ئەدیبانی كورد و سوڵتانەكانی عوسمانی
  2024-03-14       1691       

نەجات نوری

 

كوا ئەو دەمەی كە كوردان ئازاد و سەربەخۆبوون

سوڵتانی موڵك و میللەت، ساحێبی جەیش و عیرفان!

حاجی قادری كۆیی

 

ئەو پرسیارەی دەبێت وەڵام بدرێتەوە: ئەدیبەکوردەکان لە دەوڵەتی عوسمانیدا چیبوون؟ چیان وتووە؟ چیان ویستووە؟

دەوڵەتی عوسمانی 1299- 1923 پانتاییەكی فراوانی لە خاكی گەلێك لە وڵاتانی لە ژێر ناوی خەلافەت و ئاینداری دا داگیركردبوو، كوردوستانیش لە ژێر ڕكێفی عوسمانیەكاندابوو، لەگەڵ ئەو هەموو پەلامار و كوشتارە زۆر و نامرۆڤایەتیانەدا كە عوسمانیەكان دژی كورد پەیڕەویان دەكرد، كەچی زۆری سوڵتانەكانی عوسمانی حورمەتی شاعیر و ئەدیبە كوردەكانیان دەگرت و هاوكاریان دەكردن و جێگە و ڕێگە و پلەو پۆستیان پێدەدان، بەشێك لەو شاعیر و ئەدیبانە شار و زێدی خۆیان بەجێدەهێڵاو ڕویاندەكردە ئەستەمبوڵ و شارەگەورەكانی ئەوسای عوسمانی، ئەم ئەدیبەكوردانە لەتاو چەوساندنەوە و غەدری ئاغا و میرە كوردەكان سەری خۆیان هەڵدەگرت و بەرەو باوەشی داگیركەرەكەیان دەچوون و لەدەرباری سوڵتانەكاندا ئارامیان دەگرت و دەمانەوە و پۆست و پایەیان پێ دەبەخشرا، شێخ ڕەزا و پیرەمێرد و نالی و حاجی قادری كۆیی و ئەمین زەكی بەگ و مەحوی و دەیانی وەكو ئەوان لەو ناوە دیارانەن كە پەنایان بۆ كاربەدەستانی عوسمانی بردووە و لەگەڵیاندا دۆست بوون و كاریان لەگەڵداكردوون، ئەم سەرهەڵگرتن و ڕۆیشتنانە جیاوازن و لێكدانەوەی جیا جیا هەڵدەگرن بۆ ئەو قۆناغە، بۆ نموونە پیرەمێردی شاعیر بە ویستی خۆی زیاتر لە بیست و پێنج ساڵ لە ژێر سایەیی عوسمانیەكاندا بە كار و پۆستی جیا جیا دەمێنێتەوە و لەوێ ژن دێنێـت و نەوەدەخاتەوە و ناگەڕێتەوە بۆ شارەكەی خۆی تا ساڵانێكی زۆر، مەحوی شاعیر دەچێت سوڵتانی عوسمانیەكان دەبینێت و سوڵتان بەفەرمان دەكات حانەقایەكی بۆ دروستبكەن و هاوكاری ساڵانەی بكرێت، ئەمین زەكی بەگ چەند پۆستی گرنگی لەناو لەشكری عوسمانیەكان دا هەبووە، شێخ ڕەزا و نالی و حاجی قادری كۆییش لە ژێر سایەیی عوسمانیەكاندا لە ئەستەمبوڵ ساڵانێكی زۆر ژیاون و نالی بۆ هەمیشە لە غوربەت دا و لە ئەستەمبوڵ كوچی دوای دەكات.

ئەم ئەدیبانەی كورد ژماریەیان بۆ ئەوكاتانە چەند كەس بووبن و لە چەند لاوە چووبنە ژێر سایەی سوڵتانەكانەوە گرنگ نیە، بەڵام لە وێنەی ژیان و مانەوەیان لە ژێر دەسەڵاتی سوڵتانەكانی عوسمانی دا خوێندنەوەی ئەوە هەڵدەگرێ كە ئاین و پیرۆزی سوڵتان وەكو خەلیفە بۆ ئەوان لەسەرو هەموو شتەكانی ترەوەبووە و بەئەركێكی ئاینیان زانیوە و لە زۆر جێگادا پاشەكشەیان لە زۆر هەڵوێستی خۆیان كردووە، ئەگەر ورد لێیان بڕوانین و بچینە ناو ئەو قۆناغەوە بۆ ژیانیان بۆمان ڕوودەبێتەوە كە بژێوی ژیان و چەوساندنەوەیان لە زێدی خۆیان هۆكاربووە بۆ ئەم چوونەیان بۆ ژێر سێبەری سوڵتانەكان، لەوێ بە ئارامیەوە ژیاون و بژێویەكیان بۆ خۆیان مسۆگەركردووە و بێدەنگیان لە گەلێك لە ڕەفتارەكانی كاربەدەستان كردووە، ئەوە جیایە كە جار جار بە شیعر بیری خاك و شار و نەتەوەكەی خۆیان كردووە و ناڵەی دەرونی خۆیان بە وشە ڕاگەیاندووە، شیعر جیایە لە دەنگهەڵبڕین و هەڵوێست وەرگرتن، بەدیوەكەی تریشدا هەم پیرە مێرد و ئەمین زەكی بەگ و گەلێك ناوداری تری كورد لەو قۆناغەدا كەوتوونەتە ژێرباری كەمتەرخەمیەكی هێجگار گەورەوە، بەتایبەت ئەم دوو كەسایەتیە چونكە نزیكبوون لە كۆشك و دەرباری سوڵتان و ناوەندەكانی دەسەڵاتەوە، زۆرباش دەیانتوانی گرنگی بە ژیان و بەرهەمی كەسانی وەكو نالی و بەرهەمی ونبووی شاعیر و ئەدیبانی تری كوردبدەن و لە فەوتان و لەبیرچوونەوە بیانپاراستنایە و بیانگەڕاندنایەتەوە بۆ ناو كتێبخانەی كوردی. بە هەچ بیانوویەك بووبێت ئەوان كەمتەرخەمی سەرەكین بۆ نەكۆكردنەوە و گەڕان بە شوێن بەڵگە و ژیانی ئەدیبانی كوردا لەو قۆناغەدا، بە خوێندنەوەمان بۆ ژیانی ئەو شاعیر و ئەدیب و كەسایەتیانە لە ژێر سایەی سێبەری سوڵتانەكانی عوسمانی دا ئەوەمان بۆ دەردەكەوێت كە ئەوانە كەسانێكبوون بۆ خۆیان ژیاون و دوورەپەرێزانە نەیانوویستووە تێكەڵ بە ڕووداو و كێشە و كۆمەڵەكانی ئەو ڕۆژگارەببن و بەشداری هیچ جوڵانەوەیەك بكەن لە پێناو ماف و داوای نەتەوەكەیان دا، هەوڵنەدان بۆ كۆنەكردنەوە و بۆ بەدواداچوونی بەرهەم و ژیانی ئەدیبانی پێش ئەم كەسانە ، خۆی لە خۆی دا ئەوەمان بۆ دەردەخات كە ئەدەب و ئەدیبانی كورد زۆر لە یەك جودابوون و هیچ پەرۆشیەكیان بۆیەكتری نەبووە و خراپ یەكتریان بە فەرامۆشی سپاردوە و هاودەنگ و هاوسەفەری یەكتری نەبوون، خۆ ژیاندن و دوورە پەرێزی لەیەكتری كارێكی هێجگار كوشندەبووە بۆ ئەوكەسانە و لە دووری یەكتری ئەوەی پێیان كرابێت تەنیا خۆ ژیاندن و دەستگرتن بووە بە پۆستەكانیانەوە، لە كۆی ژیانی ئەم ئەدیبەكوردانە شتێكی ئەوتۆمان وەكو هەڵوێست جگە لە شیعرەكانیان دەست ناكەوێت بۆ بەرەنگاری دژی سوڵتانەكان، كاتێك بەم وێنەیەی بەشێك لە ئەدیبان و شاعیرانی كورد دەگەین دەبینین كە هەڵوێستی سوڵتانەكان لە پایی بێدەنگی و ستایشیان چەند بەخشندەبووە بۆ ئەو ئەدیبە كوردانە و چۆن چۆنی هاوكاری كراون، ئەم بێدەنگیەیشان وایكردووە كە هیچ كاتێك لە ژێر ساییەی سوڵتانەكان دا نەچەوسێندرێنە و سزانەدرێن و دوورنەخرێنەوە، لەم دوو وێنەیەوە بەخشندەی سوڵتانەكان بۆ ئەوان و بێدەنگی بەشێك لە ئەدیبەكوردەكان لەپایی كارەخراپەكانی ئەو سوڵتانانە، ئەوەمان بۆ ڕوون دەبێتەوە كە ژیانی ئەوكاتانەی شاعیر و ئەدیبەكوردەكان بە دابڕانێكی كوشندەدا لە یەكتری گوزەری كردووە و بایەخی یەك هەڵوێستیان نەزانیوە بۆ بوونی نەتەوەكەی خۆیان و بۆ بوونی ئەدەبەكەیشیان، ئەم دابڕانەیان هۆكاربووە كە هەر یەكەیان لە گۆشەوكەناری شارێكی دووردا بۆ ژیانی خۆیان تێبكۆشن و بیر لە بەگژاچوونەوەی سوڵتان و كاربەدەستانی ئەوكاتانە نەكەنەوە، دیار و پۆست و موچەیش لەلایەن سوڵتانەكانەوە بۆ ئەو ئەدیبەكوردانە وەكو شتێكی موقەدەس و بەبەها تەماشایی كراوە و لادان لێیان بە گوناهــ ئەژماركراوە، بۆ سوڵتانەكانیش بێدەنگی ئەو شاعیر و ئەدیبە كوردانە خۆی لە خۆیدا گرنگ بووە، بۆیە چیان پێكرابێت بۆ هاوكاریان درێغیان نەكردووە و وەكو دۆستی ئاینی خۆیان تەماشایان كردوون، تەنانەت نەك بۆ ئەدیبە كوردەكان بەڵكو بۆ پیاوانی ئاینی كوردیش بۆحوجرە و مزگەوت و قوتابخانەكانیشیان تا بێدەنگیان بكەن و بەلای خۆیاندا پەلكێشیان بكەن هەموو هاوكاریەكیان كردوون.

بە گەڕانەوەمان بۆ ژیانی ئەو شاعیر و ئەدیبەكوردانەی ژێر دەسەڵاتی عوسمانیەكان بەوە دەگەین كە لەوكاتانەدا زۆری ئەو شاعیر و ئەدیبەكوردانە بە تەنیا بۆ خۆیان ژیان و پشتیان بە هاوكاری و دۆستایەتی سوڵتانەكان بەستووە و لایان گرنگ نەبووە كە چی لەناو میللەتەكەیاندا وەكو داگیركاری و ستەم دەگوزەرێت، ئەوەی بۆ ئەوان گرنگبووە خۆژیاندن بووە نەك هەڵوێست و بیركردنەوە لە نەتەوەكەیان بە كردار نەك بانگ و ئاهــ و ناڵەی ناو دیوانە شیعرەكانیان كە كردوونی بە شۆڕشگێڕێكی هێجگار مەزن.

© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×