عەممار حەکیم وەک سەرکردەیەکی چوارچێوەی ھەماھەنگی شیعەکان، کاریگەر بە ئێران و دەوڵەتی وەلائی، لەم کاتە ھەستیارەی عێراق و ناوچەکەو ئەگەرەکانی ھاتنەوەی سوننەکان بۆ حوکمڕانیکردن و ھەڵوەشاندنەوەی حەشدی شەعبی، سپێدەیەکی ساردی ساڵی نوێ ٨/١/٢٠٢٥ بەڵام گەرم و گوڕ لە جوڵەی سەربازی و سیاسی، دێتە ھەڵەبجە بۆ دڵدانەوەو ھەڵدانەوەی لاپەڕە کۆنەکانی جینۆساید لەسەر دەستی بەعسیە سونیەکان و سەردانی مینۆمێنتی شەھیدان و ماڵی کاک ئاراس عابید دەکات وەک خاوەنی زۆرترین قوربانی و ڕەمزی دیاری وارسی شەھیدی کیمیاباران لەسەردەستی ڕژێمێکی سوننی نەتەوەگەرای فاسید.
لەکاتێکدا دەزانین ئەوە شیعەکانی ناو چوارچێوەی ھەماھەنگی بوون وەک زۆرینەی پەڕلەمانی نەیانھێشت ھەڵەبجە بەدەنگدانی فەرمی و یاسایی بکرێتە پارێزگاو قەرەبووی زیانە ماددی و مەعنەویەکانی بکرێتەوەو ئێستاش ھەرخۆیان ڕێگری سەرەکین لەسەر ئەو کەیسە، وەلێ بەناچاریی پێویستیان بەکوردو کارەساتەکانی وەک ھەڵەبجەو زامەکانی دەبێت بۆ مانەوەیان لەعێراق و کورد دەبێ لەو گەمەیە تێبگات و بزانێ مشاریان بۆ لەگەردنی ھەڵەبجە ناوەتەوە، شیعەکان یاری دەکەن ھەموو شتێکیان بیربچێ شین و گریان و کارەساتە جەرگبڕەکانی دەستی ڕژێمی پێشووی بەعسیان بیرناچێ بەتایبەت ھەڵەبجەو دوجەیل، بۆیە دەیانەوێ بەڕای گشتی و ئەمریکیەکان بڵێن ئەوەش فەرھەنگی خوێن و بیرەوەری و ڕابردوی ڕەشی سوننە تکریتیەکان.
کورد دەبێ بزانێ دەوڵەت بە زاکیرەی جەماعی و سەرمایەی ڕەمزیی میللەت و باوەشکردنەوە بۆ ئازارەکانیان دروست دەبێ نەک بە بیزنسی نەوت و باڵەخانەی بەرزی سیمبولیکیانەو ھاتنی شاندەکان بۆ ھەڵەبجە، ڕۆحی شەھیدانی ھەڵەبجە باڵاتربێ.