بەختیار عەلی دوو پەرتووکی نوێ بڵاودەکاتەوە
  2024-04-16       1501       

ڕۆماننووس و نووسەری گەورەى کورد بەختیار عەلی ڕۆمانێکی نوێ و پەرتووکێکی دیکە بڵاودەکاتەوە و بڕیارە بەم نزیکانە لە شاری سلێمانى و هەولێر نمایش بکرێن.

لاپەڕەی فەرمى بەختیار عەلی بڵاویکردوەتەوە، کە بەختیار عەلی ڕۆماننووس و نوسەری گەورەى کورد دوو پەرتوکی نوێی ئامادەیە بۆ بڵاوکردنەوە کە یەکێکیان ڕۆمانە بەناوی نەفرەتى “نەوبەهاران”.

ئاماژەى بەوەشکردوە، پەرتووکەکەی دیکە بەناوی “بە سەرسامی لەناو وێرانەدا” کە دیدارێکی ڕۆژنامەوانییە و لەدوو توێی ئەم پەرتووکەدا بڵاودەکرێتەوە.

ئەوەش ڕوونکراوەتەوە کە تەوەری ئەم پەرتووکە گفتوگۆیەکی درێژە دەربارەی ژیانی منداڵی و گەنجێتی نووسەر و سەرەتای خولیا و دەستپێکردنی بە کاری نوسین هەروەها چەند پرسیار و وەڵامێک دەربارەی ڕۆمانی «غەزەلنوس و باغەکانی خەیاڵ».

بڕیارە هەردوو پەرتووکەکە ڕۆژی چوار شەممەى داهاتوو لە  پەرتووکخانەى ناوەندی ڕەهەند لە سلێمانی و لە پێشانگای نێودەوڵەتى کتێب لە هەولێر نمایش بکرێن.

بەختیار عەلی ساڵی ١٩٦٠ لەگەڕەکی ئیبراهیم پاشای شاری سلێمانی لەدایکبووە، خوێندنى سەرەتایی و ناوەندی و دواناوەندی و زانکۆی لە شاری سلێمانی تەواو کردوە و پاشان کۆلێژی زانستی لە زانکۆی سەلاحەدین تەواو کردوە، ساڵی ١٩٨٥ باشووری کوردستانی جێهێشتووە و لە ئیران و ڕۆژهەڵاتى کوردستان نیشتەجێبووەو ساڵی ١٩٩٩ ڕووی لەسوریا و پاشان ئەڵمانیا کردوە.

بەختیار عەلی خاوەنى چەندین پەرتووکی ڕۆمان و شیعر و فکرییە کە زۆرینەى هەرە زۆری بابەتەکانى باس لە دۆخی سیاسی و کۆمەڵایەتى گەلی کورد لە باشووری کوردستان و کورد بە گشتى دەکات.

© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×