وەبەرھێنەری ساختەو دەنگدەری ڕاستەقینە !

ئاسۆ عەبدوللەتیف
  2024-07-22     191

کۆی پرۆسەکانی ھەڵبژاردن، بەردەوام ماکینەیەک بووە بۆ ئەوەی وەبەرھێنەر دەوڵەمەندتربێت و پەڕلەمانتار بێتە وەبەرھێنەرو سەرمایەدارو پاشای قاسەکانی، بۆیە ھەڵبژاردن ھیچ ناگۆڕێت و ھیچ ئیزافەیەک ناکات.

دەبێت کۆی سیستمی پێدانی ئەرازی و پڕۆژەو یاساکانی مۆڵەتی وەبەرھێنان و تاپۆ و خزمەتگوزاریی گشتی سیتیەکان دووبارە ھەموارو ڕێک بخرێتەوە چیتر چاوپۆشی نەکرێ لە پڕۆژەی لارو سەقەتی ھەندێک وەبەرھێنی ماستاوچی بۆ گەندەڵی بەردەوام و ئیختیلاسی زەوی وزارو سپیکردنەوەی پارە، تاکەی ئەرزەو دۆنم داگیربکرێ بۆ قازانجی بەرتەسکی گروپێک مافیا، دەستکاری نەخشەو سایت پلانی شارێک بکرێ بەخاتری چەند کەسێک، زەوییە بۆش و گۆشەو سەوزاییەکان بکرێ بەشوقەو ڤێللا بۆ گیرفانی کۆمەڵێک وەبەرھێنی ساختە.

باشە پرۆسەی ھەڵبژاردن و ڕێکارە دیموکراسیەکان لە وڵاتێکی وادا کوا دەتوانێ یاساکانی حیزب و ئاستی مۆنۆپۆڵی سەرکردەو حاشیەکانیان کە ئەرزەچی و عەقاریست و وەبەرھێنەرو خودی دەستەکانی شارەوانی و وەبەرھێنانە بگۆڕێ لە ئالەتی شەڕو گەندەڵییەوە بۆ ئالەتی خزمەت و قازانج و چاکەی گشتی، بۆدەبێت ئەم بەھەدەردانە بەردەوام بێت؟ 

لە ناو بێئومێدیەکی سەختداین، تاکی ھەژارو خاوەن کەرامەت ھەردەبێ ڕابکات بەشوێن دۆزینەوەی ناوەکەی و کارتی دەنگدانەکەی تا ھەرێم و وڵاتەکەی پارێزراوبێت لەدەستی یاسا فاشیەکانی دەوڵەتی مەرکەزیی و مەزھەبی و وەبەرھێن و کاندیدی ساختەش ڕاوی خۆی دەکات بۆ ماڵ و منداڵی تا سەفاو گەشتی خۆشتربکەن بەوڵاتانی دونیادا، ڤێلای جوانتر دروست بکەن لەسەر زەوی بەلاش، پارەی زۆرتر کریدیت بکەن لەدەرەوە (مخزون رێید الرڕسمالیە) لە بانکە تورکی و ئەوروپیەکان، ژیانیان زامن بکەن و ئایندەیان بۆ مسۆگەر بکەن بە پاسپۆرتی جیاواز جیاواز،دواتر گاڵتەشیان دێت بە پرۆسەکانی دەنگدان و دیموکراسیەت و شەھیدو مێژوو قوربانیەکانمان و ئینجا ڕێزلێگیراوترن لەسەدان و ھەزاران تاکی قوربانیدەرو خاوەن ماف و نوسەرو ڕەخنەگر. 

باشە یاساکانی وەبەرھێنان و چاودێریەکانی پەڕلەمان چیانکردوە بۆ ئەو نەزیفە ئابوری و نەوتی و زەویە بەھەدەردراوانە، چیان کردوە بۆ چینی ھەژارو نەدار، بۆ ھاوڵاتیانی ناو سیتیەکان کە بوونەتە قوربانی و دیل و بارمتە بەدەست وەبەرھێنەری تەماحکارو حاجی زمانلووسەوە کە خەریکی ڕووتانەوەی خەڵین، جێگای سەوزایی ناو سیتیەکانیان کردوە بە پەیمانگای ئەھلی، جێگای مەکتەبیان کردوە بە بەنزینخانەو بازاڕودوکان، شوێنی بنکەی تەندروستیان فرۆشتوە، سایتپلانی پڕۆژە بەدڵی خۆی بۆدەگۆڕن، زیادو کەم، لە کوێی دنیا ئەو فەزاحەتە عەقاری و ئەندازیاری و شارەوانیە ھەیە؟

تاکەی خەڵک گیرۆدەی یاسا خێڵەکی و شەعبیەکانی ئاغای وەبەرھێن بێت و ملکەچی بێت و یاسای وەبەرھێنەران و حیزب و قوەتی پشتەوەی شانۆکە پشتگیری بکات نەک جارێ سەد جار، بەڤێللایەک و دوان و ڕەشوەی ئاشکرا زۆربەیان لەخێرو قازانجدان و ئیشیان ماشیە بەو میزان و تەرازوە، دەرگایان بۆکراوەیە، مۆڵەت دەفرۆشنەوە، پارەکەی بەش دەکەن وەک غەنیمە، شەوان پێدەکەنن و دەخۆنەوە، دوایی کاتێک ڕەش و ڕووت کەمپەینی بۆدەکەن و کەیسەکە دەبەنە دادگا، لەدادگا کەیسەکەی بۆ ڕادەگرن (غلق) دیسان مۆڵەتی تری ئەدەنەوە، دەی ئەمە سیستمی فیوداڵ و شوانکارەییەو بەھەڵبژاردن چارەسەرنابێ و ئەوپەڕەکەی ھەڵبژاردن لەدواجاردا سەرۆک قائیمەکان دەکاتەوە بە وەبەرھێنێکی تر بۆسەر جەستەی ھیلاکی ئەو میللەتە، بۆیە بانگەشەی گۆڕانکاری ڕیشەیی وڵات ھەرگیز دروست نابێ بە قائیمەی گروپی کۆمپانیاکان و دەستلەپشدانی وەبەرھێنەر بۆ ھەندێک کاندیدو کەسی شاعیرو خەیاڵ پەمەیی.

ئەوە سەدان جارە باری لاری وەبەرھێنەر ڕاست دەکەنەوەو خەڵک ھەر بێدەنگەو ماوەیەکی تریش داوای دەنگ لەو خەڵکە دەکەن بۆ شەرعیەت و ئایندەی ئەم حوکمڕانیەو پێیان دەڵێن کارتی دەنگدانت نەبێ نەوت و بایعیەکەت دەبڕن و ھەزار چیرۆک بۆ ترساندن.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×