وەچەی ئەم....نە وەچەی ئەو
نامانناسن
نیشتمانم..:
ھەر چۆلەکەیەک ماڵێکی ھەیە
تەنھا ئەو چۆلەکانە نەبێ
کە "ئازادی" ئەکەن بە پیشە
ئەوان :  لە دەرەوەی ووڵاتەکانیان ئەمرن


( بۆ زیاتر مانا بەخشین دەستکاری چەن ووشەیە  کراوە لە کاتی وەرگێڕانەکەی بۆ ھێشتنەوەی ڕیتمی نێوان دێڕەکان و مانا شیعرییەکانیان..)
 

© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×