ئەمڕۆ ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق کۆدەبێتەوە و گفتوگۆ لەسەر حەوت پرۆژەیاسا دەکات
  2024-03-12       206       

ئەمڕۆ ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراق کۆدەبێتەوە و گفتوگۆ لەسەر حەوت پرۆژەیاسا دەکات، بەڵام هەڵبژاردنى سەرۆکى ئەنجوومەنەکە لە کارنامەى کۆبوونەوەکەى ئەنجوومەنى نوێنەراندا نییە.

ئەمڕۆ سێشەممە، 12ی ئازاری 2024، ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق کۆبوونەوەی ژمارە 15ی خۆی ئەنجامدەدات.

بەگوێرەى خشتەى کۆبوونەوەکە، "لە تەوەری یەکەمدا، بەدواداچوون بۆ ئەو تانانە دەکرێت سەبارەت بە راستی و دروستی بەئەندامبوونی ژمارەیەک لە پەرلەمانتاران، دواتریش دەنگ لەسەر پرۆژەیاسای هەموارى دووەمی تۆڕی راگەیاندنی عێراق دەدرێت".

لە تەوەرێکى دیکەى کۆبوونەوەکەدا، "خوێندنەوەی یەکەم بۆ پرۆژەیاسای بەئەندامبوونی عێراق لە رێککەوتننامەی پەیوەست بە پێشانگاکانی نێودەوڵەتیی پاریس دەکرێت کە لەساڵی  1928 واژۆکراوە و خوێندنەوەی یەکەمیش بۆ پرۆژەیاسای هەمواری یەکەمی یاسای دەزگای شەهیدان دەکرێت".

لەتەوەری پێنجەمی دانیشتنەکەشدا، "خوێندنەوەی یەکەم بۆ پرۆژەیاسای قەرەبووکردنەوەی ماڵ و موڵکی زیانلێکەوتووانی دەستی رژێمی پێشووی عێراق دەکرێت و گفتوگۆ لەسەر(خوێندنەوەی دووەم)ی پرۆژەیاسای بەئەندامبوونی عێراق لە رێککەوتنی نێودەوڵەتی زەیتی زەیتون دەکرێت".

لە کۆتا تەوەری دانیشتنەکەى ئەنجوومەنى نوێنەراندا، "گفتوگۆ لەسەر پرۆژەیاسای گەڕاندنەوەی داهاتەکانی گەندەڵی دەکات کە لەلایەن دەستەی دەستپاکییەوە پێشکەشکراوە".

بەڵام هەڵبژاردنى سەرۆکى ئەنجوومەنەکە لە کارنامەى کۆبوونەوەکەى ئەمڕۆى ئەنجوومەنى نوێنەراندا نییە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×