مۆدێلێکی مەترسیداری فاشیزمی مەزھەبی، دەوڵەتی قووڵ، گەڕانەوە بۆ مەرکەزیەت و تەجنید، وەک فۆڕمێک بەسەر کۆی نەتەوە و پێکھاتە و ئیتنیک و ئازادییەکان و خودی فیدڕاڵیزمەوە دەبینرێت لەعێراقدا، بۆیە تەنھا ئەوە بەس نیە تۆ دەڵێیت من عێراقیم، عێراقیی بوون باجی خۆی ھەیەو کەمترینی ئەو باجەش تەسلیمبوونی کۆی ڕۆحیەتی ناسنامەو ناسیۆنالیزمی کوردایەتی و دەستبەرداربوونە لەوکەمە ئازادیە، ئەوەش واتە قڕکردن و ئایسیمیلاسیۆنی ھێواشی نەتەوەیی بەجۆرێکی تر، بەکورتی ئایا خەون و پلان و ئەجێندای مەترسیداری وتەزای عێراقی بوون ھەروا ئاسانە، یان پڕیەتی لەمێژووی ئازارو سڕینەوەو کۆدی نەزانراو:
بەشە ستراتیژیەکەی عێراقییبوون وەک پڕۆژە بریتیە لە کارکردن و لۆبیکردن بۆ ھەموارکردنەوەی دەستووری ساڵی ٢٠٠٥ بەدڵی مەرجەع و بلۆکە ئایدۆلۆژیستە گەورەکانی شیعە، ھەرئەمە نا، بەڵکو دانانی سەرەتایەک بۆ ھەڵوەشاندنەوەی دەزگای پەڕلەمانی و دروستکردنی دەزگاکانی فەتوای دەوڵەتی مەرکەزی بە بۆن و بەرامەی ئەحکامەکانی تەشریع و ئایدیای دەوڵەتی قوڵی مەزھەبیی.
ئینجا کۆنترۆڵکردنی خاڵ بە خاڵی پڕۆژەیاسای بودجە بە ناوی پاراستن و شەفافیەت لەداھات و ئابوری و سامانی وڵات و یەکخستنەوەی موچەو پێدانی ئیمتیازات بەکوردو چینە جۆربەجۆرەکان.، ھەموو ئەمانە بە ناوی پارێزگاری لە (سیادە)سەروەریی نیشتیمانی عێراق و بەھێزکردنەوەی سوپاو، یاسای داماڵینی چەک لە میلیشیاو فەسائیلەکان و دواتر ئیجبارکردن بۆ سەربازی زۆرەملێ (تجنید) و لەژێر پەردەی برایەتی کوردو عەرەب و ھەوێنی یەکڕیزیی. تا دەگاتە کۆنترۆڵکردنی خاڵە گومرگی و دەروازە سنوورییەکان بە ناوی پاراستنی دەروازە سنوریەکان و ئاسایشی نیشتمانی و مافی دراوسێیەتی (حسن الجوار)
لەدواجاردا کە کورد ھاتە ژێربار، دەوڵەت پەنا دەبات بۆ گەڕانەوەی تەواوی داھاتە نەوتی و نانەوتیەکان، باج گومرگ ڕسوماتە ناوخۆییەکان و کۆنتڕۆڵکردنی فڕۆکەخانە و بەندەرەکان و دەریچە بازرگانیەکان بە ناوی یەکخستنی سیاسەتی مەدەنی فڕۆکەوانی و میناکان و پارێزگاو ھەرێمەکان و زیندووکردنەوەی بڕیارەکەی دادگای باڵای فیدڕاڵی عێراق بۆ تۆکمەکردنی یاساکانی نەوت و غازی ھەرێمی کوردستان و ئەمەش واتە خنکاندنی ھەرێم و لە بازنەی کۆتاییدا دەگاتە بەسەربازگەکردن و دۆخی بە پۆلیسیکردنەوەی عێراق، بۆ کۆتایی بە ھەر خەونێک کە بۆنی گەڕانەوەی سەڵتەنەی سوننی و کوردستانی بەھێزو فیدڕاڵیەتی لێوەبێت.
بۆیە دوای کشانەوەی ئەمریکا لەعێراق، ئەم فۆڕمە لەدەوڵەتی نیمچە مەدەنی و دیموکراسی، وەک خۆی نامێنێت دەسەڵاتی کوردیی دەبێ ئاگاداربێت و ھێندە خۆی نەکاتەوە بەعێراقیی بەئیمتیاز!؟ چونکە بڕیارو سیادەی دەوڵەت وەک میتۆدی حوکمڕانی دەچێتە دەستی دەزگا ئاینیەکان و فەتوای دینی و دەوڵەتی قوڵەوە، دیارە فەتوا وەک پاڕادایمێک جێگای ئەحکام و یاساکانی دەوڵەت و دامەزراوە مەدەنیەکان دەگرێتەوە، بەیعەت و گوێڕایەڵی بۆ حاکم و مەرجەعیەت بەرکاردەبێ بەفۆڕمێک لەشێوەی ئیئتیلافی مەدەنی نەک دەزگا مەزھەبیە کلاسیکیەکان وەک (چوارچێوەی ھەماھەنگی و فیدراسیۆنی ھاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت، کە کوردیش ئەندامە تیایداو لەدوای ھەڵبژاردنی ١٠-١٠-٢٠٢١ دوای یەک ساڵ بۆ پێکھێنانی حکومەتەکەی سودانی پێک ھات بەناوی- تحالف إدارە الدولە، ٢٥ -٩-٢٠٢٢ ) واتە دەزگای ئیمامەت و مزگەوت و حسەینیەو مەرجەعیەتەکان لەپشتەوە دەبن، لەبری دەوڵەتی دام و دەزگایی ئەو جۆرە فۆڕمە سیاسیە حیزبیە حوکم ئەکات. ئیدی ئەم عێراقە لەدۆخی دەنگدان و دیموکراسیەوە بۆ دۆخی تاعەتی دینی و تەجنیدی مەزھەبی دەگۆڕێ، تەنانەت پرۆسەی دەنگدان کە سەرچاوەکەی شەرعیەتی گەلە دەگۆڕێ بۆ جۆرێک لەفەلسەفەی تاعەت و ملکەچبوون و ڕەفتاری ئاینی، ئەوکات بەپێی سزاو پاداشتی دینی، لادان لەو تاعەتە مەعسیەتەو مرۆڤ بەجاھیلی دەمرێ ئەگەر لابدات و بێ فەرمانی بکات، ئەوەش بەپێی ئەو قاعیدەو فەرموودە دینییە؛ مَنْ خَرَجَ مِنَ الطَّاعَةِ، وفارَقَ الجَماعَةَ فَماتَ، ماتَ مِيتَةً جاهِلِيَّةً، ومَن قاتَلَ تَحْتَ رايَةٍ عُمِّيَّةٍ يَغْضَبُ لِعَصَبَةٍ، أوْ يَدْعُو إلى عَصَبَةٍ، أوْ يَنْصُرُ عَصَبَةً فَقُتِلَ، فَقِتْلَةٌ جاهِلِيَّةٌ.
بڕوام وایە پرۆسەکانی ھەڵەبجەو ئەنفال و قڕکردنیش دژی کورد دەرەنجامی ئەو بیرکردنەوە فاشیستانە بوو بەناوی ئاین و لەژێر پەردەی دەقە مەزھەبی و قورئانیەکاندا.