پارادۆکسەکەی حەمدی بەگی ساحێبقڕان
  2024-05-27       1188       

رەوا هەژار

 

بۆیە من مەستیم لە هۆشیاری گەلێ پێ خۆشترە

ئەم خەراباتە کە هۆشیاری لە مەست سەرخۆشترە

سەیرە هەر کەس ڕوو دەکاتە ئەم خەراباتەی وجوود

کاسەکەی هەر چەندە پڕتر بێ ئەوەندە بۆشترە

 

«بۆیە من مەستیم لە هۆشیاری گەلێ پێ خۆشترە» ئەم پەیڤانە کە لە دامێنی هۆشیارییەوە دەڕژێنە نێو بەرایی وجوود، بەتەنها لە پێناو چێژبەخشیندا گۆ نەکراون، بەڵکو زادەی ئەو ڕاستییە دێرین و قووڵە وجودیییەن کە بەردەوام سێبەری گومان لەسەر ئەو تەم و مژە دڵنەواهێن و سەرخۆشکەرانەدا دادەنێن کە لێوارە زانراوەکانی واقیع کاڵ دەکەنەوە. دەیانەوێت بڵێن؛ مەستبوون جۆرە ڕزگاربوونێکە لە ستەمی خود، ئەو ستەمە بێوچانەی کە تا چاوی هۆشیاری هەتەر بکات لە ناوەڕۆکێکی تەڵخ و گوماناوی زیاتری بۆ نایەتە دی.

«ئەم خەراباتە کە هۆشیاری لە مەست سەرخۆشترە» چ پارادۆکسێکی تایبەت و جوانە. پارادۆکسێک کە بە ڕاستگۆییەکی مەعریفی زۆرەوە، هەموو ئەو وێنە ئاسوودەییهێنەرانەی کە ڕۆحمانی تێدا ساختە کراوە، دەشێوێنێتەوە. هۆشیاری، کە بەردەوام تیشک لە چاوەکانیدا بڵاچە دەدات، وەک چرا هەمیشە داگیرساوەکەی خوودئاگایی، کە نەک تەنها دەوروبەرمان بەڵکو داڵانە ناوەکییەکانی وجودمان رووناک دەکاتەوە و ڕاستییە خام و بێ فلتەرەکانی بێ بایەخی ئێمە لەناو هاوکێشە گەورەکەی گەردووندا ئاشکرا دەکات، لە ڕاستیدا جۆرێک لە مەستی لەناو خۆیدا هەڵگرتووە کە لە مەستیی هەر مەیەک بەهێزتر و سەرخۆشکەرترە. لێ لەناوبردنی ئەم خودە مەست و سەرخۆشە و هەڵوەشاندنەوەی ئەو وەهمانەی کە پێکیانەوە لکاندووە، لەبەردەم گەردوونێکی فراوان و بێباکدا، ڕووت و دەستکوورت دەمانهێڵێتەوە.

«سەیرە هەر کەس ڕوو دەکاتە ئەم خەراباتەی وجوود» چەند مەتەڵێکی سەیرە کە هەموومان – بێ ئەوەی بزانین بۆچی - ڕوومان لەم جێگە پڕ لەناوچوون و پرسیارە کردووە. ئێمە لەم نەفرەت و لێک بوونەوەیەدا بەدوای زانین و ڕۆشنگەریدا دەگەڕێین، باوەڕمان وایە کە ڕزگاربوون لە تێگەیشتندایە، لێ تا قووڵتر دەچینە ناو نهێنییەکانی بوونەوە، تا زیاتر فێر دەبین و لەو هیچبوونە دەڕوانین کە لە دڵی هەموو شتێکدایە، زیاتر تێدەگەین کە چەندە کەم دەزانین، زیاتر ڕووبەڕووی بەتاڵایی دەبینەوە و زیاتر دنیا بەدەستمانەوە دەبێت بە خۆڵ. عەقڵ، لە برسێتییە تێرنەبووەکانی خۆیدا بۆ گەیشتن بە حەقیقەت، دەبێتە دەفرێکی پڕ لە ژەهری گومان و نادڵنیایی. ئێمە لەو ژەهرە دەخۆینەوە و سەرخۆش دەبین. بۆیە ئەم گەڕانە بەدوای مانادا دەبێتە کردەیەکی خۆ لەناوبردن، چوونکە دواجار هەموو بنیاتەکان دەتوێنێتەوە و لە حاڵەتێکی پڕ لە سەرسوڕمانی وجودیدا- کە چوارگۆشەی یەکەمە، داماندەنێێتەوە. کەچی هەر ئەم کردەیە لەگەڵ هیچییەتەکاندا ئێمە بەرەو پێشەوە دەبات و ناچارمان دەکات بەدوای بەرزایی هۆشیاری نوێ و تێگەیشتنی زیاتردا بگەڕێین، - سەیرە -.

«کاسەکەی هەر چەندە پڕتر بێ ئەوەندە بۆشترە» ئەمە خەستترین و پاڵاوتەترین بڕگەی پارادۆکسەکەیە. وەختێک هۆشیاریمان بەڕووی دنیادا دەکەینەوە، بیرکردنەوەکانمان بەسەر وجووددا دەڕژێنین و زیاتر تێدەگەین، زیاتر خۆمان لە دڵنیایی و ئاسوودەییەکانمان بەتاڵ دەکەینەوە، زیاتر ئازاری بێ بایەخییمان لەم گەردوونە ناکۆتاییەدا، دەچێژین. چوونکە هۆشیاری، لە بەرزترین ئاستی خۆیدا، هەموو ئەو بۆشاییە پڕ لە درزانەمان پیشان دەدات کە وجودی لەسەر بنیات نراوە. لێرەوە هەر دۆزینەوەیەکی نوێ، هەر تێڕوانینێکی قووڵ، چینێکی ترە لە وەهم، کە پرسیاری زیاتر و ناکۆتا بەدوای خۆیدا دەهێنێت. لێرەوە هۆشیاری لە سەمایەکی بێبڕانەوە لەگەڵ هیچییەتیدا شتێکیتر نییە.

لە مەستیدا، پشوویەکی کاتی لە ئازارە وجوودیەکان و بارگرانییەکانی هۆشیاری، وەردەگرین. جۆرێکە لە هەڵهاتن، کە سنوورە خوودیەکانی تێدا کاڵ دەبێتەوە و هەستێکی ئاشنایەتی و یەکگرتوویی لەگەڵ تەواوی گەردووندا دروست دەبێت. دەگەڕێینەوە بۆ سەرەتاییترین دۆخی بوون، کە جیاکارییەکانی نێوان خود و ئەویتر، عەقڵ و جەستە، چڕ دەبێتەوە بۆ کۆیەکی بێ درز و ناکۆتا. ئیغرابوونێک دێتە ئاراوە کە ئازادی لە سەرگەردانییە وەهمییەکاندا پێناسە دەکاتەوە. لێ وەکو وتم ئەم حاڵەتە، دۆخێکی ڕاگووزەر و کاتی و زووتێپەڕە، لەگەڵ ئەوەشدا برێک لە ڕاستی لەناو خۆیدا هەڵگرتووە ئەوڕاستییەش ئەوەیە کە هۆشیاری و مەستی دوو لایەنی هەمان ئەزموونی بوونگەرایین، دوو ڕێگان کە بەرەو هەمان واقیع و کۆتایی دەڕۆن، کە مردنە.

بەمجۆرە، ئێمە دەبین بە دژیەکییەکی بەردەوام لە سێبەر و ڕووناکی، گەڕان و سەرگەردانی، مانا و وەهم، زووتێپەڕی و ئەبەدی، خەون و واقیع، لێرەبوون و مردن، پڕبوون و بەتاڵبوونەوە، هۆشیاری و مەستی. لێ هەردوو حاڵەتەکە، تەنانەت ئەگەر بۆ ساتێکیش بێت، دەبنە مایەی هەوڵدان بۆ تێپەڕاندنی شتە ئاساییەکان و دەست گەیشتن بە شتە باڵاکان، وادەکەن هەمیشە بجووڵێین، هەمیشە تامەزرۆبین.

بۆیە، من لەمێژە ئەم پارادۆکسەی حەمدی بە بەشێک لە خۆم دەزانم. لێدەگەڕێم لەم خەراباتەدا هۆشیاری سەرخۆشم بکات و سەرخۆشی هۆشیارم بکات. چونکە تەنها لەم دۆخەدا دەتوانم ئەو وەڵامە بدۆزمەوە کە مرۆڤبوون مانای چییە. ئێمە بوونەوەرێک نین کە بەڕێوەبین بۆ جێگەیەکی دیاری کراو، ئێمە لە یەک کاتدا هەموو گەشتەکەین، جووڵەیەکی هەمیشە پەرەسەندووین.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×