د. جاسم خۆشناو
Visita alla Galleria degli Uffizi - Firenze
رۆژی یەکشەم، ٢٤ دیسەمبەری ٢٠٢٣ سەردانی شاری فیرێنزێ - فڵۆڕانس Firenze کرد کە ٨٠ کم لە شارەکەی خۆمان، پیزە - Pisa ، دوورە. زوو زوو سەردانی فڵۆڕانس دەکەین و باش شارەزاین، ئەمجارە بڕیارماندا سەردانی مۆزەخانەی ئوفیسی Uffizi بکەین، بە یەکێک لە کۆنترین و دەوڵەمەندەکانی جیهان دەژمێردرێ.
لە راستی من لە ١٩٨١ تاکو ئێستا ئەوە پێنجەم جارە سەردانی بکەم، بە زۆری لەگەل دۆست و هاوڕێیانم کە لە ولاتانیتر هاتوون.
شاری فڵۆڕانس بە شارێکی جوان و هونەر ناسراوە، مەلبەندی لە دایکبوون و گەشەکردنی قۆناغی رێنانسیە Rinascimento. لێرە هونەرمەند، نیگارکێش و پەیکەرساز، نووسەر و ئەدیب و زانا و پیاوی دەوڵەت لەدایکبوون و جێ پەنجەیان لە مێژوودا ماوە.
شاری فڵۆڕانس لە سەردەمی بنەمالەی مێدیچی Medici گەشە دەکات، بنەمالەیەکی لایک و هونەر و ئەدەب دۆست بوون. لە سایەی دەسەلات و کۆمەک و هاندانی ئەوان رێنانسی بازی گەورە دەهاوێ.
فڵۆڕانس، لە کۆنەوە، پایتەختی هەرێمی تۆسکانا Toscana بووە، لەسەردەمی بنەمالەی مێدیچی بەهێزترین و دەوڵەمەنترین میرنشینی ئیتالیا بووە، پارەیەکی زۆریان بۆ پەیکەر و تابڵۆ هونەریەکان تەرخان دەکرد.
لە سالی ١٥٦٠ بڕیاری دروستکردنی بالەخانەی ئوفیسی - Uffizi دەدرێ، ئەرکەکە بە جۆرجۆ ڤەزاری - Giorgio Vasari (١٥١١ - ١٥٧٤) نیگارکێش و تەلارسازی بەناوبانگی ئەوکات، دەسپێردرێ، لە سالی ١٥٨١، بە فەڕمی تەواو دەبێت و دەبێتە شوێنی ئۆفیسە سەرەکیەکانی "دەوڵەت"، بە تێپەڕبوونی کات دەبێتە کۆنترین مۆزەخانەی ئەوروپا و جیهان.
بالەخانەکە لەسەر شێوە U دروستکراوە، لە ٣ نهۆم پێکهاتووە، ئێستا، لە ١٠ هەزار مەتر دووجا رەتیکردووە و لە فراوانکردنیشی بەردەوامن، سالانە ملیۆنان گەشتیار سەردانی دەکەن.
ئێستا تابڵۆ - شاکارەکانی سەدەی ١٣ - ١٩ زا، هی ئەم هونەرمەندانەی تیا پارێزراوە:
Raffaello, Botticelli, Giotto, Tiziano, Pontormo, Bronzino, Andrea del Sarto, Caravaggio, Durer, Rubens, Leonardo da Vinci.
جگە لەم تابڵۆیانەش کۆمەلە پەیکەری بەناوبانگی سەردەمی رۆمانەکان لە خۆ دەگرێ.
هەر پەیکەر و تابڵۆیەک داستان، چیرۆک و روداوێک دەگێڕێتەوە. بە تایبەتی تابڵۆکان: باسی دروستکردنی جیهان، ئادەم و حەوا و سێو خواردن و دەرکردنیان لە بەهەشت، نیەتی سەربڕینی حەزرەتی ئیسماعیل لە لایەن باوکی و هاتنی جوبڕایل بە خۆی و بەرخێک و رزگارکردنی، شەڕو پێکدادان، زولم و بەخشندەیی، ستەمکار و ستەملێکراو، ئایین و زانست، بۆنە ئاینی وکۆمەلایەتی و خێزانیەکان و..... تاد.
کاتی خۆی، لە ئازاری ١٩٨١، کە گەیشتمە ئیتالیا دوای چەند رۆژێک یەکسەر سەردانی ئەم مۆزەخانەمکرد، ئەوکات لە حەوشەی ئەم بالەخانەیە بەدەیان هونەرمەندی کورد، نیگارکێش و پەیکەر ساز، کاری پۆڕترێت و تابلۆی جیا جیایان دەکرد. لەو هونەرمەندانەی لەبیرم ماون، بەڕێزان:
قەرەنی جەمیل، فواد عەلی، بالدین ئەحمەد، لالە عەبدە، ئازاد ئەحمەد، هونەر خدر، بەختیارە سور، دڵشاد پیرداود. سمکۆ تۆفیق، ئاسۆ سەدیق، سەردار علی و ... زۆریتر. لەم ژمارەیەش زیاتر لە دوکانە سەفەریەکان کاریان دەکرد: ئازاد شێخانی، نازم رەشید، سەلام عەدۆ، نەوزاد ئەحمەد و ئەلبێرت عێسا و زۆریتر. ئەوکات، تا سالی ١٩٨٤ ئەو گۆڕەپانە،حەوشەی بالەخانەکە بە "گۆڕەپانی کوردستان"، لە لایەن کوردەکان، ناسراوبوو.
لە ناو حەوشەکە کە فۆڕمی U وەرگرتووە بە پەیکەری زاناو دانا، هونەرمەند و شاعیر و ئەدیب و سیاسەتوان، بە قەبارەی مرۆڤ، رازاوەتەوە، وێنەی هەندێکیان دادەنێم.
سەلاحەددینی ئەیووبی لێرە چ دەکات؟
ئەمجارە لەگەل هاوژین و مندالەکانم سەردانمانکرد، ٨ چاو بووین و هەر چواریشمان حەزوو زانیاریمان لەسەر "مێژووی هونەر" هەیە بۆیە لە پڕێکا وتیان "ئەها ئەوە سەلاحەدین ئەیووبیە"، کە لێی وردبوومەوە لە نهۆمی دووەم، لە بنمیچەکە، لەوانیە ١٠م بەرزبوو، وێنە - تابڵۆی ژمارەیک کەسایەتی ئیسلام و رۆژهەلات دانرابوون، لەوانە: سولتان سولەیمانی قانونی، شا ئیسماعیلی سەفەوی و...هتد.
وێنەی سەلاحەدین ئەیووبی دانراوە
ئیتالیا بە وولاتی جوانی، هونەر، زانا و دانا و شاعیران ناسراوە، زۆرترین مۆنومێنتی UNESCO لەئیتالیان، ژمارەیان ٥٩ یە و ٣١ دانەیتریش کاندیدکراون. لە هەرێمی تۆسکانا، بە شاری فڵۆڕانس، ٧ مۆنومێنتی یونێسکۆ هەیە، لەبەر ئەوە سالانە ٥ - ٦ ملیۆن گەشتیار روو لە تۆسکانە دەکەن، زۆربەشیان سەردانی شاری فڵۆڕانس دەکەن، نزیکە ٣ ملیۆن کەس سالانە سەردانی مۆزەخانەی ئوفیسی Uffizi دەکەن.
من بۆ خۆم کە سەردانی وولات و شارێک دەکەم حەز دەکەم و سەردانی مۆزەخانەکان بکەم.
لە ئیتالیا هەموو شارەکان، پاریزگاکان مۆزەخانەیەک یان زیاتریان هەیە و هەمووشیان دەولەمەندن.
راسپاردەم بۆ دۆست و هاوڕێیان ئەگەر سەردانی ئیتالیایانکرد، لەبەیر نەکەن، بە پێی توانا، سەرێک لە مۆزەخانەی ڤاتیکان لە رۆما، پەلێرمۆ، ناپۆلی، فڵۆڕانس، بۆلۆنیا، ڤینیسیا، تۆرینۆ، مانتۆڤە، جەنەوا و ئەوانیترش بدەن.