تاپۆنەکردنی یەکەکانی نیشتەجێ بوون، بازرگانییەکی تر لەسەر گیرفانی فەرمانبەران، کێ سودمەندی یەکەمە لەو گەشەسەندنە ناڕێک و نازانستیانەو ئەو پڕۆژە نیشتەجێبوە تازانەی شارو تاپۆنەکردنی یەکەکان کە ماوەیەکە بۆتە سەرچاوەی گلەیی و ناڕەزایەتیی زۆربەی دانیشتوانی سیتییەکان، سەرباری ڕەخنەو گلەیی لە ڕێگاوبان و ئاوەڕۆ، کوالیتی شەقام و شۆستەو قیرو باخچەو یەکەکان،کەچی تا ئێستا زۆربەیان نە ئیفرازکراون و نە تاپۆکراون، ماوەی پانزەساڵ زیاترە خەڵکی هەژارو فەرمانبەری سادەو چین و توێژەکان، هاوار دەکەن و بەدەست کێشەیەکەوە داناڵێنن، کە کێشەی وەبەرهێنەرو فێڵی خاوەن کۆمپانیاکانە بەسەر دەخل و داهاتی هاوڵاتیانەوە.
دەکرێت بە سادەیی باسی ئەم کێشەیە بکەین، سادەیی مەبەستم ئاسانکارییە بۆ تێگەیشتنی حکومەت و خەڵکی هەژار بەدەست بەڵێندەرو وەبەرهێنەرەکانەوە، کە ملیۆنان دۆلاریان لەسەر حسابی کەمتەرخەمی حکومەت و فەرمانگەکان ساڵەهایە کۆکردۆتەوە، لە کۆڕی شەوانیاندا باسی بێ پلانی و ئەدای خراپی حکومەت دەکەن و بە ڕۆژیش گۆزەکە لەسەری خەڵکی هەژاردا دەشکێنن و بەو دەردەیان دەبەن کە دەیبینن.
کرۆکی باسەکە بیرکاری و فیزیاو ئەتۆم نییە، تاپۆی شەرعییە بۆ خەڵکیی، مافێکی سەرەتایی و ڕەوای هاوڵاتیی ئەم شارەیە، دە بۆ پانزە ساڵە یەکەیەکی کڕیوە بە ڕەنجەشان و قیست و قەرزو سندوقی نیشتەجێ بوون، کەچی تا ئێستا وەبەرهێنەر، ئەوراق و پێشینە و خشتە و سایت پلانی کۆتایی یەکەکان تەسلیم ناکات بە فەرمانگەی خانوبەرە-تاپۆو بەڕێوەبەرایەتی شارەوانی، تاوەکو خانوەکانیان تاپۆ بکرێن. خۆ دەبێت لایەنێک کەمتەرخەم و بەرپرس بێت ؟
ئایا حکومەت و فەرمانگە پەیوەندیدارەکانی سلێمانی، وەک بەڕێوەبەرایەتی شارەوانی، باجی خانوبەرەو تاپۆ، بەڕێوەبەرایەتی وەبەرهێنان، کۆمپانیا حیزبیەکان ئیشیان چییە ئەگەر ئەم کارە بۆ هاوڵاتیان نەکەن، ئیش لەوە زەرورتر چییە، کێ بەرپرسەو بۆ نایەتە دەنگ، دەزانن بەشێک لەو پرۆژانە چەند جارێک نەخشەی بنەڕەتی و سایت پلانەکەیان گۆڕیوە بەهۆی دواخستنی تاپۆکردنی پرۆژەکەو لە پێناو بەرژەوەندی تایبەتیی و یاریکردن بە زەویەکان و مۆڵەتەکان و حکومەتیش بێدەنگ، ئەو وەبەرهێنەرانە بۆچی نایانەوێت خانوەکانی ناو پرۆژەکانی نیشتەجێبوونی سلێمانی و هەڵەبجەو کۆیەو چەمچەماڵ و کەلارو دەربەندیخان و ڕانیە بکرێن بە تاپۆی حکومیی و “سورەت قەید” یان بۆ بکرێت، بۆچی ئەرزی زۆربەی پرۆژەکان ئیفراز نەکراوە، بێ سەوزاییە، بێ بنکەی تەندروستییە، بێ قوتابخانەی حکومیی و بێ مزگەوت و بێ تاپۆیە، ئیتر بەس نییە ئەو هەموو ناعەدالەتیی و ئازاردانەی خەڵکی و ئەو هەموو زیانگەیاندنە بە ئابوری و گیرفانی حکومەت و گەشەسەندنی بازاڕو بزاوتی عەقارات. لەکاتێکدا دەزانین پرۆژەی زۆر جوان و شایستەو ڕاقیش بەتەنیشت ئەو پرۆژانەوە دروستکراوەو بەرچاوە.
ئایا ئەو فەرمانگانەی سلێمانی دەزانن بە تاپۆنەکردنی خانووی ئەو هاوڵاتیانە چ زیانێک دەگەیەنن بە گیرفان و دەرونی خەڵک و بە خەزێنەی حکومەت، لەکاتێکدا بۆ ڕێگریی لەو بازرگانییە بەلاش و حەلاشەی وەبەرهێنەرەکان باشترە حکومەت هەرچی زووترە دەستوبرد لەوکارە بکات و ڕێگریی بکات لەو پاوانخوازیی و تاڵانکردنە بەردەوامە، ئەمەش بۆ ئەوەی قازانجێکی زۆر لە پرۆسەی تۆماری خانووبەرە بێتەوە بۆ گیرفان و خەزێنەی حکومەت کە بە ملیۆنان دۆلارەو خەڵکەکەش سودمەند دەبن لەو دۆخەو هەر کڕین و فرۆشێکیش بە یەکەکانەوە بکرێت هەر حکومەت سودمەند دەبێ نەک وەبەرهێنەر.
بەداخەوە ئەوە زیاتر لە دەساڵە ئەو پرۆژانە پەراوێزخراون و بەهۆی تاپۆنەکردنەوە ڕووبەڕوی چەندین کێشەی تەندروستی و بێبازاڕیی و شکست بوونەتەوە وەک ؛
* نرخی یەکەکان بەتەواوی دابەزیوەو عەقاراتیان سفرەو خزمەتگوزارییان بێکەڵک بووە.
* خزمەتگوزاری سەرەتایی و گشتی و ژیان لە بەشێکی ئەو سیتیانە بەتەواوی وەستاوە.
* بەشێک لەو پرۆژانە بەهۆی ئیفرازنەکردنی ئەرزەکانیانەوە بە فشاری وەبەرهێنەر، قاچ و قووچ و یاری و تیجارەتی ڕەشیان پێوە دەکرێت بە ئەرزە بەتاڵەکان و سەوزایی و شوێنی پارکەکان و دەستاودەستکردن بە نهێنی و دواتر فرۆشتن و کردنی بە تەلاری نوێ و بەنزینخانە لەدەرەوەی یاساو ڕێنمایی و ڕێساکانی حکومەت، چونکە لە بنەڕەتدا پرۆژەکە تۆمار نییەو ئیفرازی بۆ نەکراوەو ئاسانترە بۆ خاوەن پرۆژەکە بەو شێوەیە مامەڵەی پێوە بکات.
* بەشێک لەو وەبەرهێنەرو خاوەن پشکانە هێشتا بە ئارەزووی خۆیان ڕسوماتی کڕین و فرۆشتنی خانوو لە دانیشتوان وەردەگرن و ناهێڵن حکومەت بزانێت و داهات بۆ حکومەت بگەڕێتەوە، بەڵام ئەگەر تاپۆ بکرێن ئەو گزیکارییە نامێنێت و پارەکە بۆحکومەت دەگەڕێتەوە و وەبەرهێنەر لە پرۆژەکە دەردەچێت و تەسلیم بە حکومەت دەکرێت و ئەوەش ڕێگا ڕاستەکەیە بۆ پێشخستنی شارو گەشەسەندنی.
بەراست تاپۆی ئەو زەویانە ئەوەندە قورسە بۆ حکومەت وا بەو شێوەیە وەبەرهێنەرەکان حکومەتیان کردوە بە بارمتەی خۆیان، کە هەندێک لە دانیشتوان پێیان وایە کاتی ئەوە هاتوە هاوبەشی ئەو گزیکاریی و پاشاگەردانییە هەرچی زووترە دەستنیشان بکرێن و ڕوبەڕووی یاسا بکرێنەوە.
پرۆژە هەیە خانووەکەی ئەگەر تاپۆ بکرێت هەم بازاری گەرمتر دەبێت و هەم بەهاو نرخەکەشی زیاد دەبێ، بەڵام بەشێک لە وەبەرهێنەری چاوچنۆک لەمەشدا لەف و دەوران لێئەدات بۆ قازانجی رۆژانەی خۆی و کڕین و فرۆشتنی لابەلا، نوسینگەی عەقاراتی کردۆتەوەو بە هێمنیش وەک مشک دەگەڕێ بەناو پرۆژەکەدا و سایت پلان بە ئارەزووی خۆی دەگۆڕێت بەبێ هیچ چاودێری و فلتەرێک و کام بەشەی پرۆژەکە مەتروکەیەو بۆ سەوزایی و بنکەی تەندروستی و قوتابخانەو خزمەتگوزاری گشتی دانراوە لە سایت پلاندا، دەیفرۆشێتەوەو و دەیکاتە بازاڕو دوکان و بەنزینخانەو جێ مۆلیدە و کافێ بۆخۆی و ئەوەندەی تر یەکەکان سوک و بێ بەها دەکات.
ئایا دەزانن ئەو هەموو ساڵە کە ئەو یەکانە تاپۆ نەکراون حکومەت چ زیانێکی بەرکەوتوەو وەبەرهێنەریش قاچ لەسەر قاچ چەندە سودمەندبوە لەو داهاتە زۆرانەی بە مامەڵەو سەودای ئەو خانوانەوە کراوە. دەی بەرپرسانی حکومیی، گەر ئەتانەوێت خەڵک ئەوەندە لێتان توڕەو ناڕازی نەبێت خێرا وەرنە سەرخەت و ئاسانکاریی بکەن و ئەو کێشەیە چارەسەر بکەن بۆ هاوڵاتیان کە بەهەزار قەرزو قۆڵەو داماوی خانوویەکیان کڕیوەو دوای عومرێک هێشتا بۆیان تاپۆ ناکەن.