گۆڤار ئاڵتون
بەشێکی ئەم نوسینەم لە تورکییەوە وەرگێڕاوە
گولتەن کشاناک کە هاوژووری ساکینە جانسز بوو لە زیندانی ئامەد لە بارەی ساکینەوە دەڵێت: وەختێک لە زیندان سنگ و مەمکی ساکینەیان بڕی، ئەو ژنە تەنانەت یەک ئاخیشی نەکرد. کشاناک دەگێڕێتەوە من کاتێک بینیم مەمکی ساکینەیان بڕی لە قەهرو توڕەییا بەجارێک ڕوومەت و دەمولێوم ڕەشهەڵگەڕا زمانم لە گۆ کەوت. کەچی ساکینە وەکو کێوێک لە ئیرادە بە دەنگی بەرز کەوتە سەرزەنشت و تەسەلی من و دەیوت: ئەمە سەرەتای ڕێگاکەیە ئێمە ژنی دیموکرات قەرارمانە بە ڕوومەت و سەربڵندییەوە تاکۆتای ڕێگاکە بڕۆین نەک لە دەستپێکا تەسلیم ببین.
کشاناک بە ئاماژەکردن بە برینەکانی سەر سنگی ساکینە باس لە سەحنەیەکی دیکەی ناو زیندانی دیاربەکر دەکات و دەڵێت: ئێوارەیەک کاتێ فەرماندە نەعلەتییەکە "ئەسات ئۆکتای" بە کێبڵێکەوە هاتە ژوورەوە بۆ ئەوەی تەعزیبمان بدات، ساکینە خەوتبوو. من بەر لە فەرماندەکە دەستمکردەوە، وەکو شێت پەلامارمداو دەموچاویم ڕنی، تفم لە ڕوخساری کرد یەخە و ڕوتبەکانی لا شانیم دادڕی. ئەسات ئۆکتای هەستی بە سوکایەتییەکی گەورەکرد، بە پەلە چووە دەرەوە و ٣ عەسکەری دیکەی لەگەڵ خۆیدا هێنایە ژووری زیندانەکە.
چوار پیاوی سەخیف بە دارو کێبڵ کەوتنە گیانی من، یەکەم دار لێیاندام سێ پەنجەی دەستم شکا بۆیە توانای بەرگریم نەما و کەوتم بە عەرزا، ساکینە لەو کاتەیا پشت و شانی دایەبەر شەلاقەکانی ئەوان و بە سنگە پڕ لە ئازارو برینەکەی باوەشی بە مندا کرد تاکو بمپارێزێت!!
ساڵی ٢٠١٣ بەڕێز ئۆجەلان لە ئیمڕاڵی لە دیدارێکدا هەنێک ئامۆژگاری سیاسی پەروین بوڵدان دەکات و نمونەی ساکینەی وەبیر دەهێنێتەوە. ئۆجەلان دەڵێت: ژن دەتوانێت کێشەکانی ئەمڕۆی مرۆڤایەتی چارەسەر بکات بەڵام ئەمە بە ژنی کلاسیک ناکرێت، بۆ ئەوەی باشتر تێبگەن بڕواننە فکرو خەباتی ساکینە! ساکینە بە تەنیا خۆی نمونەی خەباتێکی باڵایە، دنیابینی ساکینە بەسە بۆ ئەوەی ببێتە بیانوی سەرهەڵدانی شۆڕشێکی کۆمەڵایەتی سیاسی مەزن لە هەر شوێنێک کە تیایدا زوڵم و چەوسانەوەی ژن ئامادەیی هەبوو. چونکە ئەو ژنێکی بێوێنەبوو ڕۆشنبیرو چاوکراوە، سیاسییەکی ئازاو سەرسوڕهێنەر بوو.
"لە تورکیا ڕۆژانە ژنێک یان زیاتر دەکوژرێت"
شاری دێرسیم ڕێژەی توندوتیژی دژی ژنان تیایدا سفرە. دانیشتوانی دێرسیم بە تایبەتی ژنەکانیان لە ڕیزبەندی پێشەوەی خوێنەوارترین شارن لەسەر ئاستی باکورو تورکیا، بۆ ئەوەی لەم تایبەتمەندی و جیاوازییە سەیرەی دێرسیم تێبگەت پێویست ناکات دووسێ ماستەرو دکتۆرات هەبێت لە زانکۆ گاڵتەجاڕییەکانی تورکیادا، بەڵکو پێویستە "هەڤاڵ سارا" ساکینە جانسز بناسیت، پێویستە لە ماندوبوون و خەباتی ئەو ژنە تێبگەیت کە چۆن لەگەڵ خۆیدا فەرهەنگ و ڕۆشنبیری شارێک لە قۆناغێکی باشەوە دەباتە قۆناغێکی باشتر.