شێركۆ بێكەس؟
  2024-06-18       852       

نەجات نوری

 

سەیر ئەوەبوو، لەدواییدا، پاش چەند ساڵێ

ئەوەی ئاواتی خواستبوو ببێ بە پێشانگای كتێب

بوو بە دۆڵابی حاجەت و ئەوەی ئەیویست ببێ‌ بە

سیسەمی ژن و مێردێ، بە ختی نەبوو، بوو بە تەختەی تاتەشۆر.

 

بەتەنیا ئەوە بەناو سیاسیەكان نین كە دوژمنی ئەدیبە گەورەكانن لەم هەرێمەدا، بەڵكو بەشێكیش لەو شاعیر و بەناو ڕەخنەگرانەی كە هێشتا نەیانتوانیوە دیوانێكی شێركۆبێكەس بەباشی بخوێننەوە، یان نەیانتوانیوە لە دیوانی كتێبی ملوانكە و كورسی و گۆڕستانی چراكان و ئێستا كچێك نیشتمانمە و ڕەنگدان و خاچ و مار و بۆننامەی..... تێبگەن و لە ماناكانی دەقەوە بگەڕێنەوە بۆ ناسینی شیعرەكانی شێركۆ، هەمیشە دوای مردنیشی خەریكی شكاندن و سوكایەتین بە ژیان و بەرهەمی ئەم گەورە شاعیرەی نیشتمانەكەمان، بە تەنیا لەبەرئەوەی بتوانن جێگەی خۆیان لە خوار دەقەكانی شێركۆوە بكەنەوە نەك لە سەریەوە، باشم لەبیرە ئەوە بۆ زیاتر لە بیست ساڵ دەچێت بەداخەوە بەشێك لەو بەناو سیاسی و ئەدیبانەی لە هەولێرەوە ئاوارەی شاری سلێمانی بوون بە هاندانی بەشێك لە بەناو ڕەخنەگر و بەناو ڕۆشنبیرەكانی سلێمانی، لەم بارەگاو لەو ناوەند (ئەگەر كە پێویست بكات، یەك یەك بە كات و سات ناویان دەهێنم كە چیان وتووە لە دژی ئەم شاعیرە) هەمیشە گوێم لێ دەبوو و دەمبیست لێیان، بەبێ هۆ دەكەوتنە سوكایەتی و تۆمەت بەخشینەوە بە ژیان و گیانی شێركۆبێكەس، شێركۆیەك كە ملی بۆ ستەم كەچ نەدەكرد، دەیزانی چۆن چۆنی دژی ستەم شیعر بنوسێـت، بەڵام نەیارەكانی نەیاندەتوانی نەك ببنە وڵات پارێز بەڵكو لە بەغداو شارەكانی عێراقی سەردەمی بەعس دا خەریكی خواردنی ماسی بژراو و چونە سینەماو یانەكان بوون، دوای ڕاپەڕینیش وازیان لە دژایەتی شێركۆ نەهێنا و هەمیشە خەریكی لەكەداركردنی شیعر و ژیانی بوون و هانی ئەدیبە بچوكەكانیان دەدا كە نەیاری شێركۆبن و دژی بدوێن، هەر ئەم بەناو ڕەخنەگر و ئەدیبانەنەبوون كە لەپای دیارنەبوونی خۆیان لەناوەندی ئەدەبیدا نەیاری سەرسەختی ئەم شاعیرە مەزنەبن، بەڵكو زۆر بەناو ئازادی و دیموكرات خوازیش لە ژێر بەرگی سیاسەت دا لەلای ڕابەرە گەورەكانی ئەم هەرێمە لە دژی شێركۆبێكەس سەنگەریان دەگرت و درێغیان نەدەكرد و دەیانویست لە گەورەی كەم بكەنەوە و لەم هەرێمە شاربەدەری بكەن، بەڵام شێركۆ چونكە بەمانا شاعیربوو و چونكە دەیزانی نرخی ئەدەب و شاعیربوون چەند مەزنە و لە كوێ دا خزمەت بە وڵات دەكات ، بە خەیاڵیش ئاوڕی لەم نەیارەبچوكانەی نەدەدایەوە و گەیشت بە لووتكەی شاعیربوون و بە شاعیرێكی مەزنیش چووە ژێر خاكەوە، شاعیربوونی شێركۆ و بە خێرای پەڕینەوەی دەقەكانی بۆ ناو كایەی ئەدەب، وەهای كرد ئەم نەیارانەی تاكوئێستاش درێغی نەكەن لە سوكایەتیكردن پێی، شێركۆ نەك شاعیرێكی مەزن بوو بەڵكو پیاوێكی بەهێز و بەهەڵوێستیش بوو لە كوێ ستەم هەبوایە ئەو لەوێ بوو، سەروبەندی ڕۆژانی حەڤدەی شوبات، ڕۆژێك لەلای بووم ناوی چەند كەس لەو نەیارانەی هێنا كە لەو ڕۆژگارەدا لەم لاولا كەوتبوونە سوكایەتی پێكردنی و قسەهەڵبەستن بۆی، پێی وتم: لە زۆر نیشتیمانێك دا زۆرترین كەسانێك لەژێر بەرگی ڕۆشنبیردا هەمیشە هەلومەرجەكان دەقۆزنەوە بۆ گیرفانپڕكردنی خۆیان و خۆبردنەپێشەوە لە كاربەدەستان و تۆمەت هەڵبەستن، بەڵام من ئەوانە بە خەڵك دەسپێرم و دەزانم لە ئایندەدا چیان بەسەردێت... ئاوا بە وشەیكیش بۆیەك جار لە دژیان نەوەستایەوە و نەچوو لە هیچ لایەك گلەییان لێ بكات، ئێستا دوای مەرگی شێركۆ ببینن نەیارەكانی شێركۆ لەناو خەڵك و لە ناوەندەكانی ئەدەب دا چیان بەسەرهاتووە و خەڵك چیان پێ دەڵێن و شیعرەكانی شێركۆیش چۆن چۆنی خوێنەران بۆ ڕۆژگارێكی باشتر دەیخوێننەوە. بۆیە باشتر نەیارەكانی شێركۆ بۆ ماوەیەك كاتی خۆیان تەرخانبكەن بۆ خوێندنەوەی شیعرەكانی و باش لە قووڵایی دەقەكانی تێبگەن، نەك قسەی بچوك و دووژمنانە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×