ھەق نییە وا بێ!

د. سالار عوسمان
  2019-08-06   

- چەند ڕۆژێکە بە وردی تاقیبی ڕوماڵ و بڵاوکردنەوەی ھەواڵەکانی ساڵیادی ئەنفالی بارزانییەکان و ساڵیادی کارەساتی شنگال دەکەم، کە دوو ڕووداوی ھێندە ناخھەژێنن، ھەقە، نەک ھەردوو حزبی کوردی: (پارتی و یەکێتی)و ھەموو کوردستان، بەڵکو، ھەقە تەواوی ناوچەکە و جیھان و ویژدانی مرۆڤایەتییش بەیەکەوە، لەسەر یەکڕاستەڕێ، ڕاستەڕێی ئینسان و مافەکانی، ئینسان و یەکسانی، ئینسان و دیموکراسی، ئینسان و ڕەتکردنەوەی ستەم و بێدادی کۆبکاتەوە !..


- ئەوەی من بینیم، ڕاگەیاندن، نەک ھەر لە ئاستی گەورەیی ئەم دوو یادە مەزنەدا نەبوو، بگرە پیشەییانەیش بەرخوردی نەکرد، واتە دەستکورت، دەستکورت لە ئاست باڵایی ئەو دوو ڕووداوە مایەوە و نەیتوانی لەھەردوو ڕوانگە ئینسانی و پیشەکە باش بەرخورد بکات، کە دەکرێ وەک دوو پرسی شوناسی، بەرخوردی فرەڕەھەندی ئامانجدار و بەرھەمداری لەتەکدا بکرێت و، ئاکام، دونیا و ڕای گشتی ڕاکێشێتە نێو واقیعی کوردستان، واقیعێک، کە ئێمە لە نێوخۆماندا چەند حەوجەمان بە تاریف و شەرح و شرۆڤە و ھەڵێنجانی حەکیمانەیە، دونیا سەد ھەندە و پتریش، لێ نە ئەمەمان کرد و نە ئەوە و، کورد وتەنی: ئەمیشم چوو، ئەویشم چوو !..


- ھەر لە نێو ئەو تاقیباتەدا، (ڕۆژنامەی خەبات، کوردستانی نوێ و ھەولێر)ی ڕۆژانی پئنجشەم و یەکشەم و دوێنێشم سەیرکرد، سەرەڕای ئەوەی بابەت و لێکۆڵینەوە و شرۆڤەیەکی وردم تیا نەبینی، ئەوەیش قەینا، کە ھەرگیز نابێ بڵێین قەینا، بڵاوکردنەوەی ھەواڵەکانیش ھەر بەو دەردە چووە، دەردی بچووک
بیرکردنەوە، ئەو دەردەی واز لە کورد، لە نێویشیاندا واز لە ڕاگەیاندنی کوردی ناھێنێت!. بەکورتی تەنێ بە ھەواڵ ئیکتیفایان کردووە، لێ چ ھەواڵێک و چۆن و بە چ تێگەیشتنێک؟!..

 

- مخابن لە ژمارەی ئەم چەند ڕۆژەدا، ڕۆژنامەی کوردستانی نوێ ھیچ ھەواڵێکی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان و سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستانی لەو دوو یادە گرنگەدا بڵاو نەکردۆتەوە، کە یادێکن، وەک پێشتر گوتمان، دەبوا ھەمووان لەسەر یەکڕاستەڕێدا کۆبکاتەوە!. ڕۆژنامەی کوردستانی نوێ ئەم یادانە تەنیا لە ھەواڵ و پەیامی جێگری سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستاندا دەبینێتەوە، ڕۆژنامەی ھەولێریش ھەر وای کردووە و ھەواڵی جێگری سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستانی بڵاونەکردۆتەوە و تەنیا ڕۆژنامەی خەبات نەبێت، کە پەیامێکی جێگری سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستانی بڵاوکردۆتەوە، بە کورتی ئەم ڕۆژنامانە، کە ھی ھەردوو حزبە سەرەکییە حوکمڕانەکەی کوردستانن، ھەواڵ و ڕووداو و تەنانەت دامەزراوە ڕەسمی و شەرعییەکانی کوردستانیشیان بەلاوە گرنگ نییە!. 


- دەبێ ڕاگەیاندن، وڵات و دامەزراوەکان و ھەواڵەکانیان بە ھەواڵ بزانێت و خۆی لەو جەھلە: (جەھلی بە ھەواڵ نەزانینی ھەواڵ!..) ڕزگار بکات و پیشەییانە و وڵاتبینانە بەرخورد بکات، دەبێ ڕاگەیاندن خۆی لەم تاعونی بچووک بیرکردنەوەیە دەرباز بکات!. کورتتر لەمە دەمەوێت بڵێم: ڕاگەیاندنی نیشتمانێکی جینۆسایددیدەی ھەڕەشەلەسەر، دەبێت گەورە بیر بکاتەوە و گەورە ببینێت و گەورە کار بکات!..


- خەمی جددی لەم وڵاتەی ئێمە ھەن و دەبێ باسیان بکەین و چیتر موجامەلەی یەکتر نەکەین، مام ھەژار موکریانی لەبارەی موجامەلەوە قسەیەکی جوانی ھەس و دەڵێت: (موجامەلە فیتنەیە!..)، با چیتر فیتنە تەقدیمی یەکتر نەکەین، بۆیە پێویستە بە باش بڵێین باش و بە خراپ بڵێین خراپ، بۆیە ئەوەی ئێستا ڕاگەیاندنی پارتی و یەکێتی دەیکەن، تایبەت لە مامەڵەکردن لەگەڵ ئەم دوو یادە مەزنە ناخھەژێنە، خراپە و دەبێ پێیان بڵێین: خراپتان کرد و ھەق نییە وابێ!



ئه‌م وتاره‌ له‌رۆژنامه‌ی‌ هه‌ولێر بڵاوكراوه‌ته‌وه‌

زۆرترین بینراو
بۆ وەزیری پەروەردە بەڕێز ئالان حەمەسەعید: سەیری ئەم هەڵە زۆر زەقەی کتێبە تازەکەی زانستی پۆلی شەشی بنەڕەتی بکە
وتاربێژی نوێژی هەینی نەجەف داوا لە حکومەتی عێراق دەکات مووچەی فەرمانبەران بە دۆلار دابەش بکات
بۆ یه‌كه‌مجار له‌ ئه‌مریكا سزای گوله‌بارانكردنی كه‌سێك به‌شێوه‌ی راسته‌وخۆ په‌خش ده‌كرێت
پارێزگاری حه‌سه‌كه‌ داوا له‌ خۆپیشانده‌ران ده‌كات خۆیان له‌ توندوتیژی به‌دوربگرن
وه‌زاره‌تی كشتوكاڵی هه‌رێم داوای هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی به‌په‌له‌ی بڕیارێكی زه‌یدی ده‌كات
لە گرژییەكانی شاری حەسەكەدا ژمارەیەك هاووڵاتیی كورد بریندار بوون
ناڤی پیلای، ژنه‌ دادوه‌ری ئه‌فریقای باشور خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی بۆ ساڵی 2026 بەدەستهێنا
"شەپۆلێکی باران و هەورە بروسکە هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە"
ئابووریناسێک هۆشداری دەدات: خەرجکردنی مووچە بە دۆلار سیستمی کاش و سەربەخۆیی نەقدی عێراق تێکدەدات
جێگری وه‌زیری گه‌نجینه‌ی ئه‌مریكا: هیوادارم گوشاره‌ ئابورییه‌كانمان ببنه‌ مایه‌ی روخانی رژێمی ئێران
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×