نەوزاد بەندی
لێرە و لەوێ خەڵکێک پێناسەی ئەدەب دەکەن ..یەکێ دەڵێ ئاوێنەی بەردەم کۆمەڵگایە ..ئێ ئەگەر ئاوێنە بێ ،کەواتە هیچ پێویست بە نوسین و چاپ و خوێندنەوە و سەرئێشان ناکات ، ئاوێنەی گەورە گەورە دابنێن با کۆمەڵگا تەماشای خۆیان بکەن و بڕایەوە .. یان هەموو کەسێ لە ماڵەوە لە ئاوێنەیەک زیاتری هەیە ، ئیتر بۆچی ئەو هەموو ئاوێنە و کاتە بە نوسین و خوێندنەوە ئەکوژن و خەرج ئەکەن ؟
کەسانێک هەن زۆر لە خۆیان ئەکەن و ئەیانەوێ پێناسێکی تری ئەدەب بکەن ، ئەڵێن ئەدەب زمانێکی سیحراوییە ، مۆسیقا و ئاوازی تایبەت بە خۆی هەیە .. هەر ئەوەندە ؟ ئەڵێن بەڵێ .. ئێ ئەگەر مەسەلە مۆسیقا و ئاواز بێ ، چی زۆرە ئامێری مۆسیقا زۆرە ، چ پێویست بەوە ئەکا ئەو خەڵکە دانیشن ئاواز و مۆسیقا بە ووشە دروست بکەن ؟
کەسانێکی تر ئەڵێن ئەدەب داهێنانە ..کە ئەپرسی داهێنانی چی ؟ نازانن بڵێن داهێنانی چی یاخود ئەدەب چی داهێناوە .. هەروا ئەڵێن داهێنانە و بڕایەوە ..
هەیشە ئەڵێ ئەدەب ڕاکردنە لە واقیع ..بۆ ئەوەیش تەرزێ لە ئەدیب هەیە ئەچن خۆیان سەرخۆش ئەکەن ، ئینجا شاکارەکانیان ئەنووسن !! بە جۆرێ نازانیت باسی چی ئەکەن ، چونکە ووتەی سەرخۆش جێگای بەزەیی و پێکەنینە ، نەک چاپ و بڵاوکردنەوە ..
ئێ باشە ، ئەگەر ئەدەب ڕاکردن بێ لە واقیع ، ئەبێ واقیع چ ئیشی بە ئەدەب بێ ؟ بۆچی ئەو هەموو لاپەڕە و مرەکەبەی تیا خەرج بکرێ ؟
لە ڕاستیدا جێی داخە ، کە ئەمڕۆ ئەدەب ئەوەندە بە لاڕێدا براوە ، مرۆڤ لە ڕووی نایەت بڵێ من کتێب ئەخوێنمەوە ، پێی شەرمە بڵێ من چیرۆکنوسم ... غیرەتێکی ئەوێ بڵێی من شاعیرم ...بە جۆرێ لەکورستانی ئێرانا هەرکەس خەریکی ئەدەبیات بێ ، پیشەوەرەکان پێیان ئەڵێن عیللەتی بێ ئیشییە .. !
لە ڕاستیدا گەلێک پێناسەی تری ئەدەب کراوە ، کە تێکڕایان پێناسەی ئەدەب نین .. چونکە لە بنچینەدا ئەدەب وەک دروستکردنی خانوویەک وایە ، لە سەرەتادا ئەبێ زەوییەکەی دابین بکەی ، ئەگینا تۆ ئەگەر هەموو کەرەستەکانی بیناسازیشت لەبەردەستدا بێ ، به بێ هەبوونی زەوییەک خانوو لەسەر چی دروست ئەکەیت ؟
زەوی ئەدەب ، بریتییە لە خوێنەر ..واتا لە خەڵک ..
لە وەسفی گەلانی ڕوسیدا ، ووتراوە خەڵکی ڕوسیا وەک تۆپەڵێک باروت وان ، بە پریشکە ئاگرێ ، گڕ ئەگرن ..
یان کاتێ باس لە ڕێنیسانسی ئەوروپا ئەکرێت ، یەکسەر ناوی دانتی و تۆماس مۆر و ئەدیبانی ئەو سەردەمە دێن .. کاتێکیش ڕۆمانی حەمەدۆکی یەشار کەمال دەکرێتە فیلم و لە سینەماکانی ئەستەمبوڵ نیشان ئەدرێن ، خەڵکەکە ڕێپێوانی ناڕەزایی ساز دەکەن بەرامبەر دەسەڵاتدارانی تورکیا ..
ئەم چەند نمونەیە و نمونەی زۆری تریش ، وامان لێ دەکەن بڵێین ئەدەب بریتییە لە ڕاچڵەکاندن .. تەنها ڕاچڵەکاندن و تەواو .. بە واتایەکی تر ، ئەدەب ئەگەر جەماوەرەکەی ڕانەچڵەکێنێ ، ئەدەب نییە .. چونکە لە بنچینەدا ئەدەب ، گەڕانە بۆ چاکترکردنی دۆخی میللەت .. ڕۆمانی بیرەوەرییەکانی گۆڕستانی فیۆدۆر دیستۆیڤسکی ، وایکرد لە لایەک خەڵکێکی زۆر ناڕەزایی دەرببڕن بەرامبەر دۆخی زیندانەکانی دەسەڵاتی قەیسەریی ئەو کاتە و ..لە لایەکی تریش وایکرد دەسەڵاتدارانی قەیسەر ، بار و دۆخی قورسی زیندانەکانی ئەو کاتە چاکتر بکەن . . دیستۆیڤسکی وایکرد ڕاچڵەکین لەناو خەڵک و دەسەڵاتیشدا دروست بێ .. ئەمە بووە هەوێنی دروست بوونی ئەدەبی سۆسیالیزم و نووسەرانێکی وەک مەکسیم گۆرکی تێدا سەری هەڵدا .. کە دەڵێن سۆسیالیزم ، پێش هەموو شتێ ناوی مەکسیم گۆرکی و جاک لەندەن و جۆرج ئۆروێل دێتە ناو باسەکەوە ..ئێ ئەمانە بوون ڕاچڵەکینەکەیان دروست کرد ..کاتێ میللەت لەلایەن ئەدەبەوە ڕادەچڵەکێنرێت ، ئیتر لافاوی گۆڕانکارییەکان دێتە ئاراوە ...ئەگەر تێبینی بکەین ، هەموو گۆڕانکارییە گەورەکانی مێژووی مرۆڤایەتیی ، کۆمەڵێک ئەدیب و بیریار لە پشتیەوە ڕاوەستاون ..
ئێ باشە ، جەماوەر بریتی بێ لە زەوی بنیاتنانی خانووی ئەدەب ، کەواتە جەماوەری ئێمەیش بینای ئەدەبیاتی لەسەر ڕۆنراوە ، ئەوەتا ئەو هەموو ئەدیب و کتێب و کەناڵ و بەرنامە و کۆڕ و ڤێستڤاڵە ئەدەبییەی کە بەڕێوە دەچن ، گەواهی ئەوەمان بۆ دەدەن ..کە لە ڕاستیدا وا نییە .. چونکە مەرج نییە هەموو زەوییەک خانووی باشی تێدا بنیات بنرێ ..بە هەمان شێوە زەوی بنیاتنانی خانەی ئەدەب ، زەوییەکە یاخود جەماوەرێکە کە خۆی دەداتە دەست ئەدەب کاری لەسەر بکات ..گۆڕانکاریی تێدا بکات .. ڕەنگڕێژیی لەسەر بکات ..تخوبەکانی دیاری بکات و هەڵیگێڕێتەوە و نەخشەی بگۆڕێت و چاڵ و پایە و دیوار و ساختمانی تێدا دروست بکات ، هەموو ئەو چالاکیانەیش بریتییە لە ڕاچڵەکاندن .. ئەو ڕاچڵەکاندنەی کە تەنانەت سەرکردەیەکی سەربازیی وەکو ناپلیۆن پۆناپارت لێی ترساوە و ..وتوێتی : دوو فیرقە عەسکەر من ناترسێنن هێندەی دوو نووسەر ...
کەواتە ئەم ڕاچڵەکینە چۆن دروست ئەبێ ؟ تەماشا ئەکەین لە هەرێمێکی وەک کەتەلۆنیا کە تاکو هەنوکە پەیکەر و شانازیی و شکۆداریی و بەرخۆدان لە ئاست شاعیرە شۆڕشگێڕە شەهیدەکەیاندا ( لۆرکا ) نیشان دەدەن ، لای ئێمە شاعیر و بیریارێکی وەک نەجمەدین مەلا بەر تانە و تەشەر دەدرێ و ..مناڵانی لێ تیژ دەکرێ بەردی تێ بگرن و جنێوی پێ بدەن ، لە کاتێکدا نەجمەدین لە کەشتی نوحەکەیدا زیاتر لە چوار هەزار کەسی فێری خوێندەواریی کردووە ، کە هەرگیز لۆرکا کاری وا قورسی بۆ کەتەلۆنییەکان نەکردووە .. ئەو تەنها شاعیرێ بوو کە دژی دەسەڵاتی فڕانکۆ هەندێ پارچە شیعری هەیە ، کە بووەتە هۆکاری ڕاچڵەکینی کەتەلۆنییەکان .. کەچی نەجمەدین مەلا نابێتە هۆی ڕاچڵەکینی خەڵکی سلێمانی .. فایق بێکەس لە بەرامبەر ئەدمۆنزا بە هەموو دەنگی خۆی هاوار ئەکا : بیست و حەوت ساڵە من ڕەنجدەری تۆم بە نان و ئاو و جل و بەرگی خۆم
خزمەتم کردی له ئێران و ڕۆم
بە هۆی تۆوەیە شکاوە ئەژنۆم ..
بەڵام ئەم شیعرە پڕ لە جۆش و خرۆش و شۆڕشە ، خەڵکەکە ڕاناچڵەکێنێ ...لە کاتێکدا ئەمە لە ووڵاتێکی وەک تورکیا و ئێراندا ڕووی بدایە ، خەڵکەکە پەلاماری ئەدمۆنز و دەسەڵاتی خۆجێیی ئەو کاتەیان دەدا ..
ئەی باشە ئەدەب چ کاردانەوەیەکی لای گەلی کورد هەبووە ؟ ..کاتێ دڵشاد مەریوانیی لەلایەن دەسەڵاتی بەعسەوە ، لە سێدارە دەدرێ ، کورد چ کاردانەوەیەکی ئەبێ ؟ کاتێ بەکر عەلی لەلایەن دەسەڵاتی کوردییەوە تیرۆر ئەکرێ ، هەڵوێستی کورد چی ئەبێ ؟ کاتێ عەبدوڵا پەشێو ئەو شیعرە ئاگرینانە ئەنووسێ ، کورد چ کاردانەوەیەکی ئەبێ ؟ کاتێ شێرکۆ بێکەس لە دژی داخستنی ڕۆژنامەی ووڵات لەلایەن دەسەڵاتی کوردەوە ، لە پۆستی وەزیری ڕۆشنبیریی دەست لەکار دەکێشێتەوە ، ڕۆڵی کورد لەگەڵ شێرکۆدا ئەبێ چی بووبێ ؟ کاتێ شاعیرێکی لاو و خوێندکاری زانکۆی وەک مەلا عەلی لە زیندانەکانی بەعسدا گوللە باران ئەکرێ ، کاردانەوەی کورد چی ئەبێ ؟ کاتێ فەرهاد پیرباڵ بە دەیان کتێب و دەیان نمایشی سەرشەقام و بەردەم پەرلەمان و دادگا ، داکۆکی لە دەستوور و یاسا و مافەکانی کورد ئەکات ، کورد چ هەڵوێستێکی بۆ دروست ئەبێ ؟
هیچ ..
هیچ ..!!
کورد هیچ کاردانەوەیەکی نابێ ، چونکە له بنچینەدا کورد لەگەڵ شیعردا کارلێک ناکا و ڕاناچڵەکێ .. واتا لەو هەموو چامە شیعرییە ئاگرینەی شاعیران ، لە دوو چامەکەی نالی و سالمەوە هەتا بیست و حەوت ساڵەکەی فایق بێکەس ..هەتا شاعیرەکانی ئەمڕۆ کە خوێنی خۆیان لە پێناوی کورد و دۆزی کورددا، کردۆتە کاسەوە ، کورد وەک نەتەوە هیچ کاردانەوەیەکی نەبووە .. هیچ ڕاچڵەکینێکی نەبووە ..لە باشترین حاڵەتدا ، لێرە و لەوێ ووتراوە ، ئەو شیعرە به قوەتە !! .. شیعرەکەی قسەی دڵی هەموومانی کرد ! ..یان ئەڵێن شیعرەکەی زۆر شازە ! ئەڵێن ، بە ڕاستی نالی چاک وەسفی دۆخەکەی کردووە و چاک ڕوخانی میرنشینی بابان ئەلاوێنێتەوە ! ..یان ووتراوە بەخوا ئەم شیعرەی عەبدوڵا پەشێو ، لە بنی هەمانەکەی داوە .. هەڵەبجە ئەچێ بۆ بەغاکەی شێرکۆ ، جوانی نوسیوە ..یان ئەڵێن بە ڕاستی دڵشاد مەریوانی و مەلا عەلی ئازا بوون ..! ..واتا وەک ئەوەی لە سێرکدا بن و تەماشای شێرێک بکەن بەناو کەوانەیەکی ئاگریندا باز بدات ، بەو جۆرە بە لایانەوە سەیر بووە چۆن لەتیف هەڵمەت ئەوێرێ و ئەتوانێ بۆ نمونە لە دیوانی ( ووشەی جوان گوڵە گوڵ ) دا باسی نادادیی ڕژێمی بەعس و بەرگری و پێشمەرگە بکات ؟ بە لایانەوە سەیر بووە و چاوەڕێ بوون بەعس ، لەتیف هەڵمەت تیرۆر بکات .. کە تیرۆری نەکردووە ، هاتوون چیرۆکی سەیر سەیریان لەسەر هۆنیوەتەوە و ..یەکێ وتوێتی لە ژێرەوە پیاوی ڕژێمە و .. یەکێکی تر وتوێتی ئەمە بەعس خۆی پێی ئەڵێ شیعری بەرگری بنوسە بۆ ئەوەی لاوان بەتاڵ بکاتەوە !!! ..زۆرینەیش وتوویانە جا قسە سوودی چییە ؟ !! ..شیعر کیلۆی بە چەند ؟ ئەم بێ نرخکردنەی ووشە وایکرد بەعس و دەسەڵاتی دوای بەعسیش لە ووشە نەترسن ..ئەوەتا خەڵکەکە ووشە کاریان تێ ناکات ..واتا ئەگەر دانتی و لۆرکا و گوڵسورخی لە کوردستان بوونایە ، هیچ کاریگەرییەکیان لەسەر خەڵکەکە دروست نەدەکرد ... لە کاتێکدا هەرچی شۆڕشی ئاینی و کۆمەڵایەتیی هەیە لە ڕێی تێکستی نووسراوەوە بووە و ..خەڵک ڕاچڵەکیوە و .. گۆڕانکاریی ڕووی داوە ..ئەگینا لینین ، سەرۆکی یەکێتی سۆڤیێت چۆن شان ئەخاتە ژێر تابوتی مەکسیم گورکی و لە پێش هەمووانەوە بەرەو گۆڕستان بەڕێی ئەکات ؟ چۆن ماکرۆن بەشداری مەراسیمی ناشتنی ئەکتەرێکی وەک بلمۆندۆ ئەکا ؟ چۆن دەیان هەزار کەس بەشداریی مەراسیمی ناشتنی ڤیۆدۆر دیستۆیڤسکی ئەکەن ..چۆن دەیان هەزار کەس تا ئێستایش کار لەسەر شکسپیر ئەکەن ، لە کاتێکدا لای خۆمان فەلسەفەی مەحوی تۆز گرتوێتی و کەڕوو تێی داوە . ئەمە لە کاتێکدایە بیرمەند و وەرگێڕانێکی وەک عەزیز گەردی و شوکور مستەفا و ئەوڕەحمانی حاجی مارف کۆچی دوایی ئەکەن ، نە دەسەڵات و نە میللەت ، نەک هەر بەشداریی مەراسیمی بە خاک سپاردنیان ناکەن ، تەنانەت زۆرینەی ڕۆشنبیران تاکو هەنوکە نازانن شوکور مستەفا کێیە ؟ نازانن ئاخۆ ئەوڕەحمانی حاجی مارف ئەکتەر بووە ، وەرزشەوان بووە یان نووسەر !!.. کە بیشزانن ، تەنها ئەڵێن نوسەرێکی بە قوەتە ! شتی بە قوەتی نوسیوە ! باوێشکێک ئەدەن و ئەڵێن شێرکۆ موهیم بوو ! یان عەبدوڵا پەشێوێکی تر نابێتەوە ، بیشپرسی پشێو چی لە ژیانی تۆدا گۆڕیوە ؟ ئەڵێ هیچ .. تەنانەت چیرۆکنوسێکی داهێنەری وەک حەسەنی قزڵچی کەس نازانێ چی بەسەر هاتووە و چۆن مردووە ، ئایا کوژراوە یان چی ئەمە لە کاتێکدا لە فەڕەنسا و ئەمەریکا و ڕوسیا ، چیرۆکنوسانێکی وەک مۆباسان و ئێدگار ئاڵن پۆ و چیخۆف چەندین سەنتەری توێژینەوەیان تا هەنووکە بە خۆیانەوە سەرقاڵ کردووە و .. پەیکەر و کۆڕ و لێکۆڵینەوەیان لەسەر ساز ئەکرێن .. بەبڕوای من حەسەنی قزڵچی لە کورتەچیرۆکدا هاوتای مۆباسان و پۆ و چیخۆف بوو ..
ئەم دۆخە سەیرە ، ئەم ڕانەچڵەکینە ، ئەم بێ منەتکردنە ، وای لە عەبدوڵا گۆران کرد لە وەسفی بێ منەتکردنی شمشاڵژەنێکی وەک دەروێش عەبدوڵادا بڵێ :
لەناو قەومی بەسیتا قەدری سنعەتکار
وەکو عەکسی قەمەر وایە لەناو گۆمێکی لێخندا
واتا ، داهێنەر و هزر له قەومی نەخوێندەوار ۆ بێ ئەمەکدا ، نییە .. بەمە دڵی خۆی و ئەویش ئەداتەوە ، چونکە گۆرانیش بێ ئەمەرکی و نەخوێندنەوەیەکی زۆری دەربارە کراوە ، تەنانەت کە لە زیندنێکەوە بۆ زیندانێکی تر ئەگوێزرێتەوە ، لە جیاتی ئەوەی خەڵک ڕێپێوان و گرد بوونەوەی بۆ بکەن ، ئەم شیعر بۆ قژ زەردێک ئەنووسێ کە بە خەمگینییەوە بۆ کەلەپچەی دەستی ئەم ئەڕوانێ ..!!
بێ منەتکردنەی خەڵکی کورد بۆ شیعر و هزری نەتەوەکەیان ، کارێکیان کردووە شاعیر و بیریارەکان توشی حاڵەتی بێ هیوایی ببن ..ئەم بێ قیمەتکردنەی کتێب و داهێنانەی بیریارانمان ، کارێکی کردووە شاعیر و نووسەرەکانمان سەری خۆیان هەڵبگرن و لە غەریبیدا بمرن ، یان واز لە نووسین بێنن و ببنە بازرگان ..بچنە بازاڕی دۆلار یان کۆمپانیای حەج و عەمرە دانێن ..یان لە دەوری حیزبێک کۆ ببنەوە و ئەمان بێژن میاو میاو ، حیزبیش بیانداتێ نان و ئاو .. هەوڵ بدەن تێکەڵاوی بنەماڵەی دەسەڵاتدار بن و دەوڵەمەند بن و لە ڤێلادا دانیشن و گەشتی وڵاتان بکەن ، واتا بە کورت و کرمانجیی ، واز لە میللەت بێنن و و مشوری خۆیان و ماڵ و مناڵیان بخۆن ..!!
یان وەک حاجی قادری کۆیی و نالی و ئەمین فەیزی ، سەری خۆیان هەڵبگرن و لە تورکیا بمرن .. پیرەمێرد زیاتر لە بیست ساڵ لە تورکیا نیشتەجێ بێ .. ئیبراهیم ئەمین باڵدار هەتا ئەمەریکا نەوەستێتەوە و ..هەر لەوێیش بمرێ ..
ئەمە ئەو بۆشاییە ترسناکەیە کە لە نێوان ووشە و جەماوەری کورددایە .. ئەو بێکەڵکی و ئێکسپایەر بوونەی هزرە لای تاکی کورد ..ئەو ترس و بیمەیە لە گۆڕانکاریی ..ئەو گەڕانەوە ترسناکەیە بۆ چاخی بەرد ..بۆ سەردەمی میلیشیا و بنەماڵە و تیرەگەریی و ..تیایدا شایەر و بەند بێژ و کاسەلێسیی دیوەخانی بەگ و میر و ئاغا و شێخەکان ، بە لووتکەی داهێنان و ئەدەبیات بچوێنرێن و .. شیعری سوک و بێ ئایدیا و بێ بنەما و کاسەلێسیی و وەسفی دەسەڵات و مافیاکان ، پڕفرۆشترین شیعر بن و .. خەڵکێکی زۆر لە دەوریان کۆ بنەوە ، نەک بۆ ڕاچڵەکین ، بەڵکو بۆ زیاتر بڕواهێنان بەوەی کە ئەوان کۆیلە و خوڵام و خزمەتکاری سەرۆک عەشرەت و هۆز و بنەماڵەکانن و .. بە پێی دین و شەریعەت و عادەت و تەقالید ، ئەبێ هەتا هەتایە ئەم سەرشۆڕییەی ئەمان و ئەو گوندەییەی ئەوان بەردەوام بێ ..
کەواتە بە ڕای من شیعر و نوسین و هزر لەناو گەلی کورددا ، وەک ئەوە وایە لە گۆڕستاندا ، باسی گۆڕانکاری و تەکنەلۆژیا و دەسەڵاتی تەکنۆکرات و شۆڕش بکەیت .