کتێبفرۆشەکانی سەرا، شوێنێکی ناوازەو سەرنجڕاکێشی شاری سلێمانییە، ئەم شوێنە کە ساڵانێکی زۆرە چەندین سندوقی پڕ لەکتێب لەخۆدەگرێو رۆژانە هەزاران کتێبو گۆڤاری چاپکراوی کۆنو نوێی تیا نمایش دەکرێ، سەرنجی ئەو کەسانە رادەکێشێت خولیای خوێندنەوەن یان بەرێبواریی بەوێدا تێدەپەڕن، سەرا سەنتەری شارو قەرەباڵغترین شوێنی سلێمانییە.
مێژووی کتێبفرۆشی لەدەوروبەری سەرا دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی بەعس، کە زۆرجار بەنهێنی کتێبی قاچاخیشی تیا دەفرۆشرا، بەڵام کۆبوونەوەی کتێبفرۆشەکان لەم شوێنەی ئێستای سەرادا، دەگەڕێتەوە بۆ ساڵانی دوای راپەڕینی بەهاری ١٩٩١، کە کتێبی دەستی دوو بووە جێگەی سەرنجی ئەو ئارەزومەندانەی دەیانویست بەنرخێکی هەرزان کتێبیان دەستبکەوێو یەکەم گروپی کتێبفرۆشی ناوداری شارەکەش لێرەوە دەستیانپێکردو نەریتێکیان داهێنا کە تا ئەمڕۆش بەردەوامە.
شارەوانی سلێمانی چەندین جار هەوڵی لابردنی ئەو سندوقە کتێبانەی داوە کە لەسەرا دانراونو ویستویەتی کتێبفرۆشتن لەو شوێنەدا قەدەغە بکات، بەڵام هەوڵەکانیان بێسوود بووە، کتێبفرۆشێکی سەرا لەم راپۆرتەی ئاوێنەدا دەڵێت "ئەم شوێنە رۆحی سلێمانییە".