ناوەندی كوردستانی زانكۆی سلێمانی نزیكەی پێنج هەزار لاپەڕە بەڵگەنامەی تایبەت بە بەمێژوی نوێی كورد لە ئەرشیفی نیشتمانی عێراقەوە دەگەڕێنێتەوە بۆ ئەرشیفی خۆی بەمەبەستی پێڕستكردن و هەڵگرتن و ئامادەكردنیان بۆ بەردەستی توێژەران.
ئاوێنە: ناوەندی کوردستان بۆ دۆکیۆمێنت و لێکۆڵینەوەی ئەکادیمی، ئەمڕۆ سێشەممە، لەڕاگەیەندراوێكدا كە وێنەیەكی دەست ئاوێنە كەوتوە رایگەیاند"بەڵگەنامەكان كە بەشێوەی دیجیتاڵین تایبەتن بە مێژوی سیاسی و كارگێڕیی شارەكانی سلێمانی، هەولێر، كەركوك، هەڵەبجە، خانەقین و شەنگال و مێژویان دەگەڕێتەوە بۆ سەرەتای ساڵانی 1900 تا ساڵانی پەنجاكان كە هاوكاتە لەگەڵ دامەزراندن و چەسپاندنی پایەكانی دەوڵەتی عێراق لەسەر نەخشەی ئێستا."
بەپێی راگەیەندراوەكە، ئەم بەڵگەنامانە تا ئێستا بەشێوەی كاغەزیی لە ئەرشیفی نیشتمانی عێراقدا لەشاری بەغدا هەڵگیراون كە مێژوی دامەزراندنەكەی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 1920 و بەئەستەم ڕێگەدەدرێت بە گواستنەوەو كۆپیكردنیان لەبەر هەستیاری دۆسییەكانیان و ڕێوشوێن و بەندوباوەكانی وەرگرتنی بەڵگەنامەكان.
وتوشیەتی"بەڵام لە سەرەتای ئەم هەفتەیەدا 'ناوەندی كوردستان بۆ دۆكیۆمێنت و لێكۆڵینەوەی ئەكادیمی' توانی وێنەیەكی دیجیتاڵی دەوروبەری پێنج هەزار لەو بەڵگەنامانە لە ئەرشیفخانەكانی بەغداو شاری نەجەفەوە بگێڕێتەوە بۆ سلێمانی و كاركردنیش بەردەوامە بۆ گێڕانەوەی هەزاران لاپەڕەیتر لەو ئەرشیفە گرنگ و دانسقەیەی كە بەشێكی گرنگە لە یادەوەریی تۆماركراوی شارو شارۆچكەكانی كوردستان."
ناوەندی كوردستان رایگەیاندوە كە پاش گەشتنەوەی ئەو بەڵگەنامانە توێژەرانی ناوەندەكە لەهەوڵی پێڕستكردن و جیاكردنەوەو ئەرشیفكردنیاندا دەبن لە ناو پرۆگرامی تایبەت بۆ ئەوەی بتوانرێت لە داهاتویەكی نزیكدا وەك سەرچاوەیەكی دانسقە بخرێنە بەردەستی توێژەران و لێكۆڵەرانی مێژوی نوێ و هاوچەرخی كوردستان.
هێمای بۆ ئەوەش كردوە كە بەڵگەنامەكان بریتین لە نەخشە، ڕاپۆرتی ئیداری، یاداشت و سكاڵاو داواكاریی هاوڵاتیانی كورد، بروسكەی دەزگا فەرمییەكان، پۆستەو نامە گۆڕینەوەی نێوان دەزگاكانی عێراق و ئێران دەربارەی سنورو كێشە سنورییەكان و هەندێ بڕیارو ڕێوشوێنی قەزایی دەربارەی خەڵكانی داواكراو، ئەمە جگە لەچەندین بەڵگەو تۆماریتر كە تیشك دەخەنە سەر ئەڵقە ونەكانی مێژوی كورد لە عێراق.
ناوەندی كوردستان ناوەندێکی بەڵگەنامەیی- دیکۆمێنتکردن و توێژینەوەی ئەکادیمی سەر بە زانكۆی سلێمانییە، كار دەكات لەبوارەكانی دیکۆمێنتکردن، دیکۆمێنتپارێزی، کۆکردنەوەی دیکۆمێنتی ناوخۆ و دەرەوە و ئەرشیفی رۆژنامەوانی کوردستان، دەستنوسەکانی کوردستان (کۆکردنەوە و پاراستن) لەگەڵ کۆکردنەوەی مێژوی زارەکی و ئەنجامدانی توێژینەوە لەم بوارانەو كۆمەڵێك چالاكیتری زانستیی.
ناوەندی كوردستان داوای لە هەمو لایەك ئەوەیە كە لە پێناو كۆكردنەوە و پاراستنی ئەرشیفێكی بەڵگەنامەیی و دەستنوس و مێژوی زارەكی و كەلەپوری نیشتیمان، ناوەند وەك ناوەندێكی زانستیی حكومیی نیشتیمانیی بە دەستێكی ئەمین و دڵسۆز بزانن بۆ ڕادەستكردنی وێنە، بەڵگەنامە، دەستنوس و فایلە دەنگی و رەنگییەكانیان بۆ ئەوەی لەناو پێشكەوتوترین سۆفتوێری تایبەتمەنددا (بە پاراستنی مافی خاوەندارێتیتانەوە) دیجیتاڵ بكرێت و بخرێتە بەر دەستی توێژەران.