شەهادەو دەسەڵاتدارێتی

عەلی مەحمود
  2019-05-10     1098
جارێكیان سیاسییەكی گەنجی  كورد بەهەڵچونێكی سەرچڵانەی وردە بۆرژوازیانەوە  وتی" چاكسازی بەنەخوێندەوار ناكرێت". هەمان قسەی هاوچینە بۆرژواكانیان لەسەروبەندی كۆمۆنەی پاریس و ئۆكتۆبەردا  دوبارە كردەوە كە  بە تەوسەوە دەیان وت، "دەوڵەت بەكرێكارو پینە دۆز بەڕێوە ناچێت".

لێ ئەزموونەكانی جیهان ئەوە ناسەلمێنن، بگرە لەزۆر حاڵەتدا پێچەوانەكەی تەواو راستە، هەرچەندە چاكسازی دەستەواژەیەكی لاستیكییەو هیچ  ناوەرۆكێكی كۆنكرتیی لەخۆ ناگرێت، چاكسازییەك بەئاراستەی دادپەروەری كۆمەڵایەتی نەبێت هیچ مژدەیەكی بۆ گەل پێ نییە، باشترین چاكسازیی ئەوەیە حكومەتێكی دەستوری بۆرژوازی بنیات بنرێت كە تیایدا بەیاسا بەرژەوەندییەكانی سەرمایەداران بپارێزرێت، وەك چۆن ترامپ باجی سەر دەوڵەمەندەكان كەمكردەوە،  دەستی برایانی كوشی ئاوەڵا كرد  بۆ  تێكدانی ژینگە، بۆیە  دەبێت دروشمەكانی ئێمە لەپاڵ چاكسازیی  و حوكمی یاسا دادپەروەری بێت، ئێمە دادپەروەر خوازمان دەوێت نەك شهادەخواز.

مێژوی تازە پێمان دەڵێت دو لەباشترین سەرۆكەكانی نیو سەدەی رابردوی جیهان، لۆلاو باوكی هەژاران  مۆخیكا, خاوەند بڕوانامەی تێكۆشان بون تەنها, كەچی باشترین دەسەڵاتداریش دەرچوون, بەشێكی زۆری گەلەكانیان " بەرازیل و ئۆرۆگوایان" لە هەژاری دەركرد, كەچی دەیان نموونەی خاوەند شەهادەی باڵای زانكۆ بەناو بانگەكانی جیهان لە بەردەستە گەلەكەیان بەرەو مەرگەسات بردووە .

باشتر بوو رەخنەگران رەخنەكانیان بەو ئاقارەدا ببردایە كە نابێت هەموو جومگەكانی دەسەڵات لەدەست بنەماڵەكان كۆببێتەوە, هەنوكە  3  دەسەڵاتە راپەڕاندنەكان سیادییەكەی  كوردستان" سەرۆكی هەرێم, سەرۆكی وەزیران, سەرۆكی دەزگای ئاسایش" لەدەست ئامۆزاكاندان" سەرۆكی زانیاری و جێگیری سەرۆكی حكومەت"یش لەدەست ئامۆزاكانی دیدان وێڕای ئەگەری پەرلەمانیش, ئەوانی دیش بونەتە چەپڵە لێدەری گەمەی ئامۆزاكان.

خۆ منداڵی بنەماڵەكان ئێستا هەمو دەرچووی هارفاردەكانن، خۆ بنەماڵەكان ئێستا هەمو لەژێر جامانەو سەرینەكانیان وەك میرەكانی كەنداو شەهادەی گەورە گەورەی زانكۆ بەناو بانگەكان راخراوە، كەچی فاشلترین  حوكمڕانن‌و رۆژ بەرۆژ چونجڕك توندتر لەكورسییەكان گیر دەكەن.

لەكۆتادا ئێمە حوكمڕانییەكمان دەوێت نوێنەرایەتی زۆرینەی 99%ی كۆمەڵگا بكات و دادپەروەری كۆمەڵایەتی و ئابوری لەبەرژەوەندی نوێنەرەكانی كە 99%ی كۆمەڵگان ئەنجام بدات، بەشێوەی ژیرانە كاری شیاو بۆ خاوەند شهادەكان دابین بكات, لەگەڵ كەرامەتیاندا بگونجێت.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×