ئەکتەرەکان...
  2024-07-21       878       

شیعر : نزار قبانی
وەرگێڕانی : پشکۆ ناکام


      (١)
کاتێ لە شارێکا
"فکر" ، وەک "سم"ی ئەسپ تەخت ئەکرێ
     و
وەک"سم"ی ئەسپ خڕ ئەکرێ
    و
ھەر گەمژەیەک بتوانێ
چەک ھەڵگرێ و ئینسان بکوژێ
کاتێ  ووڵاتێ  سەرتاپا
ببێ بە تەڵەی مشک و خەڵکی بەرکەوێ
    و
ڕۆژنامەکان ببن بە "پرس نامە" 
دیوارەکان داپۆشێ
....ھەموو شتێ ئەمرێ
.... ھەموو شتێ ئەمرێ
ئاو...سەوزەوات...دەنگ...ڕەنگەکان
درەخت لە ڕەگەوە کۆچ ئەکا
جێ بەجێ ھەڵدێ
     و
ئینسان کۆتایی دێ

     (٢)
کاتێ "ووشە" لە شارێکا
وەک "حەشیشە" قەدەغە ئەکرێ
     و
بیر کردنەوە، وەک :
سێکس کڕین ، دوو دەگێتی ، تلیاک
ئەبێ بە "تاوان" و یاسا ..!! ئەیگاتێ
کاتێ لە شارێکا 
خەڵک ئەبێ بە بۆقێکی  نابینا
نە سکاڵا ئەکەن ..نە ڕائەپەڕن
     و
نە گۆرانی ئەڵێن...نە ئەگرین
     و
نە ئەژین..نە ئەمرن
دارستان  و مناڵ  و گوڵ ئەسووتێن
بەر و بومەکان ئەسووتێن
     و
ئینسان لە ووڵاتی خۆیا
لە" کوللە" زەلیل تری لێ دەرئەچێ

     (٣)
کاتێ عەدالەت لە شارێکا
ئەبێ بە پاپۆڕێک و "چەتە" سواری بێ
     و
ئینسان لە جێ خەوی خۆیا
ترس و خەفەت دایئەگرێ
کاتێ فرمێسک لە شارێکا
گەورەتر بێ لە پێڵۆکان
...ھەموو شتێ  دائەڕوخێ
خۆر..ئەستێرە..شاخ..دۆڵەکان
ڕۆژ..شەو..دەریا..کەنارەکان
خودا...و...ئینسان

     (٤)
کاتێ "خودە" یەک:
وەک خودای ئاسمانی لێ دێ
چی بوێ بە" عەبدەکان" ئەکا
پانیان ئەکاتەوە..ئەیانھاڕێ
ئەیانکوژێ...ئەیانژێنێتەوە
کاتێ لە شارێکا
بیر کردنەوە جۆرێک ئەبێ لە "بێ ئەقڵی"
      و
لە شارێکا ، مێژوو ئەبێ بە فڵچە
     و
" فکر" بە پێڵاو
کاتێ شنەی ھەوا
بە مەرسومێکی سولگان دەرئەچێ
     و
ئەو نانەی ئەیخۆین
بە مەرسومێکی سولگان بۆمان دێ
     و
ئەو ئاوەی ئەیخۆینەوە 
بە مەرسومێکی سولگان ئەگاتە جێ
کاتێ میللەتێ سەرتاپا
ببێ بە " مێگەل" 
     و
لە ئاخوڕی سولگان بلەوەڕێ
کۆرپەکان  لە ڕەحمی دایکیانا  ئەخنکێن
     و
ژنە سک پڕەکان لەبار ئەبرێن
    و
خۆر وەک سێدارەیەکی ڕەش
....یەتە خوارێ

(٥)
کەی بار ئەکەن..؟
شانۆکە بەسەرتانا  کەوتە خوارێ
کەی بار ئەکەن..؟
خەڵکی ھۆڵەکە جوێن ئەیەن...تف ھەڵئەیەن
کەی بار ئەکەن..؟
نیشتمان بۆ ئێوە :
مریشکێ بوو ، لە ھێلکە بە نرخەکەی ئەخۆن
نیشتمان بۆ ئێوە :
"کراسەکەی عوسمان" بوو  بۆ بازرگانی کردن
لەسەر دەستی ئێوە :
سنوورەکانمان وەک "کاغەز"ی لێ ھات
بە ئاسانی ئەدڕێ
ھەزاران سوپاس
لەسەر دەستی ئێوە :
ووڵات بوە بە قەحبەیەک
ھەزاران سوپاس

    (٦)
...شەڕی یەکتر کوشتن تەواو
وەک ئەوەی ھیچ ڕووی نەیابێ
ڕووخسار  و چاوەکان وەک خۆیانن
دادگای ھەڵکوتانە سەر
     و
دادوەرەکان !! وەک خۆیانن
قەرەقۆز و سیخوڕەکان
سەر قاڵی کاری خۆیانن
    و
خەڵک لە بێ توانایی گریانا
....پێئەکەنن
     و
ئێمەش ڕازین
بە شەڕ ڕازین..  بە ئاشتی ڕازین
بە گەرما ڕازین..بە سەرما ڕازین
بە وەجاغ کوێری ڕازین..بە مناڵ بوون ڕازین
بە ھەموو ئەوانەی لە ناوچەوانمانا نووسراوە
....ڕازین
قایلین بە ڕازی بوون 
تەنھا  ئەتوانین  بڵێین :
انا للە و انا الیە راجعون

     (٦)
شانۆکە سووتا و داڕما
ئەکتەرەکان :
ھێشتا وان لە ژیانا
......................

(تێبینی : دەقە عەرەبییەکەی ئەم شیعرە درێژ ترە  لەوەی کراوە بە کوردی  ، بە چاکم زانی تەنھا ئەو کۆپلانە وەرگێڕم کە ڕاستەوخۆ مەبەست ئەپێکێ...)

© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×