کورتەباسێک سەبارەت بە ڕۆمانی ١٩٨٤ی جۆرج ئۆروێڵ
  2024-07-02       841       

د. شوان عەبدوڵڵا حەمەد
 

پێش هەمووشتێک، بە بۆچوونی من ئەو پاشکۆیەی لە کۆتایی ڕۆمانەکەدا ئۆروێڵ بۆی زیاد کردووە، پێویست نەبوو؛ لەگەڵ ئەوەش هەموویم بە تەواوی خوێندەوە. بەو پێیەی هەرکەسێک کەمترین زانیاری لەسەر ڕێزمان بە گشتی هەبێت، تێدەگات کە مەسەلەی زمان چۆن کاردەکات. جگە لەوەش ئەم ڕۆمانە خەیاڵێکی بێچەندوچوونە و ئەگەری ڕوودانی ئەستەمە. مەبەستم ئەوەیە کە ڕاستە و دەکرێت ئەو سیستمە سیاسییەی لە ڕۆمانەکەدا باس دەکرێت، بە ئاسانی لە هەرشوێنێکی دونیا ڕووبدات و هەندێک نموونەی لەوەشمان بەچاوی خۆمان بینیوە، بەڵام هێشتا هیچ کام لەو سیستمانە نەیانتوانیوە تا ئەو ڕادەیە یاری بە زمانێکی زیندوو بکەن و لە بێخەوە قڵپی بکەنەوە.

دووەم شت ناوەڕۆکی ڕۆمانەکەیە: بێگومان لەوە تێدەگەم کە ئۆروێڵ توانیویەتی پەخشانەنووسینێکی جوانڕێکخراو بەرهەم بهێنێت، بەڵام نووسینەکان زیاتر گێڕانەوەن و نیشاندانی زۆر کەم تێدایە؛ بۆیە زۆرینەی وردەکارییەکانم بە زەحمەتییەوە خوێندەوە. سەبارەت بە بیرۆکەکە، ئەستەمە بتوانیت نکۆڵی لەوە بکەیت کە بیرۆکەیەکی درەوشاوە نەبێت، بەڵام بێگومان بیرکردنەوە لە بیرۆکەیەکی وا بۆ ئۆروێڵ لەو سەردەمەدا زەحمەت نەبووە، بەتایبەتی دوای جەنگی جیهانی دووەم و ڕژێمە تۆتالیتارییەکانی نازیزم و فاشیزم. زۆرینەی وردەکارییەکانی پێکهاتەی سیستمەکەی ناو ڕۆمانەکە لە وردەکارییەکانی ئەڵمانیای نازی دەچن، لەنێویاندا ‘براگەورە’ کە دەکرێت وەکوو هیتلەر بچوێنرێت و بیرۆکەی شاشەی تێلیسکرینیش بە گێستاپۆ (پۆلیسی نهێنی ئەڵمانیای نازی) بەراورد بکرێت.

بە تێکڕا، من پێم وابوو ڕۆمانێکی خراپ نەبوو، بەڵام نەمدەتوانی بەو ئەندازەیەی خۆم پێم خۆشە، چێژ لە خوێندنەوەی وەربگرم. تەنها لەبەرئەوە تەواوم کرد، چونکە بەردەوام بە هیوای وەرچەرخانێکی لەپڕی ڕووداوەکان یاخوود، ڕوودانی شتێکی سەیر بووم، بەڵام هەرگیز نەهات و کۆتاییەکەی زۆر دڵخاوکەرەوە بوو.

دڵنیام ئۆروێڵ مەبەستی ئەوە بووە کە لەم ڕۆمانەدا ئایندەی سیستمی سیاسی بەریتانیا وەسف بکات، بەڵام ئەگەر هەوڵی پێشبینیکردنی ئەوەی دابێت، ئەوا بە شێوەیەکی نەگبەتانە شکستی هێناوە. بەو پێیەی سیستمی سیاسی داهاتووی دوای ئۆروێڵ لە بەریتانیادا تەواو پێچەوانەی ئەوە دەرچووە کە لە ڕۆمانەکەدا باسکراوە. ئەمڕۆ کۆمەڵگەی ئەو وڵاتە، بە دنەدانی سیستمە سیاسییەکە، بەرەو تاکگەرایی تەواو دەڕوات؛ کە تەواو پێچەوانەی گریمانەی هەرەوەزگەرایی ناو ڕۆمانەکەیە.

سەرنجی کۆتاییم ئەوە دەبێت، ئەگەر ئەم ڕۆمانە ئەمڕۆ و لەلایەن نووسەرێکی نەناسراوەوە بنووسرایە، ئەگەری زۆربوو کەس نەیخوێنێتەوە، بەڵام هێی، ئەوە ئۆروێڵە و یەکێکە لە باشترین کلاسیکە مۆدێرنەکانی ئەدەبی ئینگلیزی و دەبێت هەموومان بیخوێنینەوە و بشڵێین، بێڕکابەرە.

© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×