باڵیۆزی ئەمریکا پشتیوانیى بۆ عێراق ڕاگه‌یاندو ئه‌گه‌رى به‌رزبونه‌وه‌ى به‌هاى دینار هه‌یه‌
  2024-05-28       399       


ئەلینا ڕۆمانۆوسکی باڵیۆزی ئەمریکا لەعێراق لەپەیامێکی نوێیدا ڕایدەگەیەنێت، ڕازیبوونی عێراق بە مامەڵەی ئەلیکترۆنی وەك سیستمێکی نوێی ئابووریی وڵات هەواڵێکی دڵخۆشکەرە.

باڵیۆزەکەی ئەمریکا لە عێراق لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس لە پەیامەکەیدا دەڵێت، عێراق بە فەرمی ڕەزامەندی دەربڕیوە مامەڵەی دارایی وڵاتەکەی بکاتە سیستمی ئەلیکترۆنی.

شارەزیان بۆچونیان وایە، ئەو پەیامەی باڵیۆزەکەی ئەمریکا جۆرێك لە پاڵپشتی بۆ ئابووریی عێراق تێدایە و وادەکات، بەهای دینار هێندەی دیکە بەرامبەر دۆلار بەرز ببێتەوە.

ئەلینا ڕۆمانۆوسکی وتوشیەتی "ئەو هەنگاوەی عێراق ڕێگەخۆشکەرە بۆ سیستمێکی دارایی سەردەمیانە، هەروەها گەشەی ئابووریی دروستدەکات و ئەوەش بە هەوڵی ئاژانسی ئەمریکی بۆ گەشەپێدانی نێودەوڵەتی، بانکی ناوەندیی عێراق و پڕۆگرامی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ گەشەپێدان بەدەستهاتووە.

لەڕابردوودا پەیامەکانی باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق پەیوەست بە ئابووریی، وایکردووە کاریگەریی لەسەر بەهای دۆلار بەرامبەر دینار هەبێت.
 

© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×