تاجیرەکانی ناڕەزایی

ئاسۆ عەبدوللەتیف
  2025-02-05     676

خێمەکە گرنگە بەبێ سیاسییەکان، خێمەکە پڕیەتی لەدەنگی ناڕازیی و بەشمەینەت و ئازا، بەڵام تاجیرەکانی کڕینی دەنگی ناڕازیی و بەناو سەرکردەکانی ئۆپۆزسیۆن زیرەکانە دەیماشنەوە بۆخۆیان، ئێستا ئەوەی کە نییمانە سەرکردەی ئۆپۆزسیۆن و سوارچاکی بەرەکەیە، ھەریەکەیان لەئاوازێک دەخوێنن و دەسەڵاتێکیان لەپشتەو بۆ تامی دەم و نمایشی میدیایی دێن و دەڕۆن لەخێمەکەداو دڵی مانگرتوەکان ئەیەنەوە بە قوەتی تەمسیلکردن و گریان، بۆیە گرنگە ئەم خێمەیە جەللاد لەقوربانی جیابکاتەوە، مونافیق لە موئمین و شۆڕشگێڕ لە خەسێنراو.

دەزانن لەکەیەوە باسی گۆڕانکاریی و شۆڕش و دادگەری و فشارو خەباتی سیاسیانەی بایکۆت و دزی و ڕاوڕووت و گەندەڵی و ئەم دیاردانە دەکەن و نەتیجەشی نییە، وەڵامەکەی ئەوەیە ئەو وشانە ئێستا پارەئەکات، تێکۆشەرو مامۆستای ھۆشیارو خۆپیشاندەرو مانگرتووی ئازاو ناڕازیی قسە دەکەن و مەندوبە فرۆشیارەکان و قیڕەسازەکان و تاجیرەکانی ناڕەزایی کۆی دەکەنەوە، بە سیستمێکی زیرەک و بەمشتێک ئیمتیازو پارە دەیفرۆشنەوە بەدەسەڵات؟

 کۆمەڵێک مەندوب و پەڕلەمانتاری تێروحەساوەو خانەنشینی کۆن و موستەفید کە ھەر خەریکی فرۆشتنەوەی قسەن بەجوملەو تەفسیڵ، نایەنە سەرشەقام و شانی خۆیان تۆزاویی ناکەن و منداڵەکانیشیان ھەر نازانن ناڕەزایەتی و بایکۆتی قوتابخانەکان چییە بەڵام لەکۆتاییدا سوارچاکی بەرە ناڕازیەکەن و تاجری ئیشەکەن، جملەً و تەفسیلاً، خۆیان یەک خێمەیان پێ ھەڵنادرێ، تلیاک کێش نین تاجیری تلیاکن.

ناڕەزایەتی بۆ موچە، ناڵەیەکی ڕەوایەو فەلسەفەیەکی شۆڕشگێڕیەو کرۆکی مەدەنیەتە بۆ مافەکان، تیۆرو قسەکردن نیە بۆ شاشەو ئیمتیاز، سلوک و ڕەفتاری کۆمەڵایەتی و ئیدارییە، مەھێڵن دووموچەو سێمووچەکان، ئارەزوومەندانی خانووی گرانبەھا، دوژنەکان و دوو پاسپۆرتەکان و دوو ئیشەکان و دوو ئیمتیازاتەکانی بەغداو ھەولێرو دوو ڕووەکان بێن و لەسەر ھەمان ستەیج و مایک وەک ئێوەی ناڕازیی قسە بکەن.

کاتێک کچ و کوڕەکەت بەپارەی دوو حکومەتی کوردی و عێراقی و ئیمتیازە بەدەستھاتوەکان دەنێریتە باشترین خوێندنگە ئەھلیەکان و زانکۆکانی ئەمریکاو ئەستەنبوڵ و ھایدڵبێرگ، ئەوە بەدڕەفتارییەو نەریتی خان و خێڵ و ناعەدالەتییەو مەیفرۆشە بەخەڵکی ناڕازیی.

حەجاج دەیووت کاتێک دەبێ تۆ ناڕازی و توڕەبیت خەیاڵت لای شمشێرەکەت بێ نەک ئەسپ و ژنەکەت.

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×