گفتوگۆیەکی کورتی ئۆجەلان‌و دەمیرتاش، ئۆجەلان چۆن باسی یڵماز گیونەی دەکات؟
  2024-09-02       2576       
پەروین بولدان - سەلاحەدین دەمیرتاش - عەبدوڵا ئۆجەلان

ئا: گۆڤار ئاڵتون

 

شوێن/ دورگەی ئیمڕاڵی.

بەروار/ ١٥ی ئەیلولی ٢٠١٣

ئۆجەلان- پێشوتر پێکەوە باسی هونەرمان کرد، قسەکانت زۆر سەرنجیان ڕاکێشام. تۆ لە بابە ئیسحاقەوە دەستت پێکرد. زۆر بەوردی باستکرد کە چۆن کلتوری هەردوو نەتەوەی کورد و عەرەب لە سێگۆشەی حەلەب و ئورفە و عەنتاب دا تێکەڵ بەیەک دەبن. وتت پڕۆژەی نوسینی رۆمانێکیشت هەیە لەسەر ئەم بابەتە و پێداگیری و بەرخۆدانی بابە ئیسحاق؟

دەمیرتاش- بەڵێ بەڕێزم.

ئۆجەلان- بێگومان ڕۆمانێکی سەرنجڕاکێش دەبێت. دەشکرێت بیکەیت بە پرۆژەیەکی سینەمایی تاکو پەیامەکان سنوری زیاتر ببڕن، ئەگەر بیرت لەوە کردەوە وەکو فیلم کاری لەسەر بکەیت ئاگادارم بکەوە، پێکەوە لەسەر ئەم بابەتە گفتوگۆی زیاتر دەکەین و زۆر هاوکاریت دەکەم، ئەوکات دەتوانیت کێبڕکێی هۆلیوود بکەیت، دەتوانیت متمانەی وەرگرتنی خەڵاتی ئۆسکار بەدەستبهێنیت.

دەمیرتاش- زۆر سوپاس سەرۆکم، متمانەی ئێوە لە هەموو خەڵاتێک بەنرخترە.

ئۆجەلان- سەیرکەن، بەردەوام بە یڵماز گیونەیم دەوت: ئیحتمالی زۆرە ئیبراهیم تاتڵیسێس ببێتە کوتکەسەگی پارەو دەسەڵات. ئەویش دەیوت: ئیبراهیم پڕۆژەی دەسەڵاتە بۆ سوککردنی بەها ڕیشەییەکانی هونەری ئێمە.

لە دواین دیداردا یڵماز گیونەی ئەوەشی پیگوتم وا خەریکن هونەرمەندی ساختە دروستبکەن بۆ ئەوەی بە حیسابی خۆیان مەیدانی هونەر بە من چۆڵبکەن بەڵام بە شاهیدی خۆیان قارەمانی ئەم مەیدانە منم. بێگومان من ڕێگە بەوە نادەم هونەری ساختە بگاتە ئاستی هونەری باڵای ئێمە. بەداخەوە یڵماز گیونەی جوانەمەرگ بوو، هەر بە گەنجی بە ووزەیەکی سەرنجڕاکێشەوە ژیانئاوای کرد.

بەڕێز دەمیرتاش ئێوەش دەتوانن بە کارو بەرهەمەکانتان ڕێگری لە هەر هەوڵێکی نەخوازراو بکەن، بەڵام ها لەبیرت بێت سیاسەت بۆ تۆ مەرجی سەرەکییە، تۆ نابێت مەیدانی سیاسەت چۆڵ بکەیت.

دەمیرتاش- هەرگیز ئەو مەیدانە چۆڵ ناکەم کە بەرپرسیارێتییەکەیم لە گەل وەرگرتووە.

ئۆجەلان_ تۆ سیاسییەکی ڕۆشنبیر و کاریگەریت، لەگەڵ ئەوەشدا مەیل و دۆستایەتیت هەیە بۆ ئەدەب و هونەر. بەڵام یڵماز گیونەی هونەرمەندێکی ڕۆشنبیر و سیاسی بوو، ئەو هەر لە ژیانی ڕۆژانەیدا ئاکتی دەکرد، لەگەڵ ئەوەشدا مەیلی سیاسەتی هەبوو. بەردەوام پێم دەوت تۆ لە مەیدانەکەی خۆتدا بمێنەوە، دەبێت بە چەکی هونەریی خۆت ئەو نەیارانەت خەفە بکەی کە هەوڵی پەلاماردانی هونەری باڵا دەدەن. پێمدەوت یڵماز دڵنیابە تەنیا 1 ڕۆژ مەیدانە هونەرییەکە چۆڵ بکەیت پڕدەبێت لە چەقەڵ و چەپەڵی وەکو ئیبراهیم تاتڵیسێس.

دەمیرتاش- من هەوڵ دەدەم لە شێوازی ژیانی پراکتیکی بەڕێزتان و یڵماز گیونەی فێرببم.

لاپەڕەیەک لە کتێبی "دەستنوسەکانی ئیمڕاڵی".

هیوادارم ڕۆژێک دەرفەتی چاپکردنیم بۆ بڕەخسێت.

 

© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×