ڕەخنە لە عەقڵ، نوسەرێك لە ڕابوردوو دەدوێ
  2023-12-21       2322       

نەجات نوری

 

(لەستایشی ژیاندا) كتێبێكی 509 لاپەڕەیی یە، دەبێتە یادەوەریەكانی نووسەر و شاعیر (ڕەفیق سابیر) كتێبەكە دەبێتە ئەو ڕێگانەی كە نووسەر پێدا گەشتی تەمەنی خۆی دەست پێدەكات بۆ گەیشتن بە ئامانجێك! ئەم ڕێگایانە دوورودرێژن، دەیان ڕێگای پڕ لە مەترسی و گران و تاریك و گوماناوین، دەیان ڕێگایی پڕ لە پرسیارن، لە كۆتایی هەر ڕێگایەكدا كە دەكەنە بەشەكانی كتێبێك وەكو یادداشتی كەسێك كە بە ڕۆحێكی ئازایانەوە دێت ڕەخنە لە عەقڵی تاكی كورد و دۆست و هاوڕێكانی خۆی دەگرێت، ئەو عەقڵێتانەی كە خۆیان شۆڕشیان دەكرد و هەر خۆیشیان دایان دەڕماند لە پێناو بەرژەوەندیەكانیاندا، عەقڵیەتی ئەو سەركردانەی كە خۆیان وەكو كۆمۆنیزم و بەرەی ئازادیخوازان نیشاندەدا كەچی وەكو سەرۆك خێڵ ڕەفتاریان كردووە، بوونەتە هۆكاری داڕمانی خەونی كۆمەڵگایەكی وەكو كوردی چەوساوە.

 

 لەم یادداشتانەدا ئێمەی خوێنەر بە وردی دەكەوینە بەردەم ئەو ڕەخانەوە كە نووسەر لە عەقڵی تاكی كوردی دەگرێت، ئەو تاكانەی كە لە ناو شۆڕش و نووسەراندا وەكو نوخبە و ڕابەر دەردەكەوتن، بەڵام ئەمانە نەك عەقڵانی نەبوون نەك ماركسی و پێشكەوتووخواز نەبوون بەڵكو هێجگار ناعەقڵانیانە شۆڕش و بیری خۆیان بردووە بەڕێوە، لەپایی دەیان هەڵەی گەورە بوونەتە هۆكاری مەرگی دەیان مرۆڤی ئازاو بە هەیبەت و نەدار و بەباوەڕ، مرۆڤی ئێمە تا ئەم كاتانەش باجی ئەو ناعەقڵانیەتەدەدا كە نووسەر بە درێژای شەست ساڵی ڕابووردوو ئەم یادداشتانەی بۆ تەرخان دەكات، بەش بەش دێت بە نموونە زیندووەكانی ناو ڕووداوەكانی سەردەمی ژیانی خۆی دەمانباتەوە سەر ئەو برینە زۆرانەی كە بوونە هۆكاری دەیان داڕمان لە كاتی خۆیدا، لەپشت هەر دێڕ و وێنەیەكی ناو ئەم كتێبەوە ئێمە بە گیانفیدای و باوەڕ و ئەخلاق و جوانی ئەو مرۆڤانە دەگەین كە هەموو تەمەنی خۆیان كردە قووربانی بۆ سەركەوتنی شۆڕش و هێنانەكایە كۆمەڵگایەكی ئازاد و بێ چەوساندنەوە، زۆری ئەم ئینسانە ئازا و باشانە ئەو كەسانەبوون كە بە گیان و پارە و جلوبەرگی خۆیان ڕێگای سەختی تێكۆشانیان گرتبووەبەر بەڵام وەكو خاوەنی ئەم یادداشتانە و هەزاران كەسی ماندووی تر دەبنە قوربانی ئەو ڕابەرە ناعەقڵانی و دواكەوتوانەی كە دژی ئەخلاق و باوەڕی خۆیان وەستانە و بوونە مرۆڤی گەندەڵ و دووژمن بە خاك و خەڵكی خۆیان، هەموو نموونەكانی ناو ئەم یادداشتانە مرۆڤ لەبەردەم ئەو باوەڕە نەگریسانەدا ڕادەگرن كە جەلادئاسا بەربوونە گیانی تێكۆشەرەكانی یەكتری چ لە شاخ و چ لە شارەكاندا و گیانی دەیان پیاوی مەردیان لە پێناو ناعەقڵانی خۆیاندا كردە قوربانی و دواتر خۆیان و ماڵ و منداڵیان وەكو شا ژیان، ئازار لە وێنە و نموونەكانی ناو ئەم یادداشتانەوە دێنە ناو ڕۆحی ئێمەوە، بەرەو ئەو باوەڕەمان دەبەن ئێمە تاكو ئێستاش هیچ سەركردە و ڕابەرێكی عەقڵانیمان نیە و نەبووە، ئەوەی لە ڕابووردوویشدا هەبووە چ وەكو ڕابەری كۆمۆنیزم و خێڵ و ئاین وەكو شایەكی ترسنۆك و بكوژ فەرمانی بە كوشتنی دیل و عاشقان وخەڵكی مەدەنی داوە تا نەیارەكانی خۆی ببەزێنێت نەك دووژمنە سەرسەختەكەی كە بەعس و فارس و تورك بووە، هێجگار بە ئازارە كە لەم یادداشتانەدا دەبینین كە پیاوە ئازاكان چیان بەسەرهاتووە لە سایەیی نا عەقڵانی و دژ بەیەكی ڕابەرەكانیانەوە، ئاخر ئەگەر چ شۆڕشگێڕبیت چ نووسەربیت چ بازرگان بیت ئەگەر باوەڕ و ئەخلاق و ویژدانی لەگەڵدانەبوو ئەوا ئەو كەسانە دەبنە جەلاد و مەرگهێنەر بۆ ئایندەی كۆمەڵگاكانیان و بوویشن، ڕێك ئاوا لەم یادداشتانەوە ئێمە بە درێژای شەست ساڵی ڕابووردوو دەكەوینە بەردەم ئەو مرۆڤانەی كە هاتن بەبێ بیركردنەوە كەوتوونەتە گیانی یەكتری و بە هەزاران قات زیاتر لە بەعس زیانیان بە شۆڕش و گیانی یەكتری گەیاندووە و یەكتریان لەبەر یەك هەڵتەكاند، لەم كتێبەدا خوێنەران دەكەونە بەردەم شیكاریەكی وردی ناو جوڵانەوەكانی كورد لە شەست ساڵی ڕابووردا، بەو مەینەتی و ناعەقڵانیانە دەگەن كە نووسەر خۆی شایەتی ناویانە، بەو مەرگەساتانە دەگەن كە گیانی دەیان كەسی تێكۆشەریان بە غەدر تێدا كراوەتە قوربانی و بە ناهەق دەیان كەسی ئازادیخواز لە پێناو بەرژەوەندی هەندێك كەسی ناعەقڵانیدا لەناوبراوە، خاوەنی ئەم یادداشتانە دوای دەیان ساڵ لە شۆڕش و ماندووبوون دواجار خۆیشی دەبێتە یەكێك لەو هەزاران قوربانیەی كە هاوڕێكانی خۆی لە پێناو دەستكەوتی خۆیاندا تەمەنیان بە بادا، هەر بەشێكی ئەم یادداشتانە دەخوێنینەوە بە مەینەتی و بە گیان فیدایی زۆر لەو ئینسانە مەردانە دەگەین كە لە ڕۆژگاری خۆیاندا چەند چالاكانە چووبوونە ناو بۆتەی شۆڕش و مەرگەساتەكانەوە، دەبێت بپرسین ئەو هەموو ئینسانە مەردانە چوونە كوێ و چیان لێهات؟ ئەی لە شوێنی ئەوان لە سەر خوێن و قوربانی ئەوان كێ هاتووە و چی بە ڕابووردووی ئەو ئینسانە تێكۆشەرانە دەكەن؟ دەبێت بڵێم ئەم یادداشتانە تێكڕا ڕەخنەیەكی جدی و بە بایەخە لە عەقڵ لە عەقڵی ئەو ڕابەر و سەركردە كوردانەی كە لە سەردەمە جیا جیاكاندا لە ژێر باوەڕە جۆر بە جۆرەكاندا كوڕە تێكۆشەرەكانی ناو ئەم میللەتەیان دەكردە قوربانی، دەیانگرتن و گوللەبارانیان دەكردن تەنیا لەبەرئەوەی كە سەر بە بەرەی ئەوان نەبوون، ورد بوونە لەم یادداشتانە گەیشتنە بە باوەڕی نووسەرێكی ڕاستگۆ كە لەگەڵ ژیانە تاڵ و خۆشەكانی خۆیدا زیرەكانە دەست دەبات بۆ هەڵدانەوەی هەموو ئەو هەڵانەی كە هاوڕێ و هاوسەنگەر و كەسانی سەردەمی خۆی كردوویانە و بەبێ دووڵی ڕەخنەیان لێ دەگرێت و كەمووكوڕی و هەڵە زەق و دیارەكانیان دەخاتەڕوو، دواجاریش دەیانخاتە بەردەم دادگای گەلەوە.

© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×