ئایا ساندەرز دەبێتە قازە رەشەكەی ئەمەریكا؟
عەلی مەحمود
2020-02-21   910
تیۆری قازی رەش ئەگەر بەتەمای بیت بۆت دەرچێت نەگبەتییەو دەبێت هەر چاوەڕوان بیت نەخوازەلا لە ئەمەریكاش, لێ ساندەرز بە ئیرادەوە جەنگ لە هەمبەر گەورەكان دەكات بۆ ئەوەی بگات بە قازی رەش, كە جیهانی دیلمۆن و یەكسانی لەژێر پەڕو باڵەكەی خۆیان شاردۆتەوە.
دوا راپرسی رۆژی چوارشەمە 19ی فیبریەوەری رۆژنامە بەناو بانگەكانی واشنتۆن پۆست و ئای بی سی نیوز دەریدەخەن , بیرنەر ساندەرز لە پێشەوەی كاندیدەكانی پارتی دیموكراتە بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار بە هێنانی 32% ی دەنگەكانی بەربژێرەكانی پارتەكەی, بایدن17%, بلمبۆرگ 14%و ئەلیزابیس وارین 11% و .....
هاوكات ساندەرز بە 30% لە پێشی هەمووانەوەیە بۆ سەركەوتن بەسەر ترامپدا, بایدن 19%, بلمبۆرگ18% و .....
لە لایەكی ترەوە لە نوێترین راپرسی ناو دیموكراتەكاندا كە سی بی ئێس و ئێن پی ئاڕ ئەنجامیان داوە , ساندەرز بەهێنانی رێژەی 35% لە هەرێمی نیڤادا سەردەكەوێت, وە دووەم دەبێت لە هەرێمی كارولینا بە رێژەی 20% , وە 46%ی باڵی پێشكەوتنخوازی دیموكراتەكان دەنگی پێ دەدەن, ئەلیزابیس وارین 19%, هاوكات 41%ی پیاوان و 24%ی ژنان دەنگدەری ئەون, وە 54%ی گەنجانی كەمتر لە 45 ساڵ و 13%ی پیرەكان دەنگی پێ دەدەن, كەواتە ساندەرز نوێنەری داهاتوو وە گەنجانە, لەم هەلمەتەدا كڵپەی ژێر خۆڵەمێشەكە دانامركێتەوە.
سەرەكوتنی ساندەرز لە راپرسیەكان پێش كۆمارییەكان دیموكراتەكان بە تایبەتیش باڵی ۆڵستریتی ناو دیموكراتەكان پێیان هەزم ناكرێت , بۆیە بە پەلە بلۆمبۆرگی جولەكەی خاوەند 68,9 ملیار دۆلاریان هێنایە پێشەوە بۆ ئەوەی بیكەنە لەمپەرێكی بەهێز لەبەردەم دەرچوونی , دوو جوو بە دو جیهان بینی و دیدی جیاوە لە مەیدانن, ئەوان پێیان وایە سەرمایەی بلۆمبۆرگ كە 23 جار زیاترە لە ترامپ, سەركەوتنیان بۆ دەگەڕێنێتەوە, سەركەوتنیان دەكات بە دوو, هەم ساندەرزی چەپگەرایان لە كۆڵ دەكاتەوە, هەمیش ترامپ و كۆشكی سپیان بۆ دەگەرێنێتەوە.
موئەسەسەی سیاسی دیموكراتەكان و سەرمایەداران و باڵی راستی دیموكراتەكان بەهەموو هێزیانەوە بەرەو روی ساندەرز بونەتەوە, ئەویش پەیگیرانە بێ سڵەمینەوە لە جەنگە سیاسییەكەی بەردەوامە, سەركردەكان دیموكرات دەرچونەوەی ترامپ بە باشتر دەزانن لە كاندیدكردنی ساندەرز بەهۆی ترسیانەوە لە وشەی سۆسیالزم, تەنانەت دەزگای ئەیباكی جولەكەش دژ ی وەستانەوە بەهۆی هەڵوێستەكانیەوە سەبارەت بە چارەسەری دۆزی فەڵەستین و ئیسرائیل .
وێرای ئەوەی خۆی جووەو لە كێڵگە بە كۆمەڵەكانی جوشدا گەورە بووە, ساندەرز موعجبی بیوجین فیكتۆر دیبسە, چالاكوانی كرێكاری و هەڵسوڕاوی بەرجەستەی سۆسیالستی سەرەتاكانی سەدەی بیستی ئەمەریكایە, كە لە ساڵی 1912 زیاتر لە 6%ی دەنگەكانی ئەمەریكای هێنایەوە, بانگەوازی روخانی سەرمایەداری و دامەزراندنی كۆمەڵگای سۆسیالستی دەكرد, تەكانی گەورەی بە بیری سۆسیالستی لە وڵاتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا دا, ئێستا ساندەرزیش بە تەمەنی 78 ساڵانەی گەنجانەوە ئەمسەرو ئەوسەری ئەمەریكا دەكات, وێڕای زۆری نەیارەكانی , بەڵام بە ورەو توانایەكی گەنجانەوە برەو بە هەڵمەتەكەی دەدات, پارە لە دەوڵەمەندەكان وەرناگرێت بۆ بانگەشە, بەڵكە دەیەوێت بە یاسا بەخششەكان رێك بخات و كۆتایی بە كورسی كڕین بهێنێت, ناوەندی كۆمەكەكانی 15 دۆلارن.
مایكل كازین مێژوو نوس و مامۆستای زانكۆی جۆرج تاون لە نیورۆك تایمز نووسی ساندەرز لەكاتی دۆڕانیشیدا هەر براوەیە, چونكە بەرنامەی خۆی كردە بەرنامەی هەڵبژاردن , سۆسیالزمی كردە دیاردە, ئۆكسایۆ كۆرتیز ئەندامی كۆنگرێس لەسەر پارتی سۆسیالست دیموكراتی ئەمەریكادەڵێت : گرنگیم بە سیاسەت نادا, لە دوكانێك كارم دەكرد, ساندەرز هێنامیە ناو سیاسەتەوە, دوای كاندیدكردنی بیرنی ساندەرز , پارتی سۆسیالست دیموكراتی ئەمەریكا ژمارەی ئەندامانی لە 6 هەزارەوە گەیشتە 56794 ئەندام ناوەندی تەمەن لە 60 ساڵەوە دابەزی بۆ 33 ساڵ , ئۆكسایۆش ئێستا دوای ترامپ دووەم ئەستێرەی سیاسەتە لە ئەمەریكا , لە هەڵبژاردنی پێشوو ساندەرز 13 ملیۆن دەنگی هێنایەوە.
وێڕای باڵی نەرێتی دیموكراتەكانی نزیك لە ۆڵ ستریت كە توانای خۆیان یەكخستووە دژ بە ساندەرز , راگەیاندنەكانیش شەڕی مان و نەمانی لە گەڵ دەكەن, كە زۆرینەیان لە لایەن ملیاردێرە ئۆلیگارشیەكانەوە كڕدراون, ساندەرز كەناڵەكانی راگەیاندن بە ئامرازی هەڵخەڵەتێنەر بە دەست سەرمایەدارانەوە دەزانێت.
ژماردنە ئابڕوبەرەكەی هەڵبژاردنە ناوخۆییەكەی دیموكراتەكان لە ئەیەوا كە بەرپرسی حیزبی دیموكرات بووە قوربانی و دەستی كێشایەوە, كۆمپانیای شادوز كە ئەركی ژماردنەكەی لە ئەستۆ بوو , متمانەی نەهێشت , دەریخست لە پشت هەڵبژاردنەكانەوە, فێڵ و گزی و سات و سەودا هەیە, حیزب دەبێت لە بەرامبەر كاندیدەكانی بێلایەن بێت, كەچی وا نییە.
لە هەڵبژاردنی ساڵی 2016 ەشدا , ساندەرز دور خرایەوە, دوبارەی سیناریۆكەیە ئەمەی لە ئەیەوا بینیمان, ئەمەریكا تژییە لەم نموونانە, لە ساڵی 2000لە فلۆریدا جێب بۆش حاكم بوو, دەنگەكانی ئال گۆری سوتاند لە بەرژەوەندی بۆش, تا سەری خست, لە ساڵی 2004 یش بۆش بەرامبەر كێری وایكردەوە, تەنها بەرامبەر ساندەرز وا نییە, لە فیلادلفیا بەرپرسی حیزبی دیموكرات بوب رادی هەڕەشەی كرد لە ئەندامانی پارتەكەی كە دەنگیان بە كاندیدێكی پارتی خێزانی كرێكاران " wfp, 52748 ئەندام " بەناوی برۆكس داوە لە هەمبەر كاندیدی كۆمارەكان, بۆ یەكەمجار لە مێژووی شارەكەدا سەركەوت بۆ ئەنجومەنی شارەكە, لە كاتێكدا پارتی خێزانی كرێكاران كار بۆ سەر خستنی لیستی ئەلیسا بیس وارن و پارتی دیموكرات دەكەن.
ساندەرزو گەنجان
دەزگای شیج بە هاوكاری دەزگای كولیج بولس لە راپرسییەكدا رایگەیاند نیوەی قوتابیانی زانكۆی ئەمەریكی پشتیوانی بیرنی ساندەرز دەكەن بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی ئەمەریكا, ئەلیزابیس وارین كە پێشكەوتنخوازێكی دیكەی كاندیدەكانە پشتیوانی دووەمی هەیە بە رێژەی 18% و ئەندرۆ یانغ " أندرو یانغ كە داوای موچەی بنەڕەتی 1000 دۆلار بۆ هەمووان دەكردو دروشمی "نە چەپ, نە ڕاست, بۆ پێشەوە" ی هەڵبژاردبوو 10% ی پشتیوانی گەنجانی هەبوو, دواتر پاشەكشەی كرد , و........ بۆنی براون بەرپرسی بەشی لێكۆڵینەوە لە دەزگای شیج رایگەیاند دوو كێشە بنچینەیین بۆ قوتابیانی زانكۆ ژینگەو نا یەكسانی داهات, لەسەر ئەم بنچینەیە دەنگ دەدەن, ئەم داواكارییانەش لە بەرنامەی ساندەرزدا هەن.
هاوكات بە پێی راپرسیەكان ساندەرز لەناو گەنجان و كرێكاران لە پێشەوەی هەموواندا بوو لە نیو هامبشیر, گەنجان بە رێژەی 51% دەنگیان پێ داوە.
كورسی سەرۆكایەتی و شەڕی ئۆلگارشییەكان
تا 3ی فیبریوەری ئەمساڵ بانگەشەی هەڵبژاردنی كورسی سەرۆك كۆماری 2,18 ملیار دۆلار لە هەڵمەتی هەڵبژاردنەكەی خەرجكراوە, شەڕە قورسەكە هێشتا زۆری ماوە, سێ ئۆلیگارشی زەبلاح لە شەڕەكەدان ئەوانیش بلۆمبۆرگ 386 ملیۆن دۆلاری خەرجكردوە, تۆم ستایەر 199,99 ملیۆن دۆلار, ترامپ 232 ملیۆن دۆلار.
بانگەشەی هەڵبژاردنی سەرۆك كۆماری لە ساڵی 2016 بڕی 6,51 ملیار دۆلار تێچووی بووە,لە ساڵی 2012 ەدا بڕی 6,29 ملیار دۆلارو لە ساڵی 2008 بڕی 5,29 ملیار دۆلار تێچوی بانگەشەی هڵبژاردنەكان بووە, بەم پێییە ساڵ لە دوای ساڵ نرخی كورسییەكە لە بەرز بونەوەدایە.
ساندەرز دەیەوێت شۆڕشێكی سیاسی دژ بەم دیاردەی كورسی كڕینە ئەنجام بدات, بە تایبەت لە پرۆسەی سیاسی و لەناویشیاندا دەنگدن و كڕینی كورسی سەرۆكایەتی لە لایەن ملیاردێرەكانەوە, دەیەوێت دەسەڵات بگەڕێتەوە بۆ زۆرینەی خەڵك كە بێ سەرمایەن .
پیًشتر بلۆمبۆرگ لە نێوان ساڵانی 2002 بۆ 2013 , زیاتر لە 270 ملیۆن دۆلاری خەرج كرد بۆ كڕینی پۆستی پارێزگاری شاری مەزنی نیۆیۆرك , ئێستا دەیەوێت هەمان پرۆسە دوبارە بكاتەوە بۆ كڕینی كۆشكی سپی, بەمەش ململانێی سیاسی لە ململانێی بەرنامەو جیهان بینییەكانەوە دەبێتە ململانێی كڕینی كورسی سەرۆك كۆماری.
ساندەرز دەڵێت سامانی بلۆمبۆرگ هاوتایە بە سامانی 125 ملیۆن ئەمەریكی هەژار , ئەمەش لە بنەڕەتەوە كارێكی نا ئەخلاقی گەورەیە, رەخنەی لە هەڵوێستەكانی بلۆمبۆرگ سەبارەت بە لانی كەمی كرێ , ئاسایش بە تایبەت بەرامبەر بە رەش پێستەكان, باج لەسەر دەوڵەمەندەكان و رێكخستنی ۆڵ ستریت گرت.
بلمبۆرگ تا ئێستا زیاتر لە 300 ملیۆن دۆلاری تەنها لە پڕۆپاگەندەی تەلەفزیۆنی خەرج كردووە, رۆژانە ملیۆنێك دۆلار لە ریكلامی فەیسبووك خەرج دەكات, 40 ملیۆن دۆلاری تەنها بۆ هەڵبژاردنی 3ی مەی سێشەمەی گەورە تەرخان كردووە, كە هاوتا لە 14 هەرێم هەڵبژاردن بەڕێوە دەچێت, 40 ملیۆن دۆلاری بۆ هەڵبژاردنی كالیفۆرنیاو 33 ملیۆن تكساس, ..... تەرخانكردووە , وەك رایگەیاند ئەركی تەنها ئەوەیە رێگری بكات لە دەرچوونی ساندەرز, بە پشت بەستن بە باڵی راستی دیموكراتەكان.
بلمبۆرگ تاوانبارە بە رەگەزپەرستی, مامەڵەی خراپ لە گەڵ ژنان, خۆ دزینەوە لە باج...., هەرچەندە دەڵێت دوای سەركەوتن كۆمپانیا راگەیاندنەكەم دەفرۆشم بۆ ئەوەی بەرژەوەندییەكان لێكنەدەن وەك ئێستای ترامپ.
ساندەرزو سۆسیالزم
ئەنجومەنی راوێژكارانی ئابووری ئەمەریكا, بیرنەر ساندەرزی لە پاڵ ماركس و لینین و ماو ریز كرد, ترێِ ریجان لە فۆكس نیوز هێرشی توندی كردە سەر وڵاتی دانمارك و بە وڵاتی ناشرینی سۆسیالستی ناوی برد, ماوەیەكە بەهۆی ساندەرزەوە بێ گوێدانە ئەوەی لە وڵاتانی ئەسكەندەنافی بەتایبەتیش دانمارك و فینلەند, راست لەسەر حوكمن یان چەپ, بەهۆی سیاسەتی پەروەردەو تەندروستی و ژینگەییەكەیانەوە, لە لایەن باڵی راستی ئەنتی سۆسیالستی كۆمارییەكانەوە هێرش دەكرێتە سەریان.
ساندەرز دەیەوێت هەندێ ریفۆرم بكات وەك هاوپەیمانە ئەوروپیەكانی ناتۆ لە ئەوروپا, نەك سەرمایەداری بڕوخێنێت,نە سۆسیالزمەكەی ساندەرزو نە ئەوەی دانمارك و سوید, نە ئەوەی فۆكۆیاماش كە بە پێویستی دەزانێت بۆ ئێستای مرۆڤایەتی دوای واز هێنانی لە تیۆری كۆتایی مێژووەكەی, لە كۆتاییدا چارەسەری ریشەیی كێِشەكانی سستەمی سەرمایەداری ناكەن, ئەم سۆسیالیزمە موڵكداریەتی تایبەتی هەڵناوشێنێتەوەو حكومەتی كرێكاریش دانامەزرێنێت, بگرە هەر سەرمایەداری بە كەمێك ویژدان و مكیاجەوە لەسەر تەختی دەسەڵات دەهێڵێتەوە.
كەسێك داوای كرێ زیاتر و هاوكاری و پشتیوانی بكات بە سۆسیالستی دەدەنە قەڵەم,
ئێستا زۆر لە ئەمەریكیەكان بە پۆزەتیف سەیری سۆسیالزم دكەن, سۆسیالزم كرێی زیاتر و بیمەی تەندروستی و بێكاری و خوێندن بە خۆڕایی و .... بێت , بەخێر بێت.
لە راپرسییەكی پەیمانگای كول ئاپ دا 65%ی دەنگدەران بۆچونی پۆزەتیفیان لەسەر سۆسیالزم هەیە, ساندەرز دەڵێت ئەوان دەتان ترسێنن بە سۆسیالزم لە راستیدا خۆیان سۆسیالستخوازی كۆمپانیاكانن, بەڵام ئێمە سۆسیالستی زۆرینەین, بانگەشەی ساندەرز وایكردووە لە دەوڵەتێكی سەركەوتكەری نەرێتخوازی توندی بیری سۆسیالستی وەك ئەمەریكا, وایكردووە لە هەموو كات زیاتر گفتوگۆ بكرێت لەسەر وشەی سۆسیالزم.
هەرچەندە ساندەرزپێشەنگ بوو لە بزووتنەوەی 15 دۆلار بۆ كاژێرێك كارو پشتیوانی داخوازەكانی مامۆستایان , لێ یەكێتی مامۆستایانی شیكاگۆ , بە كەمترین لە نیوەی دەنگەكان رەتی كردەوە پشتیوانی بانگەشەی ساندەرز بكەن, 136 دژ , 121 لە گەڵ و 28 بێلایەن , بەهۆی هەڵوێستی ئۆپۆرتۆنستیانەی سەركردەكانییەوە, لێ یەكێتی كرێكرانی پۆست, پەرستیارانی یەكگرتوی نیشتمان, كرێكارانی كارەبا, ساندیكی كرێكارانی لۆس ئەنجلس و ......پشتیوانی هەڵمەتەكەین , وێڕای زۆرینەی پارتە چەپ و ماركسییەكانی ئەمەریكا لە نێویاندا پارتی سۆسیالست دیموكرات و حیزبی شیوعی.
ئەم بزاوتە جێگای رێزو پشتیوانی و گرنگە بۆ بزاوتی سۆسیالستی جیهانی, ئەوەی جیمی كۆربین و بیرنی ساندەرز كردیان لە دوو وڵاتی نەرێت پارێزدا, گرنگی مێژووی خۆی هەبوو, بە دەرنەچونیشیان خزمەتی گەورەیان بە بزووتنەوەی سۆسیالستی كردو جێی خۆیەتی پەندو ئەزموون لە تاقیكردنەوەكانیان وەربگرترێت, بەكارهێنانی پارتی سەرمایەداری بۆ ئامانجی سۆسیالستی.
بەڵام تاكە رێگا سۆسیالزمەكەی كارل ماركسە لە سەردەمی ئێستادا بۆ جێگرتنەوەی سستەمی سەرمایەداری كە رۆژ لە دوای رۆژ وەحشیگەراییەكەی لە بواری نایەكسانی, جەنگ و وێرانكردنی ژینگە.. دەردەكەوێت, سۆسیالزمێك بە تامی مرۆڤایەتی بۆ سەردەمی پیشەسازی زیرەك و شۆڕشی چواری پیشەسازی و لە دایك بوونی بریكاریا.