ئەوەی لەسوریا ڕویدا، پلان و شۆڕش و بەرژەوەندییە پێکەوە، بۆ زیندووکردنەوەی شکۆی سوننەکان و مانابەخشینەوە بە خەلافەتی مۆدێرنی سوننی، بۆیە مۆتیڤ و کاریگەریەکانی ئەم جەنگە بەخێرایی دەردەکەون.
پەرەسەندنەکانی دوای کەوتنی دیمەشق بریتیە لەوەی سوننە ڕادیکاڵە عەقائیدیەکان، واتە گروپی چەکدارکراوی ڕاهێنراوی بەهێز دەستەی تەحریری شام بە نمونە، نەک بازنەی ڕێخراوی ئیخوان موسلیمین و حیزبی میانڕەوی خێرخواز، ڕۆڵیان پێبدرێتەوە لەبری هێزگەلی پەروەردەیی و ئیرشادیی و دەعەویی کە ئەمریکا تەحەفوزی هەیە لە بارەیانەوە، پاشان سەلەفیە جیهادیە مەنهەجی و مەزهەبیەکان و ئیسلامی عیرفانی و تەریقەتەکان کارابکرێنەوە بۆ ئەم دۆخە، بەجۆرێک خاوەنی دەوڵی قوڵ بن و گەمەکەری بنەڕەتی بن لەهاوکێشە ئاڵۆزەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوین، کورد بەهەردوو هەرێمی فیدڕاڵی باشورو خۆسەری ڕۆژاڤا، دەبێ بەشێک بن لەو ئەجێندایە.
سوریا شۆڕشەکەی نەدزرا، جۆلانی و گروپەکەی دیمەشقیان کردەوە سەنتەری بڕیاردانی سوننەی وەلائی "وەلائـ و بەڕائـ" لەم سەرەتایەوە کردیانە ناوچەی تۆڵەسەندنەوەی مێژوویی و بیرخستنەوەی سەردەمی ململانێکانی دەوڵەتی ئەمەوی و عەباسی و شەڕە خوێناویەکانیان، بەوتارێک لەمزگەوتی ئەمەویەکان و دەرهێنانی ئێسقانی حافز ئەسەدی کۆچکردووی عەلەویەکان لەگۆڕەکەی، جۆلانی مۆریدا لە دیمەشق و شام و بەتۆپزی کردی بە بناغەو فۆڕمێکی نوێی بەڕێوەبەری بۆ سەرەتای هیلالێکی سوننی و جۆرێک لە نەهج و بیری ئاینی سەلەفی جیهادیی ڕێکخراو شوێنگرەوەی بەرەی موقاوەمە نەک ئیسلامی پەمەیی حەسانی کوڕی سابت، ئەوەش ئەمریکاو ئیسڕائیل و عەرەبستانی سعودیی و قەتەر پێشتر تەبەنیان کردوە بە سپۆنسەری ڕاستەوخۆی تورکیا بۆ ئاسایشی ئیسڕائیل.
لەسوریا سەرۆک دزرا، باوکی سەرۆکیشیان لەقەبری ئاڵتوونی دەرهێناو سوتاندیان، سوریا هاتەوە ڕیزی کۆمکاری عەرەبی سوننی، پێچەوانەی تونس و میسرو عێراق و یەمەن و لیبیا نەیانهێشت شۆڕشەکەیان بدزرێ، ئیسڕائیل بەسەرکەوتوویی هاتەدەرەوەو تاوانەکانی مرۆڤکوژی و جینۆسایدی زیندانی سیدنایای پیشانی کۆمەڵگای مرۆڤایەتیدا کەئەوەی دەیان ساڵە گوزەراوە لە دیمەشق هەزارقات بەئازارترە لە جەنگ و تاوانی فڕۆکەکانی ئیسڕائیل دژی غەزەییەکان.
کاتی خۆی عەباسیەکان و بنەماڵەی هاشمیەکان لە ١٣٢ی کۆچی لەدیمەشق، لەتۆڵەی شەهیدکردنی ئیمام حسێن وبراکانی و دەیان پیاوی ئاینی قەبیلەی بەنى هاشم و حەفتا سەحابەی پێغەمبەر(دخ) هاتن سەرکردەو خەلیفە دیارەکانی ئەمەویان لەقەبر دەرهێنا بەموعاویەو یەزیدەوە، دوا خەلیفەی ئەمەویەکان، چواردەهەمین خەلیفە، کە مەڕوانی حیماربوو، مروان بن محمد بن مروان بن الحكم، کە لەباوکێکی ئەمەوی و دایکێکی کوردبوو، کوشتیان و کۆتایی بەو خەلافەتە هات و وتیان ئەوە لەتۆڵەی خزمان و ئەقرەبای بەنی هاشم و پێغەمبەرو کوشتارگەی کوفەو کەربەلاو کردمان.
ئێستا کاتی جوڵەی میلی سەعاتی سوننەکانە؛
- سوننەکان دەبێ خاوەن دەوڵەتی کاریگەربن نەک پاشکۆو پەراوێزخراو هاوشانی ئەمریکاو ڕۆژئاوا بەرامبەر هەژموونی چین و ڕوسیاو ئێران.
- قەوارەی هەرێمی كوردستان بە پشتیوانی ئەو مەتبەخە نێودەوڵەتیە ڕەگەزی گرنگی یاریەکەیە ئەگەر ڕوانگەی جددی خیتابی کوردی دەستوەردانی تێدا نەکرێ و شەق نەکرێ.
- چونکە ئەمریکاو قەتەرو تورکیا، هەرێمی کوردستان وەک دەوڵەتی سوننی تەماشا دەکەن و کاریان بۆ ئەوەش کردوە هەرێمی خۆسەری دیموکراتیکی ڕۆژاڤا- هەسەدە، بهێننە ناو بازنەکەوە ئەگەر هاتن، لەنەهاتنیشدا ئەگەری جەنگ و لەشکرکێشی تورکیا ئەگەرێکی حەتمیە.
- لەسەرکێشی شیعەکانی عێراقیشدا هەرێمی سوننەی ئەنبارو بەسڕەی شیعەكان و موسڵ بۆ تورکەکان بەپێی میساقی میللی وەک کارتی فشارو بەدیل و دابەشکاری عێراق خراوەتە بەردەست و ئەگەرێکی ئامادەیە.