هەڵەبجە دۆزه‌خێك بۆ رۆژهەڵاتییەكان

عەلی مەحمود
  2019-03-15     1608
بەشی یەكەم 
ناكرێت مێژووی كوردستان لە هەشتاكانی سەدەی ڕابردوودا, لە مێژووی  گشتگیری پەیوەندییەكانی لایەنە كوردییەكان لە گەڵ ئێرانیەكان جیابكەیتەوە, باجی ئەم پەیوەندییانە ئەوەندە گەورە بوون, وێڕای ئەوەی سەرتاپای بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی كوردی بۆ كۆتایی هێنان بە ستەمی نەتەوایەتی ناشرین كرد, هاوكات بونیادی كۆمەڵگای گەلی  كوردی سەرتاپا گۆڕی, تەنانەت پریشكی زیانەكانی پارچەكانی دیكەی كوردستانیشی گرتەوە, لەكیمیاباران و بۆمبابارانكردنی شارە سنوورییەكانەوە بگرە تا دەگاتە كیمیابارانكردنی بۆتێ  و شەهید كردنی پێشمەرگەكانی گوردانی شوانی كۆمەڵە و پێشمەرگەكانی دیموكرات و سوپای رزگاری .

لە كوێوە بچیتە ناو تاوان و تراژیدیاكانی  ئەو مێژووە ڕەشەوە خوێن بەرت پێ  دەگرێت, ئەو كەس و لایەنانە پێیان  وایە  سەرتاپای مێژوویان  پاكیزەییە و هیچ  لەكەیەكی  بەسەرەوە نییە, تەنها بەوەی  لە بەر ئەوەی پێشمەرگە و لە بەرەی نەیاری بەعسدا بوونە, لە حەقیقەتدا  ڕاست ناكەن و دەیانەوێت  فێڵ لە مێژوو و گەلەكەمان  بكەن, ناشرینیەكانیان تنۆك تنۆك شەرمەزاری لێ دەتكێتەوە, ئەو مێژووە هەر دەكەوێتە بەر خوێندنەوەی نوێ و نهێنیەكانی ئاشكرا دەبن, بۆیە  نابێت باوەڕ بە قسەو یاداشتەكانیان بكەین كە سەرتاپای تژییە لە پاكانە بۆ هەڵەو تاوانەكانیان و راست كردنەوەی بە درۆ, ئەو مێژووە پێویستی بە خوێندنەوەی راستگۆیانە هەیە .

ئەكتەرە سیاسییە بڕیار بە دەستە باڵاكان هەمیشە شكست و تراژیدیایان خولقاندووەو قوماریان بە كۆمەڵگاوە كردووە, ئەمەش بۆتە بەشێك لە نەرێت و كلتوری سیاسیان, وای پیشان دەدەن شكست و هەڵە گەورەكان پەیوەندیان بەوانەوە نییە, ئەوان نوخبەیەكی بێ هەڵەو تاوان لە ئاسمانەوە دابەزیون و تاوانبار تەنها داگیركەرانن, بە دان نەنان بە راستیەكان و هۆنینەوەی حكایەتی درۆ خۆیان دەخەنە دەرەوەی روداو تاوانەكان, دەروێشەكانیشیان شاباشی شكستە گەورەكانیان دەكەن, ئەمە لە خوێندنەوەی وردی تاوانی هەڵەبجە دەردە كەوێت, كارەكتەر و بكەر و بڕیار بە دەستەكانی  شەڕی هەڵەبجە, نهێنییەكانی, وردەكاریەكانی تا ئێستا دوای 31 ساڵ وەك خۆی ماوەتەوە.

باسكردنی  هەڵەكان , پەنجە خستنە  سەر حەرامەكان  ئازایەتی   و  دەستپێشخەری  دەوێت, هەرچەندە  ئەوان ئەو ڕێگایەیان بە ترس و بە شاردنەوەی ڕاستییەكان  لە گەل  گرتووە, بەڵام  دەبێت  دەرگا داخراوەكانی  بكرێنەوەو زانیاری  و نهێنییەكانی ئاشكرا بكرێن .

هێرشی فەجری 10 كە بە نهێنی یارەسواللە بۆ داگیركردنی هەڵەبجە دەستی پێكرد" یەك  و نیوی شەوی 12 لەسەر 13ی 3-1988 هێرش بە رەمزی یا رەسولەڵا دەستی پێكرد. لە ناكاو چاومان لە چەخماخەو ئینجا تەقە لەسەر قوللەی چادرگە (بەفری میری) سەر لوتكەی شنرۆێ دەستی پێكرد لە لایەن سوپای پاسدارانەوە- گازبارانی هەڵەبجەو راستی روداوەكە, حەمەی حەمە سەعید, 2014  ل79  " كەواتە یەكەم تەقە پاسدار كردویەتی ", بووە هۆی ئەوەی ئێران سەركەوتن تۆمار بكات پاش زنجیرەیەك شكست لە باشورو ناوەڕاستی عێراقەوە, بە دوایدا هەردوو هێرشی زەفەری 7 لە خورماڵ و بەیت المقەدەس 4 لە بەرزاییەكانی شەمێران و سورمڕ لە سەر دەریاچەی دەربەندیخان ئەنجام بدات, 5 شاری عێراقی بۆ یەكەمجار لە گەڵ نزیك 1000 كم دووجار خاك بكەوێتە ژێر دەستیان, هەڵەبجە گەورەترین  شاری عێراقی بوو ئێران لە ماوەی جەنگی 8 ساڵەی عێراق - ئێران داگیری بكات, دوای شەڕەكە هیچ زەوییەك  بە دەست  كوردەكانەوە لە رۆژهەڵاتی كوردستان نەما كە تا ئەوكات ناوچەی نەوسود لە ژێر كۆنترۆڵی هێزەكانی دیموكراتدا بوو, بەمەش ئێران كۆمەڵێك ئامانجی پێكا. 

ئەو لایەنانەی بوونە قۆنتەراتچی  هێنانی پاسدار بۆ سەر ناوچەكە, تەنها قوماریان بە خەڵكی سڤیلی شاری هەڵەبجەو ناوچە ئەنفالكراوەكانەوە نەكرد, بەڵكە بە كوردی پارچەكانی دیكەشەوە كردیان, لەو هەموو شەڕانەدا ئەگەر بۆ خۆیان بە زیانێكی كەم دەرچوون" لە هەموو ئەو بەناو داستانەدا 8 پێشمەرگەی ینك , 6ی سۆسیالست و 4ی پارتی  بوونە قوربانی , دیار نییە چەندیان بە گازی كیمیاوی گیانیان بەخت كردووە"گازبارانی هەڵەبجەو راستی روداوەكە, حەمەی حەمە سەعید, 2014 , ل184"", ئەو فەرماندانەی خەڵكی ناوچەی هەڵەبجەو دەوروبەری بوون ماڵ و مناڵیان پارێزرا چونكە پێشتر ئاگادار كرانەوە, لێ مەرگە ساتیان بۆ ئەو خەڵكە ساز دا.

یەكێك  لە لایەنە شەرمەزارییەكانی دیكەی شەڕی هەڵەبجە, وێڕای تاڵانكردن و بە بارمتە گرتنی خەڵكی سڤیلی شارەكە بوو كە بۆ خۆی بە پێوەری جیهانی تاوانی جەنگە, شەهید  بوونی پێشمەرگەكانی  ڕۆژهەڵات و داگیركردنی بارەگاكانیان بە سانایی  و بێ بەرامبەر تەسلیم  بە كۆماری ئسلامی ئێران كرانەوە  .
با لە گەڕان بە ناو وتەی شایەد حاڵەكاندا بزانین ئەندازیارانی شەڕی هەڵەبجە, هەڵوێستیان چۆن بووە لەسەر هێزەكانی  ڕۆژهەڵات.

لە 28 ساڵ لەمەوپێشەوە, كە خەڵكی شاری هەڵەبجە و تەواوی كوردستانیان  ساڵانە  یادی 5000 قوربانی هەڵەبجە دەكەنەوە, پێویستە  لە گەڵ  ئەواندا یادی هەموو قوربانیەكانی رۆژهەڵات بكەنەوە كە لە هەمان پرۆسە گیانیان بەخت كردووە, هاوكات  ناویان لە لیستی قوربانیانی هەڵەبجە بنوسرێت, كە بریتین لە  72 پێشمەرگەی كۆمەڵەو 5ی دیموكرات, 52 پێشمەرگەی سوپای رزگاری" هێزی رزگاری  لە ناو بیارە 7  كوژراو 45 دیلیان دا  " كۆمەڵكوژی كورد لە جەنگی ئێران عێراقدا- هەڵەبجە 16-3-1988  بە نموونە  ل 295" ", سەرباری رەشبگیری ئەو خەڵكە سڤیلە رۆژهەڵاتیانەی لە ناوچەكە بوون " كۆی گشتی 350 دیل, 27 تەسلیم بوونەوە" كۆمەڵكوژی كورد لە جەنگی ئێران عێراقدا - هەڵەبجە 16-3-1988بە نموونە  ل 291 ", هاوكات دۆكۆمێنتەكانی بەعسیش لە هەڵەبجە گرتران كە ناوی زۆر لە نەیارانی كۆماری ئیسلامی تێدا بوو, دواتر كەوتنە بەر پەلامار و هەڕەشەكردن لە ناوخۆ, سەرباری ئیعدام و زیندانی دی كە ئامار نەكراون, واتا زیانی رۆژهەڵاتیەكان لە تاوانی هەڵەبجە زۆر لەوە زیاترە كە باسی لێوە دەكرێت.



سەرەتای گەشتی هێنانی پاسدار بۆ سەر هەڵەبجە  و گفتو گۆكان لە بارەیەوە  شەوكەتی حاجی مشیر كە بە ئەندازیاری سەربازی شەڕەكە دێتە  ژماردن , لە پەرتووكەكەیدا سەبارەت بە دۆسیەی رۆژهەڵاتییەكان لە تاوانی هەڵەبجەدا بۆ خۆی  دان بەوەدا دەنێت  كە  :

1- راستەوخۆ  لایەنەكان لە هێرشەكە ئاگادار نەكراونەتەوە, بەڵكە  وەك گریمانەی سەربازی هەواڵی هێرشەكەیان پێ گەیەنراوە لە ڕێگەی  خۆی و فەرماندە هەرێمییەكانەوە, نەك  وەك ئەوەی  هێرشێكی سەربازی سەرتاپاگیری نەخشە داڕێژراوی بەرفراوان بەڕێوەبێت.

2- سەركردایەتی  ئەو لایەنانە كە پەیوەندییەكی گەرم و گوڕیان لەگەڵ ینك  هەبوو, دەشیا لە لایەن سەركردایەتییەوە بە شێوەی فەرمی ئاگادار بكرانایەتەوە لەو هێرشە بەرفراوانە,ڕاستییەكانیان پێ بوترایا,جدییەتی زیاتر دەبوو .

"   نەدەكرا ڕاستەوخۆ بەرنامەكەی خۆمانیان  پێ بڵێین , لەبەر پاراستنی نهێنی چالاكی یەكەو ئاشكرا نەبوونی . دیاربوو زۆریان پێ ووتبون بەڵام لایەنی دیموكرات گاڵتەیان بە هەواڵەكە هاتبوو  ووتبویان پڕوپاگەندەی كۆماری ئیسلامی ئێرانە بۆ چەواشە كرنی ئێمە , لە ڕاستیدا لەم لاشەوە چونكە هێز كۆكردنەوەكانی ئێمەو ئێرانیش  ئەوەندە بە نهێنی  بوو كە بە شەو جموجۆڵمان ئەكرد و بە تایبەتی حكوومەتی ئێران هێزەكانی زۆر بە نهێنی ئەجوڵان بە ئۆتۆمۆبێلی داخراو بە شەو لە ناوچەكانی نێوان  (( پاوەو جوانڕۆو باینگاندا)) بڵاوەیان پێ كردبوو لە دۆڵ و شیوو ناو دارستانی ناوچەكەدا جێگایان چاك كردبوو , هاتوو چۆشیان لەو ناوچەیە قەدەغە كردبوو ((كارەساتی كیمیابارانی هەڵەبجە بەهاری 1988- شەوكەت حاجی مشیر ل106). ((  لە هەمان ڕۆژیشدا نامەیەكیان ناردبوو بە كەسێكی دڵسۆزدا كە بیگەیەنێتە لێپرسراوەكانی   كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی ئێران   -((كارەساتی كیمیابارانی هەڵەبجە بەهاری 1988- شەوكەت حاجی مشیر ل 106 ), باسی هێزی رزگاری  ناكات چونكە ئەو تاوانەی بەرامبەر ئەوان كرابوو  وەك كۆمەڵەو  دیموكرات لە قاو نەدرابوو, بە هۆی لاوازی پێگەی سیاسی و پەیوەندیەكانی سوپای رزگاری لە گەڵ بەعس , زیاتر وەك هێزی پاشكۆ دەناسران  .
((  ئەم هەوڵانە لە ڕێگەی تیپی 11 ی هەورامانی ینك ئەوە ئەنجام درا (كارەساتی كیمیابارانی هەڵەبجە بەهاری 1988- شەوكەت حاجی مشیر ل105 ) .

ئەو پێشمەرگانەی لەگەڵ حدكا  دانیشتوون و پەیامی هێرشەكەیان پێ گەیاندوون, كاك شەوكەت بەم شێوەیە ڕیزبەندییان دەكات ((ئەوانەی  لە گەڵ دیموكرات دانیشتن بریتی بوون لە شەوكەت حاجی مشیر , مامۆستا ساڵەح  قادر, قادر كۆكۆیی, محەمەد حەمە سەعید- كارەساتی كیمیابارانی هەڵەبجە بەهاری 1988- شەوكەت حاجی مشیر  ل 107 )).

وەلێ كاك حەمەی حەمە سەعید دەڵێت"قسە كردن لە گەڵ حزبی دیموكرات و كۆمەڵەی ئێران و سوپای رزگاری, ئەویش سپێردرابوو بە ( من و كاك حامید و نیازی). گازبارانی هەڵەبجەو راستی روداوەكە, حەمەی حەمە سەعید, 2014  ل71", كەواتە ئەم برادەرانە لە ژیاندا ماون دەبێت رونكردنەوەی زیاتر بدەن لەسەر پەیوەندیكردن بە كۆمەڵەو رزگارییەوە, بۆ سەلماندنی وتەكانیان هەر ئەوەندە بەس نییە بڵاویان كردۆتەوە, بە دانپێنانی خۆیان بەرپرسی یەكەمن.

((كۆمەڵە ئەگەر چی دوورتر بوون لە سنوری ئێمە و تێكەڵاویشمان زۆر كەمبوو پێكەوە لەو سەردەمەدا, هەندێ ساردیش هەبوو لە نێوان هەندێ لێپرسراوانی ئەو سنورەی ئێمە و ئەواندا ئیتر هەر باوەڕیان بە هەواڵەكە نەكرد و گاڵتەشیان پێ هاتبوو و هیچ وەڵامیشیان نەداینەوە نە بە نامە و نە بە نوێنەریان - كارەساتی كیمیابارانی هەڵەبجە بەهاری 1988- شەوكەت حاجی مشیر ل107.((, وەلێ حەمەی حەمە سەعید هەواڵەكە دەكات بە نامەو نامەبەریش ناوی دیار نییە, كەسیش نازانێت گەیاندویەتی یان نا؟, هاوكات نازانرێت كە لەو چركە ساتەدا پەیوەندی كۆمەڵەو رزگاری چۆن بووە, كە پێشتر باش نەبوو, دوو لایەنیش پەیوەندیان باش نەبێت چۆن بە یەك نامە هەردوولا ئاگادار دەكرێنەوە,  ئاوا باسی دەكات "..... نامەیەكمان بۆ كۆمەڵەو گوردانی شوان لە بیارە ناردوو هەمان قسەو باسمان بۆ نووسیبوون وە لە نامەكەدا داوامان كردبوو ئەوان خۆیان لە گەڵ سوپای رزگاری قسە بكەن  " گازبارانی هەڵەبجە و راستی روداوەكە – حەمەی حەمە سەعید 2014  ل 73".....  " كۆمەڵە  وەڵامیان نەبوو, دووبارە من و كاك  شەوكەت و چەند كەسێكی تر چووینەوە بۆ لای دیموكرات بۆ بارەگای سەرەكیان لە گوندی دەرەتفێ لە گەڵ مەنسوری فەتاحی و كاوەی بارامی  و حەمەی وەلەدبەگی و حەمەی مزەفەری  دانیشتین, ئەمجارە بە جدی داوامان كرد  هەرچەندە ئەمە قسەی ئێرانییەكانە گوایە لێرەوە پەلامار نادەن - گازبارانی هەڵەبجەو راستی روداوەكە, حەمەی حەمە سەعید, 2014  ل 74" باشە دیموكرات بەو هەموو كۆبونەوەیە باوەڕو متمانەیان پێتان  نەكردبێت, كۆمەڵە  وەڵامی چی هەبێت بە نامەیەكی نەسەلمێنراو, كە وەڵامیان نەبووە بە دواداچونیان نەكردۆتەوە بۆ جاری دی وەك ئەوەی بۆ حدكا كردیان چوار جار لە گەڵیان دانیشتوونە.

لە بەر ئەوەی خۆیان بەشكن لە ئاگادار كردنەوەی گوردانی شوان  و سوپای رزگاری  بۆیە هەر بەڵگەی نا رون و جیاواز دەهێننەوە, تەواوی بەڵگەكانیش بكەر كە گەیەنەری نامەیە یاخود ناردنی هەواڵە نا دیارە "  كاوەی بارامی دەڵێ : ئەو كەسەی ناردمان بەدوای هێزی بەیاندا پێمان وت داوا لە كۆمەڵەش بكات بێن پێكەوە دەردەچین بەڵام وەڵامیان نەبوو- " گازبارانی هەڵەبجە و راستی روداوەكە – حەمەی حەمە سەعید 2014  ل 97"لێرەشدا هەر كەسەكە نادیارە, وەلێ زۆربەی سەركردەكانی ئەوكاتی كۆمەڵە كە من پرسیارم لێكردوون ,  هاشا لەوە دەكەن كە هێزەكەیان لە بیارە ئاگادار كرابێتنەوە لە هێرشی كۆماری ئیسلامی ئێران.

لە راستیدا هۆنینەوەی ئەم چیرۆكی نامەو هەواڵە  تەنها هەوڵێكە بۆ خۆدەرباز كردن لە ئابڕوچونێكی گەورە تا ئاستی تاوان و خیانەتی نەتەوەیی, كەسیش باوەڕ بەم چیرۆكانە ناكات تا ئەوكاتەی لێكۆڵینەوەیەكی وردی بەڵگەدار نەكرێت .

هەرچەندە لە جێگەیەكی  دی و لە لێدوانی بۆ بەڕێز یۆست هلتەرمان دەڵێت ((.... لە مارتی 1988دا جەنگاوەرانی حدكا و كۆمەڵە, لە شاخەكانی سەروی هەڵەبجەوە بوون  و لە لایەن  ڕژێمی عێراقەوە دەپارێزران, ئەوان ئەگەر هۆكاری سەرەكیی داگیركردنەكەی ئێران نەبووبن, ئەوە بە دڵنیاییەوە یەك لە ئامانجە سەرەكییەكانی بوون .هەر كە هێزەكانی ئێران هاتنە ناو عێراقەوە, هێزێكی تایبەت یەكسەر چووە سەر ئەم دوو گروپە, بەڵام ینك, كە پەیوەندیەكی باشی هەبوو,لانیكەم لە گەڵ حدكادا, هەردوو حیزبەكەی ئاگادار كردبوەوە لەو پەلامارەی بەڕێوەبوو, وەك هەوڵێك بۆ دەرباز بوونیان, هەموو فەرماندەكانی ینك  لەسەر ئەوە كۆك بوون و بۆ نموونە, شەوكەتی حاجی مشیر (لە چاوپێكەوتنێكی ساڵی2002دا)وتی كەوا ویستووییەتی  دۆستەكانی لە حدكا ڕازی بكات بۆ ئەوەی ئەو ناوە بەجێبێڵن, چونكە بنكەو بارەگایان لە گوندەكانی هاوار و دەرەتفێ بوولە نزیك جەنگاوەرانی ینك ەوە((من چوار كۆبونەوەم لە گەڵ كردن و نەمدەتوانی بڵێم ئۆپەراسیۆن لە كات و ساتدایە.هەموو ئەوەی توانیم كە بیڵێم ئەوەبوو كە عێراق پلانی بۆ ڕووخاندنی هەڵەبجە داناوەو ڕەنگە شەڕ بەرپا ببێت.ئەوان باوەڕیان پێ نەكردین و بێجگە لەوەش لە ژێر فشاری عێراقدا بوون  بۆ مانەوە-كارێكی ژەهراوی ,ل255 )).

حاتەم مینبەری یەكێك لە كادیرانی حدكا  لە بە شی یەكەمی یاداشتەكانی ئەو ڕۆژگارەیدا, بە ناوی لە پەراوێزی خنكانی هەڵەبجەدا, بەم شێوەیە ئەم هەوڵانەی یەكێتیمان بۆ دەگێِرێتەوە ((ئه‌وه‌ی من ئه‌مه‌وێ باسی که‌م زیاتر نه‌قش و رۆڵی حیزبه‌کانی باشووری کوردستان له‌ پێکهاتنی ئه‌م وه‌زعه‌ دا و به‌سه‌رهاتی زیاتر له‌ هه‌زارپینجسه‌د پێشمه‌رگه‌ی رۆژهه‌ڵاتی کوردستان و بنه‌ماڵه‌کانیان له‌م رووداوه‌دایه‌ که‌ زیاتر له‌ سه‌دکه‌سیان کوژران و به‌ سه‌دانیان ناچار بوون خویان راده‌ستی ریژیمی ئێران که‌نه‌وه‌ )).

((هه‌رچه‌ند زۆر جار هاتووچووی پاسدار و کاربه‌ده‌ستانی ئه‌رته‌شی ئێران بۆ بنکه‌کانی یه‌کیه‌تی ئه‌بووه‌ هۆی نگه‌رانی و ناڕازی بوونی ئێمه‌ به‌ڵام چه‌ند که‌س له‌ به‌رپرسانی ی.ن.ک. ئێمه‌یان له‌ هه‌موو جمووجووڵێکی ده‌وڵه‌تی ئێران ئاگادار ئه‌کرد و له‌به‌رانبه‌ر ره‌خنه‌ی ئێمه‌ش دا بۆ هاتووچووی ئێرانیه‌کان بۆ بنکه‌ی ئه‌وان به‌پێکه‌نینه‌وه‌ ئه‌یانوت که‌ ده‌ستتان بۆ به‌رن ده‌ستیان ئه‌بڕین!).

((دووحه‌فته‌ پێش هێرشی ئێران بۆ سه‌ر شاره‌زوور و هه‌ڵه‌بجه‌ دوو به‌رپرسی یه‌کیه‌تی هاتنه‌ لای ئێمه‌ و به‌رپرسانی ئێمه‌یان ئاگادار کرد که‌ ریژیمی ئێران به‌نیازه‌ هێرشێکی به‌رین بکاته‌ سه‌ر هه‌موو پارێزگه‌ی سلێمانی و نه‌ک هه‌ر هه‌ڵه‌بجه‌ و سه‌یدسادق به‌ڵکوو دوورنیه‌ سلێمانیش بگرن و یه‌کیه‌تی، پارتی و حه‌ره‌که‌ ئیسلامیش هاوکاری ده‌که‌ن و قه‌راره‌ دوای ئازادبوونی، ناوچه‌که‌ بده‌نه‌ ده‌ست هێزه‌ کوردیه‌کان! بۆیه‌ پێشنیارتان پێده‌که‌ین که‌ هێزه‌که‌تان یان هیچ نه‌بێ ژن و مناڵه‌که‌تان له‌مناوه‌ دوور خه‌نه‌وه‌ با تووشی له‌گه‌مارۆ که‌وتن و گیر و گرفتی خراپ نه‌بن! ئێمه‌ پێمان وانه‌بوو له‌ده‌سڵاتی سپای ئێران دا هه‌بێ '' شنروێ''، ''سوونێ'' و ''باڵامبۆ'' که‌ هه‌رکامه‌یان هه‌زاران سه‌رباز و سه‌نگه‌ری بتۆنی و کاناڵ و جێگای سه‌ختی لێ هه‌ڵکه‌نرابوو ده‌ربێنێ، چوونکه‌ پێشتریش ده‌یانجار هێرشیان کردبوو و تێکشکابوون، به‌ڵام ئه‌مجاره‌ دۆستانی یه‌کیه‌تی زۆر به‌دڵنیاییه‌وه‌ قسه‌یان ئه‌کرد و زۆریش دڵخوش بوون که‌ حه‌تمه‌ن ناوچه‌ییکی به‌رین ''ئازاد '' ئه‌بێت و ئه‌وان ئه‌بنه‌ حاکمی ( ساڵێک دواتر هه‌رکه‌ ئه‌مقسانه‌م بیر ئه‌هاتنه‌وه‌ قسه‌ییکی خوشی ک- فه‌تاح کاویانم وه‌بیر ئه‌هاته‌وه‌ و له‌به‌ر خومه‌وه‌ به‌وپه‌ڕی دڵبریندارییه‌وه‌ نه‌م ئه‌توانی پێشی پێکه‌نینی خوم بگرم) به‌هه‌رحاڵ ئێمه‌ به‌قسه‌ی دۆستانمان نه‌کرد، ژن و مناڵ و پیر و په‌ککه‌وته‌ له‌وێ مانه‌وه‌ و رۆژی ده‌ستپێکرانی شه‌ڕیش تازه‌ کار له‌کار ترازابوو،  نه‌ک ده‌ربازکردنی ئه‌و گشت خه‌ڵکه‌ بێدیفاعه‌،  به‌ڵکوو رزگاربوونی خوشمان که‌وته‌ مه‌ترسییه‌وه‌ و خه‌ریک بوو هه‌موو له‌به‌ین بچین و گه‌وره‌ترین کاره‌ساتی میژوی پێشمه‌رگه‌ی کوردستان له‌سه‌ر ئێمه‌ تۆمار بکرێ )).

پێشمەرگەكانی یەكێتی لە هەوڵەكانیان بەردەوام دەبن بۆ قەناعەت پێ هێنانی حدكا بۆ چۆڵكردنی ناوچەكە (( تێبینی: نابێت لە یادمان بچێت حدكا لەو كاتە لە ناوچەكە بارەگای گەورەی هەبوو بەتایبەتی لە ناوچەی سنووری نەوسوود, كۆماری ئیسلامی بەهەموو شێوەیەك هەوڵی دەدا لەو ناوچەیە دەریان بكات , بەهۆی پەیوەندی ینك و ئەو لایەنانە لە گەڵ ئێران ,دەشێت ئەو هەوڵانە وەك فێڵێك بۆ چۆڵكردنی ناوچەكە سەیر كرابێت و بە پڕۆژەی كۆماری ئیسلامی زانرابێت)) و بەڕێز شەوكەت حاجی مشیر بەم شێوەیە درێژەی پێ دەدات (( دوای چوار ڕۆژ جارێكی تر  وەفدێكی ترمان چووینەوە بۆ لایان كە ئەمجارەیان "شەوكەت حاجی مشیر+مامۆستا ساڵەح قادر+ قادر كۆكۆیی+ محەمەد  حەمە سەعید"بووین و چووینە بارەگاكانیان لە "دەرە توێ" هەموو لێپرسراوەكانیان كە لەوێ بوون لە گەڵمان دانیشتن و دوو ئەندامی كۆمیتەی ناوەندییان كە " مەنسور ڕەشید هەورامی + كاوەی بارامی "بوون لە گەڵ "محەمەدی وەلەد بەگی "دا ئەمجارەیان زۆر بە جدیتر پێمان ووتن برایان تكامان وایە بە گوێمان بكەن و ئەم سنورە چۆڵ بكەن بۆ ماوەیەك خراپ نییە با دوا ڕۆژ توشی زیان نەبین هەمو لامان . ئەگەر باوەڕیش ناكەن پەیوەندی بكەن بە سەركردایەتی خۆتانەوە چونكە ئەوان ئەتوانن پەیوەندی بكەنبە سەركردایەتی یەكێتی و باشتر باوەڕ ئەهێنن- كارەساتی كیمیابارانی هەڵەبجە بەهاری 1988- شەوكەت حاجی مشیر,ل107 )) .

كاك شەوكەت دان بەو ڕاستییەدا دەنێت كە بەو هەموو تەم و مژو  دەر نەخستنی ڕاستی و دڵنیا نەبوون لە یەكتری و گومانەوە, نەیان توانییووە قەناعەتیان پێ بێنن لە مەترسی پەلامارەكە ((هەموو ئەو هەوڵ و كۆششەی دامان لەگەڵ "دیموكرات و كۆمەڵەدا" " هەرچەندە هەوڵەكەیان لە گەڵ  كۆمەڵە تەنها ناردنی نامەیەكی نادیارە"بە هیچ شێوەیە باوەڕیان پێ نەكردین و هێز و ماڵ و مناڵیان لەو سنورە دوور نەخستەوە  ئەمەش لەبەر چەند هۆیەك بوو:

1- هیچ هەستیان بە جموجۆڵی هێزی گەورەی ئێرانی نە ئەكرد لەسنورەكەدا و بیریان لای ئەوە نەبوو كە حكوومەت ئەگەر بیەوێت لەماوەی 24 كاتژمێردا گەورەترین هێز كۆئەكاتەوە و بەڕێی ئەكات.

2- زۆر جار حكومەتی ئێران بۆ چەواشە كردنی هێزەكانی عێراق هێزی كۆ ئەكردەوە  لە سنورێك دا بەڵام لە پڕ لە شوێنێكی ترەوە هێرشی ئەكرد كە دوور بوو لەو شوێنەی دەنگ و باسی بڵاو بونەوەی هێزی كۆكراوەی هەبوو.

3- زستان بوو سەرمایەكی سەخت بوو ئاسان نەبوو ئەو هەموو بارەگایانە بگوازنەوە. لەو لاشەوە باوەڕیان نەبوو ئێران بەو زستانە جموجۆڵ بكات لەو ناوچە شاخاوییە ساردەدا.

4- وەك پێشتر باسمان كرد "500"پێشمەرگەی شەڕ كەریان بە باشترین چەكەوە لە سنورەكەدا بوو , جگە لە هێزی بەرگری و لایەنگری حیزب كە نزیكەی 250-300 كەس چەكداریان هەبوو. هەموو شاخە بەرزەكانی دەورو پشتی خۆشیان گرتبوو قایمیان كردبوو, زاتا زۆر باوەڕیان بە خۆیان بوو ئەگەر ئێران هێرش بكاتە سەریان ئەی شكێنن, جگە لەوەش  باوەڕیان هەبوو كە هێزی ینك لە گەڵ هێزی ئێران ناچنە سەریان و شەڕیان ناكەن.

5- دیاربوو ئەم پروپاگەندەو دەنگ و باسەش كەوتبووە بەر گوێی حكومەتی عێراق و ئەویش هەواڵەكانی بە درۆ ئەدا  لە قەڵەم لای دیموكرات رێگەی پێ نەئەدان هەروا بە ئاسانی ئەو سنورە چۆڵ بكەن . چونكە بە لای عێراقەوە ئەوە تەنها پرۆپاگەندەی ئێرانە بۆ چەواشەكردنی هێزی سەربازی عێراق كە سەر قاڵی شەڕی سەركردایەتی بوو-كارەساتی كیمیابارانی هەڵەبجە بەهاری 1988- شەوكەت حاجی مشیر  ل  108 )).

نەك تەنها لایەنە سیاسییەكان , بگرە لە لایەكی  دیكەوە كۆنترۆڵی جوڵەی خێڵەكانی  ناوچەكەشیان كردووە (( لە پێشدا هەوڵماندا"حیزبەكانی دیموكرات و كۆمەڵە"ی ئێران تێ بگەیەنین سنوورەكە چۆڵ بكەن و بەڵێنمان پێدان ئەم جموجۆڵەی بە هیواین لەم سنورەدا دژی ئەوان نابێ بەمەرجێ بە گوێمان بكەن و هاوكاریمان بكەن. داواشمان كرد ئەو ماوەیەی ئێمە پێویستمان بەو سنورە هەیە  با خەڵكی ئەوان لەو ناوەدا هاتووچۆ نەكات.لەو لاشەوە بۆ عەشیرەتەكان لە چەندین شوێن پاسەوانمان دانا ناوچەكە كۆنترۆڵ كەین و نەهێڵین هاتووچۆی تێدا بكرێ بۆ ئەوەی هەواڵەكانمان دەرنەچێ لەو عەشیرەتانەی سنوورەكە پێك هاتبوون لە "ایناخی+امامی+كڵاشی+باوەجانی+بەلەبزانی+تاو گۆزی"كارەساتی كیمیابارانی هەڵەبجە بەهاری 1988- شەوكەت حاجی مشیر ل113 )).

كاك  حاتەم مینبەری لە درێژەی یاداشتەكانیدا  بەم شێوەیە درێژەی پێ دەدات و  پشكێك  لە ڕاستییەكان دەخاتە بەر دەست و دەڵێت: سێ رۆژ پێش ده‌ستپێکرانی هێرشی ئێران جارێکیتر به‌رپرسێکی ی.ن.ک.  هاته‌ بنکه‌ی کومیته‌که‌ی ئێمه‌ (کومیته‌ی کرماشان) و به‌وردی باسی هێرشی ریژیمی کرد و وتی زیاتر له‌ بیست هه‌زار که‌سی هێناوه‌ته‌ پاوه‌ و مه‌ریوانیش پڕه‌، دڵنیابن هێرشه‌که‌ جددییه‌! . من نازانم به‌رپرسانی ئێمه‌ چۆن ئه‌م وه‌زعه‌یان بۆ ده‌فته‌ری سیاسی و شه‌خسی د. قاسملوو باسکردووه‌ و ناشزانم که‌ رێنوێنی و بڕیاری ئه‌وان چیبووه‌،  به‌ڵام سه‌ره‌نجام ئێمه‌ هه‌روا له‌ جیگای خۆمان دا مه‌ینه‌وه‌ ئه‌و ئێواره‌یه‌ که‌ به‌یانییه‌که‌ی هێرشه‌که‌ ده‌ستی پێکرد که‌م که‌م ژماره‌ییک ژن و مناڵ به‌ره‌و هه‌ڵه‌بجه‌ به‌ڕێ کران، به‌ڵام تازه‌ دێرببوو و به‌یانی سه‌عات چوار شه‌ڕ له‌ هه‌رچوارلاوه‌ ده‌ستی پێکرد و ناوچه‌ بوو به‌ یه‌ک پارچه‌ ئاور.

شەوكەتی حاجی مشیر دەڵێت ((كە ئێمە گەیشتینە دێی بوێن بۆ دواجار هەواڵمان نارد بۆ ئەو دەستەیەی  دیموكراتی ئێران كەئیتر بەبەرییەوە نەماوە پێویستە حسابی تەواو بۆ خۆیان بكەن , بەڵام ئەوان كە بەهێزی خۆیانەوە  شانازییان ئەكرد و دەوروبوریان باش قایم كردبوو ئەمجارەش زۆر گرنگیان نەدابوو بەم هەوڵەی ئێمە ,لە ڕاستیشدا چونكە هاتووچۆی خەڵكمان بە باشی قەدەغەكردبوو ,جگە لەوەش زۆربەی جموجۆڵەكانمان بە تاریكی شەو بوو بۆیە هەوڵێكمان لانەبوو كە بیسەلمێنێ لەم ناوچەیەدا شەڕێكی قوورس هەڵگیرسێ , واتە هەمان زانیاری یان هەبوو كە حكومەتی عێراق هەی بوو لەسەر ناوچەكە و لەوەش دڵنیابوون كە ئێمە بە تەنیا جێیان ناهێڵین.

ئێمە بۆ ئەوەی چارەسەری كەم تەرخەمی "دیموكرات"بكەین .دوو دەفتەر وەرەقەی خۆمانمان بە "مۆری تیپی11ی هەورامانی ینك"مۆر كرد و ئامادە كرد, كە ئەگەر هەر  لایەنێك و كەسێكی كوردی ئێران ی لە كاتی شەڕەكەدا ڕووبكەنە لێپرسراوەكانمان بۆ داوای یارمەتی  یەكسەر وەرەقەی بۆ بكرێ بۆ ئەوەی تووشی گرتن و دەردی سەری نەبێ . بە پێی ڕێككەوتنامەكەی نێوان ئێمەو نوێنەرانی حكومەتی ئێران كە لە كرماشان بڕیاریان لەسەر دابوو, پێشتر واشمان كرد كە هەموو بەرواری كۆنی لێ بدرێت بۆئەوەی "حیسابی"بۆ بكرێت كە لە كۆنەوە ئەو كەسە بڕیاری خۆی داوە, ئەم وەرەقە مۆركراوانەمان دابەش كرد بەسەر لێپرسراوی  رەِتلەكان و بارەگاكانی ناوچەكەدا بەشێكمان نارد بۆ ناو شار  لای ڕێكخستن بێت بۆ هەمان مەبەست-كارەساتی كیمیابارانی هەڵەبجە بەهاری 1988- شەوكەت حاجی مشیر  ل120 )), ئیتر نازانرێت ئەو كاغەزە مۆركراوانە  دواتر بەكار هاتووە یان نا ؟, هیچ كەسێكی رۆژهەڵاتی وەریگرتووە ؟.

كە گەیشتنە ڕۆژە ڕەشەكە , كە كار لە كار ترازا , هیچ پێشمەرگەیەكی ڕۆژهەڵات ئەو نامە مۆردارانەیان نەبینی . هەرچەندە لە گۆڤاری لڤیندا بەرپرسێكی یەكێتی كە ناوی دیاری نەكراوە, وا قسە دەكات كە ئەو كاغەزە مۆردارانەیان داوە پێیان ((گۆڤاری  لڤین لە ڕاپۆرتێكی شیكاریدا لە ژێر سەر دێری "ئەو هەڵە ستراتیژییەی كیمیابارانی لێكەوتەوە"ڕاپۆرتی یاسین ڕەسوڵ عوسمان , بەم شێوەیە ئاماژە بە كێشەی ئەو تێكۆشەرانە دەدات, بەوەی كۆماری ئیسلامی لە پەلاماری هەلەبجە جگە لە ئێراق بە دوای لێدانی ئەوانیشەوە بوووە و بۆ ئەم مەبەستە جاشی بۆ پەلاماریان هێناوە, لە ڕاپۆرتەكەی  لڤیندا هاتووە: "... بە وتەی  بەرپرسێكی ینك شەوی پێش دەستپێكردنی ئۆپەراسیۆنەكە سێ بەرپرسی ینك لە گوندی هەوارە كۆن چوونەتە لایان(دیموكرات) و لە نیازی ئێران ئاگاداریانییان كردوون, دیموكراتەكان ڕێگەی  شەڕو بەرگرییان هەڵبژارد و پاشان داوای چەند بەڵگەیەكی مەرەخەسیان كردووە, تا لە تەنگانە وەك هێزە كوردەكانی باشوور بەكاریان بهێنن...... )).

بەڕێز محەمەدی  حاجی  مەحموودیش لە یاداشتەكانی خۆیدا, بەم شێوەیە بەسەرهاتی ڕۆژە سەختەكانی  ئەو تێكۆشەرانەمان بۆ دەگێڕێتەوە ((  ... كاك شەوكەت و كاك حامید ووتیان ئێران دەزانێ هێزی دیموكرات لەو ناوەیە و ئێستا هەرچی بەسیج و كوردی لای پاوە و جوانڕۆ  هەیە هێناویانە  بۆ ئەوەی بیانناسن و ئەگەر بگیرێن دەبێتە عەیبەیەكی  گەورەو ئابڕومان دەچێت ووتیان ئێمە هیچمان پی َناكرێت  و مەسئولەكانیان لە عەبابەیلێ لە (2-3) جێگا  شاردومانەتەوە, من لە ڕۆژی 21-3-1988 دوای نیوەڕۆ ڕۆیشتمە عەبابەیلێ لە ژێرزەمینێكدا بون هەموویان نزیكەی (25) كەس لە مەسئولەكانیان لەوێ بوون زۆر وەزعیان خراپ بوو زۆر ناڕەحەت بوون گلەییان لە كاك شەوكەت و یەكێتی كرد كاك شەوكەت پێی وتوون هیچ چارەیەك نییە یا شەڕ بكەن تا دەكوژرێن یا تەسلیم بن بە ئێران ئەگەر خێزانەكانیان تەسلیم بێت هیچیان لێ نایات یا بۆیان دەبەنە سەردەشت یەكێتی من كە چووم هەندێك دڵخۆشیم دانەوەو ووتم هەوڵ دەدەم كە هیچ تان تووش نەبێت ووتیان (900) كەسین ووتم با (2) هەزار كەسیش بن لەوانە كاك موزەفەری میتران ئەندامی سەركردایەتی دیموكراتی ئێران و زۆری كەش بوون كاك كەماڵ  دشەیی لە هۆڵە بەگیەكان جیهازێكی بی سیمی هێنا ووتی دكتۆر قاسملو دەیەوێت قسەت لەگەڵ بكات و سوپاست بكات من یەكسەر ئەوەم وەبیر هاتەوە  جارێك لای واوان و لە مەقەڕی مەكتەبی سیاسی دیموكرات دكتۆر قاسملو بە كاك ڕەسوڵ و دكتۆر محمود و برادەرانی ئێمەی وتبوو حمەی حاجی محمود سەربەخۆو لەسەرحیسابی كورد پەیوەندیەكی توند و تۆڵی لەگەڵ ئێران لە سنوری مەریوان دامەزراندوەو برادەرانی ئێمەی ئیحراج كردبوو كاك ڕەسوڵ وتبوی ئێمە خۆمان ئاگادارین لە پەیوەندییەكانیان یەكسەر ئەو قسەیەم وەبیرهاتەوە ووتم كاك كەماڵ سڵاوی لێبكە چونكە جیهازەكان هەموو كۆنترۆڵ بون ووتم ئێمە كوردین و لە هەموو ناخۆشیەك لەگەڵ میلەتی خۆمانین لە هەر جێگایەك هەبێت لەناو ژووەكە هەموویان دەستیان دەكرد بە پشتێنەكەمدا لە ناو عەشائیری ئەو مەعنای  ئەوەیە كە ڕجا دەكەین دكتۆر قاسملو بە جیهازەكە هاواری دەكرد دەیوت حیزبی دیموكرات مردن و زیندوبونەوەی بە دەستی كاك مەحمودی حاجی محمەدە ئیتر منیش (2-3) پێشمەرگەی خۆمم نارد مەلا  فائیق و چەند كەسێكی تر بە سەیارەكانی خۆمان هەموو مەسئولەكانیان لە گۆمە لار و خورماڵەوە لە بەری هێلان پێ وە و لە ناو هەموو سوپای پاسداران و جەیشی ئێرانەوە گەیاندە مەقەڕەكانی سورێن لە میری سورەوە بۆ شەوی دوایی كاك شەوكەت و كاك حامید هێزەكەی دیموكراتیان گەیاندبووە نزیك خورماڵ لەوێ تەسلیم بە برادەرانی ئێمەیان كردبوو (  ڕۆژمێری پێشمەرگەیەك – محمد حاجی محمود – بەشی سێ یەم – ل117-118). 

كاك  حاتەم مینبەری لە بەشی دووی یاداشتەكانیدا "لە پەراوێزی خنكانی هەڵەبجەدا" دەڵێت: ((سپای ئێران به‌ره‌و سه‌ید سادق و شانه‌ده‌ری له‌ حاڵی پێشڕه‌وی دابوون و رادیۆ تاران مزگێنی گیرانی سلێمانی به‌ بیسه‌رانی ئه‌دا؛ نێوان هه‌ڵه‌بجه‌ و به‌ره‌کانی پێشه‌وه‌ی شه‌ڕ زیاتر له‌ سی (30) کیلۆمه‌تر ده‌بوو، واتا ئێمه ‌و خه‌ڵکی هه‌ڵه‌بجه‌ زیاتر له‌ سی کیلۆمه‌تر له‌ پشته‌وه‌ی به‌ره‌ی شه‌ڕ له‌ گه‌مارۆدا و سه‌رگه‌ردان سه‌عاتمان بۆ رووداوی چاوه‌ڕوانکراو  ئه‌ژماردن. ئه‌گه‌ر هێزه‌کانی ی.ن.ک و پ.د.ک بیانویستبا ئه‌یانتوانی پێشی خه‌ڵک به‌رده‌ن و لانیکه‌م له‌شار چووبانایه‌ ده‌ره‌وه‌ تا ئه‌گه‌ر شار  بۆمبارانیش کرا خه‌ڵک نه‌کوژرێ؛ به‌ڵام ئه‌وان له‌لایه‌ک فریوی فروفیشاڵی ته‌بلیغاتی ئێرانیان خوارد و له‌لایکیتره‌وه‌ دڵڕه‌شی سه‌دام و به‌عسیان به‌که‌م گرت، تا ئه‌و به‌ڵایه‌ به‌سه‌ر خه‌ڵکی هه‌ڵه‌بجه‌ و خورماڵ و سیرواندا هات.

لاپەڕەكانی ئەو ڕۆژگارە پڕە لە خیانەت و مرۆڤ  فرۆشتن, پڕە لە دەڵاڵی كردن بەسەری  براكانەوە, با بزانین كاك حاتەم لە بەشی سێیەمی یاداشتەكانیدا چۆن باسی لاپەڕەیەكی ناشرینمان بۆ دەگێڕێتەوە,ئەو لاپەڕەیەی  لە باشووردا لە سەردەمی ئەنفالدا دەیان كەلەسەری بردەوە بۆ ئەنفالچییەكان, پێویستە كاك حاتەم ئەو كەسە دیاری بكات, دەنا ئۆباڵی مێژوو لێی نابورێت((رۆژیک پاش شیمیایی بارانه‌که ‌''موحسین ره‌زایی'' فه‌رمانده‌ی سپای پاسدارانی ئێران، خوی هاتبووه‌ هه‌ڵه‌بجه‌ و کێشه‌ی ئێمه‌ی له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی یه‌کیه‌تی نیشتمانی کوردستاندا باس کردبوو، ئه‌وانیش که‌سێکیان بۆ لاێ ئێمه‌ نارد و وه‌زعه‌که‌یان له‌گه‌ڵدا باس کردین، یه‌کێک له‌ به‌رپرسانی ی.ن ک پێشنیاری کردبوو که‌ ئێمه‌ بچینه‌ هه‌ڵه‌بجه‌ و له‌ چه‌ند ماڵی به‌رزدا که‌ به‌ "شۆقه‌ سپیه‌کان" به‌ ناوبانگ بوو خومان حه‌شار ده‌ین و ئه‌و به‌ڕێزه‌ قه‌ولیشی دابوو که‌ ئه‌گه‌ر ئێرانییه‌کانیش بزانن کاریان پێمان نابێ! دیاره‌ ئه‌مه‌ پلانێکی خاوی ئه‌و به‌ڕیزه‌ و ''براده‌ر ره‌زایی'' بوو تا هه‌موومان له‌و ماڵانه‌ که‌ن و دوایه‌ به‌ به‌رنامه‌ بێنه‌ سه‌رمان و بێزیان له‌ به‌ینمان به‌رن،  بۆیه‌ ئێمه‌ قه‌بووڵمان نه‌کرد. ئێواره‌که‌ی هه‌لیکۆپته‌رێکی ئێران نزم نزم هات به‌سه‌رماندا فڕی و ئه‌وانه‌ وه‌ک من چاویان کز نه‌بوو ئه‌یان وت به‌ کامێرای ڤیدیۆ فیلمیان لێ گرتووین، ئێمه‌ به‌یه‌ک فیشه‌ک ئه‌مان توانی ئه‌م کۆپته‌ره‌ی دژمن بخه‌ینه‌ خواره‌وه‌ به‌ڵام ئه‌م کاره‌ وه‌ک درۆخاندنی هێلانه‌ی زه‌رده‌واڵه‌ وابوو، پاش چه‌ن ده‌قێقه‌ هه‌زاران سه‌ربازی ئێرانیمان وه‌سه‌ر ده‌گه‌ڕان و تووشی شه‌ڕیکی نه‌خوازراو ئه‌بووین. 

پێویستە كاك حاتەم پیاوی نەخشەی شوقە سپییەكان ئاشكرا بكات , دیارە لاپەڕەكان هەموو ڕەش نین, مرۆڤە خاوەند  باوەڕەكانیش جێگەی ستایشن, كاك حاتەم لە بەشی پێنجی یاداشتەكانیدا, بەم شێوە باسی ڕۆڵی كۆمەڵێك لە تێكۆشەر دەكات و دەنووسێت ((سه‌رئه‌نجام لای ئێواره‌ هه‌روه‌ک رۆژی پیشوو به‌ هاوکاری حه‌مه‌سیاسی و هاوڕێیانی  له‌ سه‌فێکی رێک و پێک دا به‌ره‌ خورماڵ به‌ بناری کێوه‌کان دا که‌وتینه‌ڕی، هێشتا نیوسه‌عات رێگامان نه‌بڕیبوو له‌سه‌ر جاده‌ی ته‌وێڵێ -  هه‌ڵه‌بجه‌ تووشی ستوونێکی سپاێ ئێران بووین! یه‌کیه‌تییه‌کان چوونه‌ پێشی سپاکه‌ی ئێران،  داوایان لێکردن رێگامان بده‌ن و وتیان ئێمه‌ هێزی یه‌کیه‌تین و ئه‌چین بۆ میری سوور! ئێرانیکانیش بێ گیر و گرفت رێگایان بۆ کردینه‌وه‌ و به‌ نێوان ستوونه‌که‌ دا تێپه‌ڕین و درێژه‌مان به‌ رێگا دا، نزیکه‌ی سێ سه‌عاتێک روویشتین، به‌ناو ده‌یان دۆڵ و چه‌ندین چۆم دا تێ په‌ڕین و به‌رپرسان هه‌ر هاواریان ئه‌کرد که‌ ئاو نه‌خوه‌نه‌وه‌ ئاوه‌که‌ '' مه‌سموومه‌'' به‌ڵام پێشمه‌رگه‌ی ماندووی تینووی هێز لێبڕاو که‌ی گوێ له‌م هاوارانه‌ ئه‌گرت! چه‌ندین که‌سم بینین مشتیان پڕ ده‌کرده‌ ئاوو و دوای خواردنه‌وه‌ی ئه‌یانوت ئاو چۆن '' مه‌سمووم ئه‌وێ''.

یۆست هەلتەرمان بەمشێوەیە ئەو گەشتە سەختەی دیموكراتەكان دەگێڕێتەوە لو ڕۆژە ڕەشە پڕ لە خیانەتەدا (( كوردە ئێرانییەكان دوو ڕۆژ شەڕیانكرد لەگەڵ ئەوانەی پەلاماریان دان و تەنها 3 پیاویان لە دەستدا و دوا جار بەرەو خورماڵ پاشە كشەیانكرد, لەوێوە مەفرەزەیەكی ینك كەوتنە تەك جەنگاوەرەكان و خێزانەكانیان بۆ پارێزگارییان لە گەشتێكی مەترسیداردا وماوەی سێ ڕۆژ بەڕێوە بوون تەنها بە شەو ڕێیان دەكرد, بە درێژایی زنجیرە شاخ و بە دەوروپشتی ڕەبایەی  تازە دامەزراوی ئێراندا و بەسەر هێڵی بەرەدا , لە نزیك شارۆچكەی سەید سادقەوە, گوزەركردن بە ناوچەكەدا زۆر سەخت و دژوار بوو, چونكە بە خەستی مینڕێژ كرابوو. پێشمەرگەكانی ینك بەو هۆیەوە كە چەند ساڵ بوو نەچوبوونە ئەو ناوچەیە, شارەزای ئەو شوێنانە  نەبوون كە مەترسیدار بوو, هەر چۆنێك بوو سێ جەنگاوەری حدكا بە مین بریندار بوون لە كاتی كشانەوەیاندا, بەڵام پێش ئەوەی بپەڕنەوە بۆ بەری عێراق , بە بێتەل سەركردەكانی خۆیان لە بۆلێ, بە چیای قەندیلەوە, ئاگادار كرد و داوایان لە سەركردەكانیان كرد بە فەرماندەكانی عێراق بڵێن لە سەید سادق لە كاتی تێپەڕینی ئەماندا تەقە نەكەن –كارێكی ژەهراوی ,یۆست هلتەرمان ,كۆمپانیای ئاوێنە,ل256 )).

ئەم  هاوكارییانە بۆ پێشمەرگەكانی حدكا جێگای پێشوازی سەركردایەتی  یەكێتی  نەبووە, تەنها دەسپێشخەری دڵسۆزانە بووە,بۆیە پێی ناچێت  هەڵوێستی حیزبی بووبێت , ئەگەر لەكاتێكدا ئەم وتانەی كاك شەوكەت دوور بێت لە تاكتیكی دیبلۆماسیەتەوە ((یەكێتی نیشتمانی كوردستان زیاتر یارمەتیدەر بوو بۆ حدكا و شەوكەت سەرزەنشتكرا  لەسەر ئەو ڕۆڵەی لە ڕزگار كردنیاندا گێڕای و لە كەدار بونی پەیوەندی دواتری لەگەڵ ئێرانییەكاندا –كارێكی ژەهراوی ل256 )). هاوكات بەهۆی هاوكاری كوردەكانی رۆژهەڵاتەوە  بۆ ماوەیەك  حەمە سیاسی و حامیدی حاجی غالی لە ئێرانییەكان قاچاغ دەبن  وەك خۆیان دەڵێن, وەلێ  لەو رۆژانە كاك حامید سەفەری ئێران دەكات بۆ هێنانی كۆسرەو مەكینەی كارەبا.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×