عەبدولموتەلیب عەبدوڵلا كردوویە بەكوردی
هونەر مێژووییەكی درێژی هەیە، سیخناخ بە پەراوێز و زیاد لە سەرنج و ناوەڕۆكێك. مێژووی هونەر سەرەڕای بەرەوپێشچوونەكانی پرسیارێكی سادەمان روو بەڕوو دەكاتەوە، ئەویش ئەوەیە (كاری داهێنان چییە؟) بەڵام ئایا بەشێوەیەكی گشتی ئەو پرسیارە دەكەوێتە دەرەوەی ناوكۆییە مێژووییەكەیەوە؟ یان بە سیاسەت و ئەو قەیرانە فیكرییانەوە پەیوەستە، كە ئابڵوقەی (كاری داهێنان)یان داوە؟ ئایا دەبێ هونەر و كاری داهێنان هەوڵێكی رادیكاڵیانە بێ، بۆ تێگەیشتنێكی دیكەی جیهان؟ یان هەمیشە وەك زمانی كەمە نەتەوەییەكان دەمێنێتەوە؟ بێگومان كاری داهێنان دەكەوێتە دەرەوەی رێسا و مەدلولە باوەكانەوە.
(بە وردی فەلسەفە بوارێكی مەعریفییە، لەسەر داهێنانی چەمك وەستاوە)
"ژیل دۆلۆز" (فەلسەفە چییە؟)
ژیل دۆلۆز فەیلەسوفی فڕەنسی (1925-1992) پرسیاری "كاری داهێنان چییە، فەلسەفە چییە؟" لە لێكچەرێكدا " lecture" ساڵی 1987 بە ناونیشانی كاری داهێنان چییە خستە روو. دۆلۆز لەو لێكچەرەیدا فەرهەنگێكی بۆ ئەلف و بێی كاری داهێنان دانا. لەسەر چ بنەمایەك كەسێك دەتوانێ بڵێ من بیرۆكەم هەیە. سەرەتا و پێش ئەوەی پرسیاری كاری داهێنان وەڵام بدەینەوە، پێویستە لەوە تێبگەین كە كاری داهێنان لە هونەردا دەكەوێتە كوێ، هونەر دەكەوێتە كوێی زانستە مرۆڤایەتییەكانەوە؟
پەیوەندی نێوان هونەر و فەلسەفە
دۆلۆز چوار ساڵ دوای لێكچەرەكەی و لە كتێبەكەیدا بە ناوی "فەلسەفە چییە؟" كە لە ساڵی 1991 بڵاوی كردەوە، پەیوەندی نێوان (زانست) و (هونەر) و (فەلسەفە)مان بیر دەخاتەوە. دۆلۆز لە كتێبەكەیدا روونی دەكاتەوە، كە پێیوایە فەلسەفە و زانست و هونەر چوارچێوەیەكی گەورەی فیكرییان هەیە. فەلسەفە لەو چواچێوە گەورەیەدا كار لە داهێنانی چەمكدا دەكات. كەچی زانست دەكەوێتە خانەی لێكۆڵینەوە و شیكردنەوەی دیاردەكان و هاوكێشەكانەوە. بەڵام هونەر دەكەوێتە ژێر كاریگەری دەرككردن و هەڵچوونەوە.
(فەلسەفە رامان نییە)
دۆلۆز ئەركی فەلسەفە لە پەیوەستبوونی دیاریكراوی كۆتایی و ئەدیوو ناكۆتاییدا دەبینێتەوە، بەمجۆرە داهێنانی چەمكەكان لەسەر زانست دەوەستێ.
ئەركی فەلسەفە رامان نییە. رامان و بیركردنەوە پێناسەیەك نییە بۆ فەلسەفە. بۆ نموونە بۆ لە كاری ژماردندا بیركارییستەكان چ پێویستیان بە فەلسەفەی بیركردنەوە هەیە. سینەماییەكان چ پێویستیان بە فەلسەفەی بیركردنەوە و رامانی سینەمایی هەیە. لێرەدا فەلسەفە هۆكارێكە نەك زانستێك كە ناوەڕۆكی تایبەتی خۆی هەبێت. بە راستی ئەركی فەلسەفە ئەوەیە، كە دیاریكراوی كۆتایی و ناكۆتایی بەیەكەوە ببەستێتەوە. واتە رووداوەكان بە یەكەوە ببەستێتەوە، ئەو رووداوانەی كە چەمكەكان دادەهێنن و زانستی لەسەر وەستاوە و لەوێشەوە كۆمەڵێ رووداو نیگار دەكێشێ و دەبێتە سەرچاوەی ئەو مەرجانەی كە (رووداو/ ئەزموون) خاوەندارییان دەكات.
بەڵام هونەر دەیەوێ كاریگەری جوانی (كۆتایی و ناكۆتایی/ دنیایی و ئەودیوو دنیایی) وەك بینراو لە هونەری شێوەكاریدا بەرجەستە بكات، لێرەدا ئامانجی كاریگەرییەكان بەسەر بینراودا بۆ دەرككردنی ئەو رەهەندانە دەگەڕێتەوە كە تێیدا بزرن. بەو مانایەش هونەر سەربەخۆ نییە، بەڵكو لە چوارچێوەكانی فەلسەفە و زانستدا خۆی دەبینێتەوە، كەواتە هەر سێكییان لە بۆتەیەكدا دەتوێنەوە و دەبنە پرسیارێك ئەویش ئەوەیە: حەقیقەت چییە؟ ئەو پرسیارەش بە درێژایی مێژوو هەموو چالاكییە مرۆییەكان لەخۆ دەگرێ.
هونەر پێچەوانەی زانست، داڕژانە، هونەر لە رێگای هەستەكان و هەڵچوونەكانەوە ماناكان ئازاد دەكات و رێگای دۆزینەوەی حەقیقەتی شتەكان دەگرێتەبەر. هەر لەو رێگایەشەوە هونەرمەند لە نەبینراوەوە، لەودیوو نەبینراوەوە هونەر دەكاتە بینراو. دۆلۆز لە كتێبەكەیدا "فەلسەفە چییە؟" دەڵێ هونەر رێگا ناكۆتاییەكان دەگرێتەبەر بۆئەوەی بۆ هونەر بگەڕێتەوە.
ئایا مەرجە داهێنان هەڵگری بەهای ئەخلاقی بێت؟
لە راستیدا ئەو نووسینەی كە لە نێوان رۆلی زانست و هونەر و فەلسەفە دابڕان و بەیەكداچوون شیدەكاتەوە، ئەو دابڕانە ژینگەیەك دەنوێنێ، كە دەشێ مرۆڤ هەڵویستی خۆی لە بارەی جیهان دیاری بكات. ئێستا ئێمەش وەك دۆلۆز دەڵێت لەسەر رۆلی هونەر و چییەتی هونەر و ئەو پانتاییانە وەستاوین، كە هونەر رۆناكییان دەكاتەوە، بەڵام ئەو بیركردنەوەیە چۆن وەك بنەمای داهێنان دەردەكەوێت؟! ئایا شێوەكارێك - بۆ نموونە- كاتێ پۆرترتێك نیگار دەكا، ئەوە بە كارێكی داهێنەرانە هەڵدەسێ؟ ئایا داهێنان جۆرێكە لە شێتی و جیاوازی و تێپەڕاندنی باو؟!
لە راستیدا كاری داهێنان وەك خۆی لە شێتی نزیك نییە، بەڵكو لە پشت چەمكی شێتی جۆرێك لە مەبەست هەیە. نموونەی (ئەو مەبەست و نیازەش. و:ك) دۆلۆز لە لێكچەرەكەیدا (لە نموونەی جوولەكەكاندا) دەیخاتە روو، ئەو جوولەكانەی لە زەمەنی هیتلەردا لە ئەڵمانیا "هەڵاتن" یەكەمینی ئەو كەسانە بوون كە زیندانەكان و سەربازگاكان و لەناوبردنی بە كۆمەڵییان شەرمەزار كرد. (دۆڵۆز: هەمیشە لەسەر هێلی هەڵاتن داهێنان دەكەین. و:ك) جوولەكە هەڵاتووەكان زانیارییەكانیان (بە دنیا) راگەیاند، دەشێ ئەو زانیارییانە دژ بە بڵاوكراوەكانی نازییەت وەسفیان بكەین.
لەو نموونەیەدا دۆلۆز سەرنجمان بۆ خاڵێكی زۆر ورد رادەكێشێ، ئەویش ئەوەیە هەرگیز زانیارییە دژەكان كارێكی داهێنەرانە نەبوون. هەرگیز ئەو زانیارییە دژانە هیتلەریان بێزار نەدەكرد. بەڵام گرنگی ئەوە بوو، كە بوون بە كردەیەك لە كردەكانی (یان بوون بە نیازێ لە نیازەكان)ی بەرگریكردن. لێرەدا كردەی بەرگریكردن نە زانیارییە و نە زانیاری دژ، بەڵكو (مەبەست) بەكارهێنانی كۆمەڵێ زانیارییە وەك ئامرازی بەرگری بۆ كەشفكردنی تاوانەكانی پاكتاوكردنی رەگەزی لەژێر حوكمی هیتلەردا.
دۆلۆز لە شیكردنەوەی كاری داهێناندا دەچێتە سەر بابەتێك ئەویش لێكنزیكردنەوەیەكی جەوهەری نێوان كاری داهێنان و كردەی بەرگرییكارییە. كاری هونەری كارێك نییە بەلای مەعریفیدا بكرێتەوە، چونكە لالێكردنەوەی مەعریفە لە لێپرسراوێتی زانستدایە. زانست بە زانیارییەكان و بەردەوامییەوە بەندە. كاری هونەری كردەیەكی بەرگریكارانەیە، بەڵام ئەی ئەو پەیوەندییە تەمومژاوییەی نێوان كاری هونەری و كردەی بەرگریكاری چییە!
هونەر بەرگری لە مردن دەكات
هونەر تاكە رێگایە، بەرگری لە مردن دەكات. ئەو گوتەیەی فەیلەسوف و چالاكوانی فڕەنسی "ئەندریە مالرۆ"(1901 ـ 1976)، دۆلۆزی زۆر سەرسام كرد. زۆر بە سادەی دەڵێ "هونەر تاكە شتێكە كە بەرگری لە مردن بكات". سەرەڕای سادەیی ئەو پێناسەیەی مالرۆ لەسەر جەوهەری كاری هونەری وەستاوە، وەك ئەوەی كردەیەكی مانادار بێ، بەرگریكردن لە چاكە بێ بە دژی خراپە، پاكی بە دژی ناپاكی، راستی بە دژی درۆ. بەمجۆرە كاری داهێنان دۆزەرەوەی ریسواییە.
بە گەڕانەوە بۆ بیروڕای دۆلۆز، فەیلەسوف، داهێنەری چەمكەكانە. فەیلەسوف وەك داهێنەرێك دەردەكەوێت كە تابلۆی فیكری نیگار دەكا. فەیلەسوف داهێنەرە چونكە بەرگری دەكات و حوكمەكانی پێشوو كۆتایی پێدەهێنێ. دووبارە هونەر بەرگریكردنە، راستە ئەو تەنها شتێك نییە، كە بەرگری دەكات! بەڵام هەموو كارێكی هونەریی داهێنەرانە هەر دەبێ هەڵگری فیكرەی بەرگریكردن بێ.
دۆلۆز دەیەوێت هەموو ئەو دەستەواژە سواوانە بەتاڵ بكاتەوە، چونكە گرنگە وەك تووتی لاساییكەرەوە نەبین، گروپی فەیلەسوفان یان هونەروەران بە چییەوە پەیوەستن. گرنگ ئەوەیە پرسیار بكەین و پشكنین بكەین و بەرگری بكەین، ئەگەر گونجا بتەكان تێبشكێنین.
كاری داهێنان، بەرگریكردن لە تاراوگە
كردەی بەرگریكردن وەك ئەوەی داهێنانە، لەنێو خۆیدا دوو رووە، لەگەڵ ئەوەی هونەرە، لە دواجار كارێكی مرۆییشە. بۆیە هەموو فۆڕمێك لە فۆڕمەكانی كاری هونەری وەك پێویست تێكۆشانێكی مرۆییە. بەڵام ئەو تێكۆشانە مەرج نییە هەمیشە لە كاری هونەریدا فۆرمەلە بكرێ، تەنها زۆر بە كەمی گروپی داهێنەران دەتوانن لە تاراوگەدا فۆرمەلەی بكەن، لە تاراوگەدا گروپی داهێنەران زەوییەكانیان لە كوێیە.
هیچ كارێكی داهێنەرانە لە دەرەوەی تاراوگەدا نییە. (مەبەست لە تاراوگەیی بەزاندنی سنوورەكانە، دۆلۆز دەڵێ تاراوگەنشینەكان، یان كۆچەرەكان لەسەر هێلی هەڵهاتن دەجوولێن، هیچ سنوور و جەوهەرێكی جێگیر نابینن... و:ك) ئەگەرچی داهێنەرەكەی لە نیشتمانی دایكیشیدا بێت، چونكە داهێنەر هەركە دەستی بە كار كرد، بە هەموو مانایەك دەكەوێتە تاراوگە و دەرەوەی نیشتمانی دایكەوە. لە راستیدا داهێنەر بە كاری فەلسەفە هەڵدەسێ، واتە پرسیار بەرەو رووی جوانی و حەقیقەت و چێژ دەكاتەوە. بەمجۆرە داهێنەر كاری داهێنان وەك پرسی فەلسەفی لێكدەداتەوە، واپێدەچێ ئەو بابەتانە بكەونە دەرەوەی پرسیاركردنەوە، بەڵام لە راستیدا ناكەوێتە دەرەوەی پشكنینەوە.
بەمجۆرە كاری داهێنان چ هونەری بێ، یان زانستی، یان فەلسەفی، یان هەتا سیاسی، وەك ئەفلاتوونییەكان، نیچەییەكان، ماركسییەكان، ئەوانیدیكە تەمومژاوی نییە.
سەرچاوەكانی نووسەر:
- "جیل دولوز"/"فلیكس غتاری" "ما هی الفلسفە؟" ترجمە مركز الإنماو القومی بیروت گبعە 1997.
Claire Colebrook, Philosophy and Post-structuralist Theory: From Kant to Deleuze -2 Edinburgh University Press, 2005.
3– Gilles Deleuze on Cinema: What is the Creative Act 1987 (English Subs), https://www.youtube.com/watch?v=a_hifamdISs
4- هەمیشە لەسەر هێلی هەڵاتن داهێنان دەكەین، لەبەر ئەوەی نا كە خەیاڵ دەكەین، لەبەر ئەوە نا كە خەون دەبینین، بەڵكو لەبەر ئەوەیە كە واقیعێك لەسەر هێلی هەڵاتن دەكێشین و رووتەختی پێكەوەسازانی لەسەر پێكدەهێنین. بڕوانە (گفتوگۆكان) ژیل دۆلۆز- كلەیر پارنێت. وەرگێڕانی بۆ كوردی هاوار محەمەد، زنجیرە كتێبی ناوەخت- ناوەندی غەزەلنووس 2020. ل296.
5 - گفتوگۆكان)، ژیل دۆلۆز- كلەیر پارنێت. وەرگێڕانی بۆ كوردی هاوار محەمەد، زنجیرە كتێبی ناوەخت- ناوەندی غەزەلنووس 2020. ل355.
لە ئینتەرنێتەوە: الجزیرە. 28/4/2017
نوسینی: هند مسعد.