دیسانەوە سندوقی باندۆرای كەركوك

عەلی مەحمود
  2019-07-14     1276

لە 3 ساڵی رابردوودا 3 جار سندوقی باندۆرای  شەڕوكارەساتی كەركوك بەروماندا هەڵدراوەتەوە بەتایبەتیش دانیشتووانی شارەكە, هەڵكردنی تاك لایەنەی ئاڵای كوردستان، ئەنجامدانی ریفراندۆم لەسەرتاسەری پارێزگای كەركوك بێ گوێگرتن لە پێكهاتەكان دی, دو كارەساتەكەی پێشون، هەڵدانەوەی سەرقەباغی سندوقێك بوون, هەرچی شەیتانی دنیایە خۆی تێدا مەلاس دابو, هەردوجارەكەش لەئەنجامی ئەوەوە بو  بێ گەڕانەوە بۆ پێكهاتەكان دیكە بڕیار  درا.

ئەمجارەش دیاریكردنی پارێزگارێك بۆ شارەكە بە رێكەوتنی دوو گروپی بچوكی یەكێتی و پارتی, كە تەنانەت شەرعیەتی سیاسی بڕیاردانیشیان نەماوە لە روی رێكخراوەییەوە,ماوەی نوێنەرایەتی ناو پارتەكەیان بەسەرچووە بەهۆی  ئەنجامنەدانی كۆنگرەوە, وەك ئەوەی تەنها خۆیان هەبن و لەناو خۆشیاندا ئەو گروپە نەخوێندەوارو بازرگانەی كە ناویان مەكتەبی سیاسییە, لەناو ئەوانیش هەردوو بنەماڵە, ئەمجارەش  بێ گەڕانەوە بۆ رای گەل و پێكهاتەكانی دی شارەكە, تەنانەت ئەندامانی حیزبەكانیان بڕیارەكەیان دا, دەرگای نەگبەتیەكیان كردەوە شەڕو مەترسیەكانی لەوانی پێشووتر كەمتر نابێت, كە شەڕی نەتەوایەتییە لەسەردەمی دادپەروەری جیهانی, هەر ئاگرێكی بچووك بڕیاردەرانی پێشتر لەخۆیدا دەسوتێنێت.

كەركوك شارێكی كوردستانییە وەك پارێزگا بە بونی پوازی جوگرافی گرنگ بۆ هەردوو پێكهاتەی توركمان و عارەب تیایدا, چ لەناوەندی شاری یاخود لە دەوروبەری, بۆیە ناتوانرێت ئەو پێكهاتانە پشتگوێ  بخرێن بۆ بڕیاری چارەنوسساز, لە كاتێك پدك و ینك دوای 21 مانگ ململانێو رێك نەكەوتن و یەكتر بە خیانەت تاوانباركردن, بە شكستی سەربازی دەركردن بە پێنج دەقە  لە شارەكە  هۆكارەكەی هەرچییەك بێت, ئەوەی چواردە ساڵی پێشتر كردیان هەمویان دانایەوە بەچاوتروكانێك, چۆن دەتوانیت بە كۆبونەوەیەكی پێنج دەقیقەیی دوو حیزب كە شارەزایەكی مێژوو و جوگرافیای شارەكەی تێدا نەبێت, شڕۆڤەكارێكی وردی سیاسی لە هۆڵەكە نەبێت, بڕیارێكی گەورە دەدەیت دیاریكردنی پارێزگارێكە بۆ شارەكە, كە دەبوایە ناویان لێ بنابایە كاندیدی هەردوو حیزب.

 بەهۆی ململانێو حیزبایەتیشەوە كاندیدێكی لاوازی ناسكۆڵەتان كردۆتە پارێزگار بەرگەی ئەم ئاڵۆزییەی شارەكە ناگرێت, وەك ئەوەی تاكە بڕیاری یەكلاكەرەوە لای مەجلیسەكەی ئێوە بێت كەركوكیش وەك هەرێمی كوردستان بارمتەی هەتاهەتایتان بێت, هەڵدانەوەی سندوقی باندۆرەی ئەمجارەشتان بە روی دانیشتوانەكەی, ئاڵۆزییەكی دیكەی لێوە لە دایك دەبێت هەرچی شەیتانی شەڕە هاتۆتە ئاسمانی شارەكە, ئاخر هاووڵاتیانی كوردی شارەكە لە شێوازی دەسەڵاتداریتان ناڕازی بوون و ئێستا  ژەهر نۆشە كەن وەلێ ئێوەیان ناوێت نەك پێكهاتەكان دی, دەبوایا پێش گەیشتن بە كورسیەكەی پارێزگار هەوڵی ئاسایی كردنەوەی باری نا ئاسایی شارو  پەیوەندیە دوژمندارییەكەی خۆتان لە شارەكەو ئاشتكردنەوەی خەڵكی شارەكەتان بدابایا, ئەوەی لاتان گرنگە كەركوك نەوت و كورسی و تاڵانیەكەیەتی نەك خەڵكەكەی, بۆیە گوێ بە هەڵدانەوەی  سەرقەپاخی سندوقی باندۆرەی ماڵوێرانی ئەمجارەش نادەن.

باشتر نەبوو بۆ ئەم بابەتە گەورانە بگەڕێنرێەوە بۆ رای گەل بە تایبەت كەركوكییەكان و راپرسی گشتی بۆ ئەنجام بدرێت, ئەوانەی عیبرەت لە رابردوو وەرنەگرن, هۆكاری شكستەكانیان دیاری نەكەن, قەت لە داهاتوو براوە نابن, وەك ئێستای ئێوە.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×