قایمقامی كەركوك دەستگیر كرا
  2019-09-22       1745       
وێنەی قەڵای كەركوك لە شەقامێكی سەرەكی شارەكەوە فۆتۆ: كەركوك ناو

فەلاح یایچی، قایمقامی كەركوك (بەوەكالەت) لەلایەن پۆلیسەوە دەستگیركرا، ئەوەش بە بڕیاری دادوەری دەستەی نەزاهەی كەركوك و لەسەر سكاڵای وەزارەتی رۆشنیبری عێراق.

ئاوێنە: فەلاح یایچی، نیوەڕۆی ئەمڕۆ یەكشەممە 22ی ئەیلول، لەگەڵ عەمید ئەنوەر، كە لێپرسراوێتی هەیە لەو هێزەی كە تایبەتە بە لابردنی زیادەڕۆیی، دەستگیركراون و لەئێستادا لە بنكەی پۆلیسی قۆرییە دەستبەسەرن.

سەرچاوەیەكی دادوەری، لە دادگای كەركوك، بە (كەركوك ناو)ی وت"دەستبەسەركردنیان بە بڕیاری دادوەری دەستەی نەزاهە بوەو لەسەر سكاڵای وەزارەتی رۆشنبیری عێراقە."

هەروەها سەرچاوەیەك لە قایمقامیەتی كەركوك، كە نەیویست ناوی بڵاوبكرێتەوە، جەختیكردەوە لە دەستبەسەركردنی ئەو دو لێپرسراوەی كەركوك لە بنكەی پۆلیسی قۆرییە و وتی "تائێستا ئازاد نەكراون."

دەستگیركردنە بەپێی سەرچاوەكەی دادگا، بەهۆی كەمتەرخەمیی ئەو دو لێپرسراوە بوە لە كارەكانیان، چونكە ئامادەنەبون رێگریی بكەن لە زیادەڕۆیی بۆ سەر موڵكێكی وەزارەتی رۆشنبیری لە گۆڕەپانی ئاهەنگەكان لە كەركوك.

بەپێی سەرچاوەكانی كەركوك ناو، ئەو زەوییە لەلایەن ژمارەیەك لە هاوڵاتیانەوە كراوە بە خانو و سەرەڕای بونی بڕیاری روخاندنی خانوەكان، بەڵام قایمقام و ئەو لێپرسراوەی پۆلیسی زیادەڕۆیی ئامادەنەبون بڕیارەكە جێبەجێبكەن.

 فەلاح یایچی كە هاوكات لێپرسراوی بشی زیادەڕۆییە، لە دوای روداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەری 2017ەوە لەجێی كامیل ساڵەیی و بەوەكالەت كراوەتە قایمقامی كەركوك.

سەرچاوەكەی دادگای كەركوك، وتیشی"دەستەی نەزاهە گومان دەكات هەریەكە لە فەلاح یایچی و عەمید ئەنوەر بەرتیلیان وەرگرتبێت بۆیە ئامادەنین بڕیاری لابردنی زیادەڕۆ بۆ سەر ئەو موڵكە جێبەجێبكەن"، بەڵام ئەوە هێشتا یەكلایی نەبۆتەوەو بۆ دادگا جێهێڵدراوە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×