ھاتنەوەی ئەمەویە نوێکان، دەستەی تەحریری شام لەسوریا، دەبێ وەک ھاتنەوەی عوسمانیە نوێکانی تورکیای سەردەمی ئاکپارتی سەیربکرێ کە سیستمی عەلمانی کەمالیزمی گۆڕی، ئیستا بەرەی سونیگەراو میللیگەرای ئاینی نوێ لەسوریاو تورکیا، بۆتە مۆدێلێک بەپشتیوانی ئەمریکاو ئیسڕائیل و مۆدێلی سوننەی قەتەریی، ھەرێمی خۆسەری ڕۆژاڤا، یان دەبێ شەڕبکەن و مۆدێلەکە ڕەدبکەنەوە، یان دەبێ خۆیان یەکلایی بکەنەوە بۆ تێکەڵ بوون بەو چوارچێوەیە.
ململانێکە نەتەوەیی و ئاینی و جڤاکییە، نابێ لەو سیاقە مێژوییە دەری بھێنیت، لەبنەڕەتدا کێشەکە ڕەھەندی ئاینی و مەزھەبی ھەیە پێش ئەوەی ڕەھەندی نەتەوەیی و جڤاکیی ھەبێ، بۆیە دەبینیت کوردان باش پەرتەوازە بوون لەو نێوانە، ئاخر کێشەی کورد نەمەزھەبیەو نەئاینی بەڵکو نەتەوەیی و ئینتیمای خاک و شوناس.
پەیەدە لە ڕۆژاڤا، بەو فەلسەفە پەروەردەیی و فیکری و دیسپلینەی ھەیەتی ھەرگیز ناتوانێ لەگەڵ بەرەی ئەمەویەکان و سونیگەرای نوێ تێکەڵ بێ، مەگەر بۆ تاکتیک و قۆناغی ڕاگوزەر، چونکە لەسوریا ئیتر زیھنیەت و سیستمێک ئیش ئەکاو کاریپێکراوە، تێکەڵەیەکە لە دەوڵەتی سونیگەرای زاڵ و ئایدۆلۆژیای ڕادیکاڵی عەرەبی و کەمالیزم و عوسمانلی تورکی، بەھەموویانەوە کەوتوونەتە بەرەی دژە موقاوەمەی ئێرانی و تاڕادەیەک ھێڵەکان ڕوون بۆتەوە.
پەیەدەو تەڤگەری ڕۆژاڤا، سەربە گوتاری ناسیۆنالیزمی کوردیی و چەپی ڕادیکاڵ و سۆسیالیزمی نەتەوەیین و نوێنەرایەتی مۆدێرنێتەی دیموکراسی کلاسیک دەکەن لەڕۆژھەڵاتی ناوین و باکوری ڕۆژھەڵاتی سوریا، دەیان ساڵە ھەژمارکراون لەسەر بەرەی موقاوەمە، ئێستا چۆن دەتوانن خۆیان بگونجێنن لەگەڵ ئەو میتۆدەی سوننەکان و تورکەکاندا، مەگەر ناسنامەو میتۆدێکی نوێ بۆخۆیان دروست بکەن و بچنە ناو مەنزومەکەوە بەفۆڕمی نوێ ئەوەش سەختە.
قسەکردن لەسەر سوریاو ڕۆژاڤا دەبێ قسەکردن بێت لەسەر دوو پایەی سەرەکی، یەکەمیان تێکەڵبوون بە گوتارو شەرعیەتی خەلافەت و بەیعەت، دوەمیان بەردەوام بوون لەسەر شەرعیەتی گەریللایی شۆڕش و فەلسەفەی ئاپۆچی، بەنەتیجە ئەوە دەرکەوتوە ھەرھێزێکی کوردیی ئینتیماو شەرعیەتی نەتەوەیی و نیشتیمانی نەمێنێ و تەسلیمی ئیرادەو ئیمتیازاتی دەوڵەتی سەردەست بێ، ئەوکات دەتوانێ دەست و پەنجە نەرم بکات و بژی لەگەڵ ئەو سیستمە، کە ئەویش سیستمی خەلافەتە ئاینیەکانە لە عێراق و سوریاو تورکیاو ئێران.
کاتی خۆی عەباسیەکان و بنەماڵەی ھاشمیەکان لە ١٣٢ی کۆچی لەدیمەشق، لەتۆڵەی شەھیدکردنی ئیمام حسێن و دەیان پیاوی ئاینی قەبیلەی بەنی ھاشم و حەفتا سەحابەی پێغەمبەر(دخ) سەرکردەو خەلیفە دیارەکانی ئەمەویەکانیان لەقەبر دەرھێنا بەموعاویەو یەزیدەوە، دوا خەلیفەی ئەمەویەکان،کە مەڕوانی حیماربوو، مروان بن محمد بن حەکەم، کە لەباوکێکی ئەمەوی و دایکێکی کوردبوو، کوشتیان و کۆتایی بەو خەلافەتە ھات و وتیان ئەوە لەتۆڵەی خزمانی بەنی ھاشم، ئایا ڕۆژاڤا دەچێتەوە سنگی ئەو مێژوە خوێناویە شکست خواردوەی کۆنی ئەمەویەکان و پشت لەدۆستە عەباسیەکانی دەکات؟
ڕەنگە عێراق و دەوڵەتی قووڵ بۆ چەندساڵێک بەتەواوی پشتیوانی لە ڕۆژاڤاو ھێزەکانی سوریای دیموکرات بکەن بۆ راستکردنەوەی ئەو بارە لاسەنگە، ھەرێمی کوردستان دەبێ ئاقڵانە مامەڵە بکات، پرسەکە ئیجتیھادو فەتواو تۆڵەیە، گرنگە بزانین "المژاھب الفقھیە والتقلید"و بیری دەزگایی ویلایەتی فەقیە لای شیعەکان چیەو بۆچی بەدرێژایی مێژوو ئەم بزوتنەوە سیاسیانە لەدەوری کۆبوونەتەوەو گروپ و تەڤگەرە کوردیەکانیش سەرقاڵ و دابەش بوون بەسەریاندا.