سۆران مامە حەمە یەكەمینی ئەو شەهیدە رۆژنامەنووسانەیە لەسەر كاری رۆژنامەنووسی لە باشووری كوردستان تیرۆر كران, چۆن كاوە لە باوەشی دایكیا تیرۆر كرا, چۆن سەردەشت عوسمان رفێنرا و بە ساردی هێنرایەوە بۆ باوەشی دایكی, سۆرانیش تیرۆركردنەكەی تراژیدیانە بوو, ئەو چەندە بوێر بوو لە وتن و كرداردا, هێندەش پەیوەست بوو بە باوەشی دایكیەوە.
بۆ كۆتایی هێنان بە وتنی راستیەكان كۆتایی بە ژیانی سۆران هێنرا, كەچی چواردە ساڵە راستی تیرۆركردنەكەی نە وتراوە, لێ لە ویژدانی گەلیشدا بە زیندویی ماوە, دەیانزانی تا سۆران بمێنێت راستی هەر دەوترێت, كەسانی گەندەڵ و چەوسێنەر بۆ درێژەدان بە كارەكانیان پێویستیان بەوەیە كۆتایی بەو وتنانە بهێنن, لە رێگای سەندنەوەی ژیان لەو رۆژنامەنووسانەی بەرەو روی تالان و بڕۆو كارە نا ئەخلاقییەكانیان بونەتەوە, چونكە تا ژیانی سوارچاكانی دادپەروەری بەردەوام بێت وتنی راستییەكان و دەرخستنی بۆ رایگشتی بەردەوام دەبێت, سەندنەوەی ژیان سەندنەوەی وتنی راستییەكانە.
دۆسیەكانی رۆژنامەنووسان لە جیهان
دۆسیەی رۆژنامەنووسانی تیرۆر كراوی كوردستان بەشێكی بچوكە لە تیرۆری رۆژنامەنوسانی جیهان, لەو شوێنانەی تاوانكار لە سزا رزگاری نەبووەو دیموكراسیەت بوونی هەبووە وەك وڵاتی ماڵتا حكومەت بەهۆوەی روخاوە, چونكە كوشتنی رۆژنامەنووس تاوانێكی كوشتنی ئاسایی نییە, چەندە كوشتنی جەستەیە, هێندەش كوشتنی وتنی راستییەكانە, دەرخستنی نا دادپەروەری دەسەلاتدارییە.
كوشتنی رۆژنامەنووسان دۆسیەیەكی گەورەی رزگاربوونی تاوانبارانە لە سزا لە ئاستی جیهانی, چونكە تاوانكاران كەسانی گەندەڵن و دەست رۆیشتوون لە رێگای گەندەڵییەوە بە هێزو دەسەلاتدارن بوونە, بۆیە بە سانایی لە زۆنی وڵاتانی گەندەڵ و نەبوونی یاسا لە سزاو لێپرسینەوە رزگاریان دەبێت.
لە ساڵی 1992ەوە تا هەنووكە زیاتر لە 1400 رۆژنامەنووس لە جیهان تیرۆر كراوە, تەنها لە دەیەی رابردوودا لە جیهان 226 رۆژنامەنووس تیرۆر كراون, لە كۆی 278 كاری تیرۆریستی سەبارەت بە دۆسیەی گەندەڵی لە جیهان, رۆژنامەنووسان 81,2% ی قوربانیانی بەرەو روبوونەوەی گەندەڵی پێك دەهێنن, واتا زۆربەی باجی بەرەو رووبوونەوەی گەندەڵی رۆژنامەنووسان داویانە, دوای ئەوانیش دادوەرو پۆلیس دێن, هاوكات 81%ی تاوانبارانی دۆسیەی تیرۆری رۆژنامەنووسان لە سزا رزگاریان بووە لەو ماوەیەدا, وەلێ لە هەرێمی كوردستان رزگاربووانی بكەری تیرۆری رۆژنامەنووسان لە سزا رێژەكەی گەیشتۆتە 100%, وە قوربانیەكانی 100% رۆژنامەنووسانن, ئەمەش كارەساتەو كردنەوەی دەرگایە بۆ تیرۆری رۆژنامەنووسان بە ئازادی و بەردەوامی دان بە گەندەڵی و ئازادكردنی.
لە نێوان ساڵانی 2005 بۆ 2020دا 87%ی دۆسیەكانی تیرۆری رۆژنامەنووسان لە جیهان نەگەیشتووە بە ئەنجام یان هەر لایەنەكانی دادوەری لێ ئاگادار نەكراوەتەوەو تاوانباران لە سزا رزگاریان بووە, هەر چوار دۆسیەی تیرۆری رۆژنامەنووسانی كوردستانیش دەكەونە ئەو ماوە مێژوەوە.
لەو وڵاتانەی كە تیایاندا تاوانبار لە سزا رزگاریان بووە, سۆماڵ بە پلەی یەكەمی رزگار بوونی تاوانبارە لە سزا, وڵاتی سوریا دووەم و عێراق سێیەمی ئەو وڵاتانەیە, كە هەرێمی كوردستانیش بەشێكە لێی, عێراق لە ریزبەندی ژمارە 172ە لە كۆی 180 وڵات لە ئازادی رۆژنامەگەری لە جیهان,32 پلە لە خوار سۆماڵەوەیە .
ئەوروپاو رزگار نەبوونی تاوانباران لە سزا
لە پێنج ساڵی رابردوودا, وڵاتانی ئەوروپا پێنج كاری تیرۆریستی بەرامبەر بە رۆژنامەنووسان ئەنجامدراوە, وەلێ چواریان تاوانباران دۆزراونەتەوەو سزا دراون دەكاتە 80% ی دۆسیەكان, پێَچەوانەی جیهان كە زیاد لە 80%ی رزگاریان بووە, وە دوو لەو پێنج حالەتە بۆتە هۆی روخانی حكومەتەكان, كە پێگەشیان بەهێز بووە پێشتر بەهۆی ناڕەزایەتی جەماوەر لەو كارانەو كاردانەوەی توند لە هەمبەری, چونكە رۆژنامەنووسان پێگەی بەهێزیان لە كۆمەڵگاكانیان هەیە , لە خوارەوە ئاماژەیان پیچ دەدەین:
- رۆژنامەنووسی ماڵتایی كارۆانا غالیزیا لە رێكەوتی 16ی ئۆكتۆبەری 2017 تیرۆركرا, لە ئەنجامدا بەهۆی ناڕەزایەتی گشتییەوە جۆزیف مسكاتی سەرەك وەزیرانی ولات ناچاركرا دەست لە كار بكێشێتەوە, هەرچەندە بكوژەكەشی بە 15 ساڵ زیندانی حوكم دراو لە سزا رزگاری نەبوو.
- رۆژنامەنووسی سلۆفاكی جان كۆسیاك لە رێكەوتی 21-2-2017 تیرۆر كرا, ناڕەزایەتییەكان بووە هۆی دەست لەكار كێشانەوەی ربەرت فیكۆی سەرۆك وەزیران لە رێكەوتی 11-3-2020 واتا دوای 20 رۆژ لە تیرۆركردنەكە, هەرچەندە 13 دادوەر دەستگیركران بەهۆی پەیوەندییان بە دۆسیەكەوە.
- رۆژنامەنوسی بولگاری فیكتۆریا مارینۆفا لە 7ی ئۆكتۆبەری 2018 تیرۆر كرا, ناوبراو بووە سێیەم رۆژنامەنووسی تیرۆركراوی ئەوروپی, تۆمەتبار بەناوی سفیرین كراسمیرۆف لە ئەڵمانیا دەستگیرا.
- رۆژنامەنووس ئار دی فرێسی هۆڵەندی لە 15ی یۆلی 2021 تیرۆر كرا, سێ گومان لێكراو دەستگیركران.
- جۆرج كاریفاز رۆژنامەنووسی یۆنانی لە رێكەوتی 9ی ئەبرێلی 2021 لە نزیك ماڵەكەی لە شاری ئەسینای پایتەخت تیرۆر كرا. بە پێی زانیارییەكانی بەردەستی ئێمە هێشتا بكوژی رۆژنامەنووس جۆرج كاریفاز نەدۆزراوەتەوە, تاكە رۆژنامەنووسە لە ئەوروپا هێشتا بكوژەكەی ئازادن. ئەوەی شایانی باسە یۆنان خراپترین وڵاتی ئەوروپایە لە بواری ئازادی رۆژنامەنووسی, لە ریزبەندی 108 ە لە كۆی 180 وڵاتی جیهان كە ئێران و ئەریتریا و كۆریای باكوور لە خواروەی ریزبەندیەكەن.
كوردستان بۆ خراپترینی جیهان بێت
وەك لە ئەنجام و ئامارەكان بینیمان, رزگاربوونی تاوانبارانی بكوژی رۆژنامەنووسان لە كورستان رێژەی 100% ە, وە قوربانیانی بەرەو روبوونەوەی گەندەڵیش 100% رۆژنامەنووسانن, ئەمەش ئامارێكی ترسناكەو دەرگا دەكاتەوە بۆ كۆمەڵكوژ كردنی رۆژنامەنووسان و رێگا گرتن لە وتنی راستییەكان و شاردنەوەی دەرخستنی تاوانی كوشتنەكان, هاوكات دەریشی دەخات تەرزی رۆژنامەنووسانی دژ بە گەندەڵی وەك سۆران و سەردەشت و كاوە خەباتكاری ریزی پێشەوە گەندەڵین, كاری رۆژنامەنووسی لە رووی ئەخلاقییەوە وتنی راستییەكانە.
ئەگەر حكومەتی هەرێمی كوردستان ئەو خواستەی نییە كە دەرگی تیرۆری رۆژنامەنووسان ئازاد بكات, پێویستە تاوانبارانی تیرۆری رۆژنامەنوسان سۆران و سەردەشت و كاوەو ویداد لە سزا رزگاریان نەبێت , ئەنجامی كەیسەكانی تیرۆری رۆژنامەنووسان ئاشكرا بكات, راستییەكان رابگەیەنێت, مۆنمێنتی یاداوەرییان بۆ دروست بكات, یاداوەرییان فەرمی و رێگا پێدراو ئازاد بكات, داوای لێبوردن لە بنەماڵەكانیان بكات, قەرەبوو بكرێنەوە.