2024-05-17   1078     
چیا عەباس
بروانە،
چۆن بەرەبەیان خۆری بزێو لە رۆژ هەڵدەوەرێت،
بست بە بست بەرەو دەشت و کێو دەکشێت،
مشت بە مشت دەپرژێتە نێو
باخێکی پەژموردە
سەر سینەی کێوێکی روتەڵە
روخساری روبارێکی خەوتو
جادە و کۆڵانەکانی شارێکی بەجێماو
و نێو حەوز و حوجرەی مزگەوتی گوندێکی دارماو
بروانە
چۆن منیش دەبمە هاورێی خۆر،
لە گەڵ جانتایەکی سەفەر
لێوان لێو لە خەونە جوانەکان
لەگەڵ نزاکانی تێد کۆسەر #
بۆ گەشتێک لە گەڵ شەفەقی مانگ
دەت بینم چۆن دەستی خۆرت گرتوە
و رو لە کەعبەی نیازەکان دەکەیت
بروانە،
چۆن یەخەی قەدەرێکم گرتوە
شەر بۆ سێبەری خۆر دەکەم
دەشت و باخ و كێو و روبار و گوند و شار
بە بۆنی ئاگریان ئاشنا دەکەم،
بروانە
رو لە هەورازم
تەمەنی بەسەرچو پەلکێش دەکەم
لە نێو تەمی غەمباری جافایەتی
لە باڵا بەرزەکەی بەفری قەندیل
لە نێو بەردەڵانەکانی ئاسۆس و مامەندە
لە وەرزی خەزان و کرێوە بەفر
سوراغی حوجرەیەکم
حوجرەیەک لە گڵ و ئاو
حوجرەیەک گەورە و بەرینتر لە کۆشکەکانی دنیا
حوجرەیەک رازاوە بە راستگۆیی و وەفا
بە سەدای یەکەم گریانی نما
ئاوێنە پیرەکانی ئەو حوجرەیە
زەردەخەنەکانی تۆیان لە بیرنەکردوە
تاق و رەفە خۆڵاویەکانی
دوازدە وانەکەی پەشێویان بۆت هەڵگرتوە
تۆش بەشەرواڵێکی خاکی تۆزاوی
لە سوچێکی حوجرە چوار مەشقی دانیشتوی
دوکەڵی تەمەن دەکەی بەبادا
دەنگە گرەکەت و بێدەنگی حوجرە
سەرگوزشتەی تەمەنێک دەچرنەوە
وەک عاشقێکی بێ ئۆقرە
تاڵ بە تاڵی خەونەکانت
لە پارچە کاغەزێکی کۆن دەپێچیت
بەدەستی نامە هەڵگرێکدا
رەوانەی مناڵێکی بێ ناونیشانی دەکەیت
تۆ و ئەو حوجرەیە
تۆ و ئەشکەوتەکان
وێستگەکانی گەشتێکی دور و درێژن
چیرۆکی سەفەری خۆرە بزێوەکەن
بەرەو گوڵزاری تەمەن
ئەمرۆ تورە و دڵگرانم لە حوکمی قەدەر
ئەمرۆ رێبوار و هاورێ و عاشقانی رێی سەفەر
ئەمرۆ خەونێک بە قەد باڵای عەرعەر
ئەمرۆ گەشتێک لە کەناری دانوبەوە بۆ خری ناوزەنگ
ئەمرۆ وشەکانی شکێنەری زەبر و زەنگ
ئەمرۆ شەپۆلە هەڵچوەکانی دەنگ
تابلۆی زەردەخەنە نەرمەکەی تۆیان رازاندۆتەوە
وەک تاڵەکانی خۆر هەر بەیانیەک زەرگەتە دەدرەوشێننەوە
کاکە
ئەمرۆ وەک جاران رو لە هەورازم
نزا و دوعای دڵم بە کێلی هەمو سەید و شێخێکی سەر رێگادا دەلکێنم
ئەمرۆ وەک جاران رو لە هەورازم
بەرەو خۆری ئەودیو کێو بەرێوەم
#: تێدکۆسەر Ted Kooserشاعری ناوداری ئەمریکی هەڵبەستێکی هۆنیوەتەو لە سەر پیاوێک دەستی ماگی نگرتوە و گەشتی لە گەڵ دەکات