کاسە وا لەژێر پڵووچەوە و شەککەر وا لەژێر پێکەنینەوە
  2024-09-13       372       

هێمن عەبدولقادر

..............................

زۆرجار ئەو ژن و مێردانە دەبینم کە کێشەیان هەیە ، هەمیشە باسی ئەوەکەن کە بۆ یەک چرکەش خۆشیان لەیەکتری نەدیوە ، مرۆڤ لە بیرهێنانەوەی خراپەی ئەوانی تردا توانایەکی سەرنج ڕاکێشی هەیە ، بە ئاستەم چاکەکانی بیر دێتەوە ،ئەم خووە خراپە لە مرۆڤدا خۆکردە؟ ، یان خودا کرد نازانین ، کەچی دەتوانێت کۆمێنتێک ، دەنگبەرزکردنەوەیەک ، قسەیەک ، خراپەیەک لە قوڵترین شوێنی یادەوەری خۆیدا بهێڵێتەوە و دەیان پاسۆرد و ووشەتێپەڕی بۆدانێت ، تا لە کاتی پێویتسدا وەک ئارگۆمێنتی خەجالەتی لە دژی بەرامبەرەکەی بەکاری بهێنێت ، کەچی هەر ئەم مرۆڤە بە ئاستەم بیری دێتەوە ، نامەی عاشقانە ، گوڵی نیلوفەر ، کارتی شەکراو ، نیگای چاو ، تەپاوتلی شەوانە ، سنگە کوتێ ، سەر ڕێگرتن .

تەنها کەمێک چاوتان بنوقێنن لە هەڵەی کەسێک ، دەبینن لەودیو دڕکەوە مێرگێکیش هەیە ، لەودیو تاریکیەکانیەوە ، روناکیەکی زۆریش هەیە .

..........................

(کاسە وا لەژێر پڵووچەوە)

خواردنێکی گەرم و گەورە لە دەفڕێکی قوڵدا وا لەژێر شتی بچووکەوە ، ئەگەر ئەم بچووکانە نەبێت با کاسە نەخشەکەی جوان بێت ، با گرانبەهاشبێت ، با پڕ بێت لە خواردنی بەتام ، رێگای گەیشتنی خوادرن پڵووچە و کەوگیر و کەوچکە ، هیچ کەوچکێک نانسوێت بە قاپەکەیەوە ، پێکەوە ڕاوەستن بەڵام مەنوسێن بەیەکەوە ، پایە یەکتری ڕادەگرێت ، بەڵام نانوسێن بەیەکەوە ، چونکە یەکتری دەخۆن ، هەر مرۆڤێک بیەوێت وەک پایە بەوانی ترەوە بنووسێت توشی داخوران دەبێت

ئەو باڵندەیەی ئازادە و دەفڕێ لەژێر تیشکی خۆردا ، ڕەنگەکانی ژێرباڵی دەبینین ، نمایش و فڕینەکانی نیشتنەوە و رۆیشتنەکانی ، ئەوانەشی لە قەفەسدا بەندیان دەکەین تەنها گوێمان لە ئازار و هاوارکردنەکانیان دەبێت .

هاوسەرەکان یەکتری دەگرن بۆ ئەمە بێئاگایانە ناویان ناوە (کەژاوەی زێڕین) (قەفەسی زێرین) بەڵام لە قەفەسدا مرۆڤ وەک باڵندەیەک وایە ناتوانێت بفڕێت ، کەژاوە بۆ پاراستنی مەوکیبەی سەرۆکەکانە ، واتە مەترسیەک لە رێگادایە ، بە هەمووان دەڵێیت ئەوە کەژاوەکەی منە ، پڕە لە زێڕ و ماڵ و تەختی بەرز و خەڵکی ناودار ، وەلێ دەوەری کەژاوەکە بە سەدان پاسەوان تەنراوە ، قەفەسەکە بە دەیان تەلی وورد چێنراوە.

(اگر صد سال گبر آتش فروزد

چو یک دم اندر او افتد، بسوزد)

ئاگر پەرست سەد ساڵ ئاگر بپەرستێ ناچێتە ناویەوە چونکە دەزانێت دەسوتێت ، ئەو تەنها ئیلهام لەگەرمی و ڕوناکیەکەی وەر دەگرێت ، هاوسەرگیری نابێت بجێتە ناو شتی ووردەوە ، تەنها دەبێت سروش و ئیلهام لە گەرمی و ئارامی و ڕوناکیەکەی وەرگرێت ، وەگەرنا پڕە لە ئازار و سوتان و زامەت و دەردی سەر

............................

لە زانستی سەربازیدا دەڵێن ئەگەر رێگایەک ئارام بوو واتا لە پێشتر بۆسەیەکی گەورە هەیە ، ئەگەر وا بیر دەکەیتەوە رێگاکە ئارامە ، واتا لە پڕ شتێکی گەورە لە ژیانتدا ڕودەدەن ، لێگەڕێن با تەقوتۆق و شەڕی وورد هەبێت ، هەر ئەم شەڕو شۆڕانە هۆکاری ئارامی رێگاکەیە ، هۆکاری ڕونەدانی بۆسەگەورەکەیە

جاران کە مردوو دەبرا بۆ سەرقەبران زەنگۆڵەیەکیان ئەبەست بە پشتی تابووتەکەوە ، بۆئەوەی لە کاتی هەڵبەزو چاڵوچۆڵی خەڵکی سەرنجیان لەسەر دار مەیتەکە لانەچێت و بیریشیان بێتەوە کە ئەمە رێگای هەمووانە ، بۆیە ئەوەی بە پیری منداڵی ببوایە پێیان ئەگووت (زەنگۆڵەی پاشی تابووت) واتە ئاگاداری کۆتایی ڕێگاکە بن تا ئەم مندالە پێئەگات تۆ ئەخرێیتە ناو تابووتەکە، کۆتایی ڕێگاکە لە نیوان دوو مرۆڤدا زۆر سەخت و تاریکترە لە گۆڕ ، بۆیە تا ئەم چەند کێشەیە چارەسەر ئەکەن ، ئەگەنە کۆتایی ڕێگاکە.

نوقتە سەری دێڕ ....

ــــــــــــ

(پێکەنی مەمنونی کردم، زوڵفەکەی دامێ بە دڵ

دا نەڵێن شەککەر فرۆشی ئێمە خۆش سەودا نیە)

سەودا و مامەڵە ، بە شیرینی فرۆشتن نییە بە تێگەیشتن و پێکەنین و دڵنشینییە

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×