ڕوونکردنەوەیەک لەبارەی کۆبەرهەمی ئەریک فرۆم
  2024-08-15       678       

ئەردەڵان عەبدوڵڵا

 

پێش دوو ساڵ هاوڕێیانی دەزگای ئایدیا پەیوەندییان پێوەکردم بۆئەوەی بەشداربم لە پڕۆسەی وەرگێڕانی کۆبەرهەمی فەیلەسوفی ناوداری جیهان « ئەریک فرۆم» راستییەکەی من زۆر خۆشحاڵ بووم کە کۆبەرهەمی فرۆم بکرێتە کوردی، چونکە بەلای منەوە یەکێکە لە مەزنترین فەیلەسوفی سەدەی بیستەم، رۆڵێکی ئێجگار بەرچاوی هەبووە لە دژایەتییکردنی جەنگ و توندوتیژیی، لەهەمانکاتیشدا بڵاوکردنەوەی فیکری ئینسانی و ژیاندۆستی. پێشمخۆشبوو کە دەزگای ئایدیای ئەم کارە دەکات، پێشتریش لە پڕۆژەی تردا لەگەڵیان بەشدار بووم، بۆ گۆڤارەکانیشیان وتار و لێکۆڵێنەوەم بۆ ناردوون، بەڵام ئەمجارەیان بەداخەوە زۆر نیگەرانیان کردم.

من بە دوو کتێب بەشدارییم لەو پڕۆژەیە کرد، یەکێکیان ״کرۆکی مرۆڤ״ کە بۆ جاری سێهەم چاپ دەکرایەوە، کتێبێکی تر لەسەر داوای خۆیان بوو کە ئەویش کتێبی ״خەونەکان و ئەفسانەکان و حکایەتەکان״ ئەم کتێبەش یەکێکە لە کتێبە جوان و زانستییەکانی فرۆم، پێشتر وەکو لێکۆڵینەوە بۆ خوێندکارانی پەیمانگە نووسیویەتی دواتر بڵاویکردۆتەوە، لەهەمانکاتیشدا دەتوانم بڵێم کتێبێکی قورس بوو، چونکە زیاتر دەچووە قاڵبی دەروونناسییەوە، هەروەها زیاتر شرۆڤە و رەخنەگرتن بوو لە تێزی فرۆید بۆ شرۆڤەکردنی خەون و حکایەت و ئەفسانەکان. سەرەتا دەقە عەرەبییەکەم دەستکەوت، دواتر توانیم دەقە ئەڵمانییەکەشم دەستبکەوێت و بەراوردێکی بکەم. نزیکەی4 مانگێک خەریکی وەرگێڕانی ئەم کتێبە بووم، لەراستییدا کات و هێز و توانایەکی زۆری لێبردم.

بەهەرحاڵ ماوەی چەند ساڵێکی پێچوو ئەم کتێبە هەر چاپ نەبوو، بەڵام لەماوەی پێشوودا کتێبەکە چاپ بوو، منیش وەکو هەموو کەسێکی تر لە سایت و رۆژنامەکان و میدیاکان بیستم و خوێندمەوە، کە کتێبەکە چاپ بووە، کە ئەمەش بۆ من، مایەی نیگەرانی بوو. هەرلەپاش بڵابوونەوەی کتێبەکەش، کۆمەڵێک دۆست و هاوڕێی نزیک پەیوەندییان پێوەکردم، سەرنج و تێبینی خۆیان لەبارەی کتێبەکەوە پێدام، بەتایبەتی لەبارەی قەبارەی گەورەی کتێبەکەوە، کە بۆ خوێنەر ناخۆشە خوێندنەوەی.

هەندێکیشیان داوای نوسخەی کتێبەکەیان لێدەکردم، لەکاتێکدا هێشتا خۆم نوسخەی کتێبەکەم بۆ نەهاتووە!. هەربۆیە پێم باشبوو لێرەدا لەبارەی ئەم کۆبەرهەمەوە ئەم روونکردنەوەیە بنووسم.

-1  وەکو ئەتەکێت و یاساش دەبێت پێشئەوەی هەر کتێبێکی چاپ بکرێت، دەزگای چاپ و بڵاوکردنەوەکە، خاوەنی کتێبەکە لە هەڵەبری و دیزاینی کتێبەکە و تەنانەت جۆری چاپەکەش ئاگادار بکرێتەوە، من بە هیچ شێوەیەک ئاگادار نەکراومەتەوە، هەرچەندە پێشتر وا بڕیاڕ بوو کە ئاگادارم بکەنەوە.

-2 سەرەتا من لەگەڵ دەزگای ئایدیا رێکەوتم، کەچی دوایی سەیردەکەم وەکو پڕۆژەی هاوبەشی دەزگای ئایدیا و جەمال عیرفان دەرچووە، منیش نە ئاگاداری ئەمەم و ناشزانم لەگەڵ دەزگای جەمال عیرفان چۆن و لەسەرچی رێکەوتوون؟ دیارە لەگەڵ رێزم بۆ دەزگای جەمال عیرفان، کە یەکێکە لە دەزگا زۆر باشەکانی هەرێمی کوردستان، بەڵام لەمەشدا هەر دەبوایە ئێمەش لە وردەکاریی و ناوەڕۆکی رێکەوتنەکە ئاگادار بکراینایەتەوە،چونکە پێشتر باسی پڕۆژەی هاوبەش نەکراوە، ئەگەر وابوایە، منیش خۆم کتێبەکەم دەبرد بۆ جەمال عیرفان تا ئەوان بۆم چاپ بکەن، ئیتر بۆچی دەیدەم بە ئێوە.

-3 وابڕیاربوو کە بۆ کاتی بڵاوکردنەوەی کۆبەرهەمەکە، ئێمە ئاگاداربین و مەراسیمێکی شایستەی بۆ ساز بکرێت و رێز و پاداشتی وەرگێڕانیش بدرێت، ئەمەش هەرنەکرا. تەنانەت من نوسخەشم لە کتێبەکە وەرنەگرتووە، ئەمەش ئاساییترین مافی وەرگێڕە، ئەمەشیان هەر پێ ڕەوا نەبینیوم.

هەربۆیە لەبەر ئەو هۆکارانەی کە لەسەرەوە باسمکردن، من ئەو دوو کتێبەم کە لەو کۆبەرهەمەدا هاتووە، بەهی خۆمی نازانم، چونکە ئاگاداری پڕۆسەی چاپکردن، هەڵەبڕی، دیزاین ناوەوەو دەرەوەی کتێبەکە نەبووم. لە داهاتووشدا هەردوو کتێبەکە، لە دەزگایەکی تر چاپ دەکەمەوە.

© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×