2024-06-08   1052     
پشکۆ ناکام
ئەمانەوێ بتانفرۆشین
بەڵام بە کێ..؟
کێ بۆگەن و "کەڕوو"مان لێ ئەکڕێ
کێ ناپاکی و ئاشوب و خۆ خۆریمان
لێ ئەکڕێ..؟
کێ سیسارکەی ڕەزالەت و زەلیلیمان
لێ یەکڕێ..؟
کێ موسیبەت و نەگبەتی و خەفەتمان
لێ ئەکڕێ..؟
کێ میکرۆبی داغانکەری جەستەمان
لێ ئەکڕێ..؟
کێ دز و چەتە و شەلاتیەکانمان
لێ ئەکڕێ..؟
کێ گەمژە و مێشک پووت و گەلحۆکانمان
لێ ئەکڕێ..؟
ئەمانەوێ بتانفرۆشین
بەڵام بە کێ..؟
کێ ساختەچی و بێ ئابڕوو و دەمامک کراوەکانمان
لێ ئەکڕێ..؟
کێ مێرووی زەھراویمان
لێ ئەکڕێ..؟
کێ ئاشوبگەرانی نیشتمانمان
لێ ئەکڕێ..؟
کێ ئابڕویەکمان لێ ئەکڕێ
کە بێ ئابڕوویی شەرمەزار کردبێ..؟
ئەتانفرۆشین...بەڵام بە کێ..؟
سەگی پاسەوان نین
تا نرخێکتان ھەبێ
مەڕ و ماڵاتێک نین
بەرھەمتان ھەبێ..
نەعلێک نین لەپێ بکرێن
بووکە شووشەیەک نین
دڵی مناڵێکی پێ خۆشکرێ
کێ بە بەلاش ئەتانکڕێ
.....کێ ؟
ئەتانفرۆشین
بەڵام کەس ناتانکڕێ..
خێرتان ئەگا ، بڕۆن..
لە کۆڵمان ببنەوە..بڕۆن
نامانەوێن
کەسیش ناتانکڕێ
.........................................................
(*) سوود لە دەقێکی"احمد مگر" وەرگیراوە