شوان کەمال
لەم ڕۆژانەیا لە سۆشیال میدیا ئەم بابەتە زۆر بەرچاو ئەکەوێت دوای ئەوەی هاوڕێیەکی ئازیزمان کاک زاموا بابەتێکی بڵاوکردبوەوە.دیارە رەخنەی گرتبو لە هێنان و دانانی پەیکەرەکە بەم شێوەیە.
وەک پەیکەرسازێک و شارەزای بوارەکە وام پێ باش بو کە لەم جۆرە کارانەیا پرس و ڕا بە خەڵکانی شارەزای بورارەکانی پەیکەرسازی و کلتوری و مێژویی بکرێت تا دوایی نەکەونە ئەم جۆرە ڕەخنە و سەرزەنشت و گلەیانەوە.
نازانم کێ هەڵساوە بەم کارە؟شارەوانیە،حیزبە،پارێزگایە؟کەس نازانێت!
بۆ پرسێکی گەورەی وەک قوربانیانی چەکی کۆمەڵکوژ و دروستکردنی مۆنۆمینتەکەی هەڵەبجە پرسیان بە ئێمەومانان نەکرد،زۆربەی پەیکەرسازان و هونەرمەندان بێ ئاگا بون.
بەرای من بۆ ئەم پەیکەرەی سەدام بیانهێنایە لە سوچێکی مۆزەخانەکە فڕێیان بایە یان لە تەنیشت تانک و دەبابەو تۆپە شکاوەکان دایانبنایە ئاسایی بو.
بەڵام بە شێوەیەی ئێستا گرنگی زۆر بە بنکەو تەغلیفکردنی بە بەردی مەڕمەڕ و نوسین ئەم شتانە مبالەغەیە و دانانی پەیکەرەکەش هیچ حساباتی بۆ نەکراوە نەزانانە دانراوە!
کاتی خۆی لە کۆتایی هەشاتاکان لە سەردەمی بیرۆستریکا و روخانی دیواری بەرلین و هەڵوەشاندنەوەی یەکتی سۆڤێتی جاران و جیابونەوەی وڵاتانی ئەورپای ڕۆژهەڵات زۆرێک لەو پەیکەرانەی لینین و ستالین کەوتنە بەر شاڵاوی خەڵکی توڕەو ڕاپەڕیو ڕوخان و شکێنران.
ئیتر پەیکەری مۆنۆمینتی و پۆترێت و فیگەریشی تیابو لە شکێنراوەکان.
ئەم پەیکەرانە دیارە شارەوانی ئەو وڵاتانە کۆیکان کردونەوە بەڵام هەنێکیان وەک مێژویەک و باسکردن لەو سەردەمە ناخۆشە لە پارک و شوێنە گشتیەکان نمایش کراون، وەک خۆی بەشکاوی و پاڵکەوتویی دانراون،گرنگیان پێنەدراوە، ئەمەش خۆی لە خۆیدا پەیام و گوزارشتە لە تەوابونی ئەو سەردەمە بونی بە رابوردو بەشێک لە مێژوی ئەو وڵاتانە.