لە كەمتر نیو سەدەی رابردوودا, ئەگەر كودەتا ناڕاستەوخۆكان هەژمار نەكەین, وەك كودەتاكانی بەرازیل و پاراگوای ....., یان كودەتا شكست خواردووەكەی یانزەی ئەبرێلی 2002ی فەنزوێلا, ئەوا هێزە راستگەراكان چوار كودەتایان بە هاوكاری سوپاو ولاتە یەكگرتووەكان ئەمەریكا بە نوێژی نیوەڕۆ بەناوی ئازادی و دیموكراسییەوە لە ولاتانی ئەمەریكای لاتین ئەنجامداوە " شیلی 1973, پیرۆ 1992و هندۆراس 2009, پۆلیڤیا2019", وێڕای 638 جار هەوڵی تیرۆركردنی فیدل كاسترۆ درا لە چوار چێوەی بانگەوازی جاڕنامەی گەردونی مافی مرۆڤدا, وە سەپاندنی 60 ساڵ ئابلوقەی ئابووری, سەرباری كودەتا یاساییەكان لە چەندین وڵاتی دی كە دێینە سەریان.
ئەگەر دەیەی نەوەتەكان دەیەی شكستی بەناو كۆمۆنیزم بوبێت لە ئەوروپای رۆژهەلات, پارتە كۆمۆنیستەكانی وەك مۆز تواندەوە, هەموو كەوتنە ژێر دیوارە روخاوەكەی بەرلینەوە, شكستێكی وایان خوارد ,بە ئێستاشەوە دوای سێ دەیە ,تا هەنووكە چەپ و كۆمۆنیزم لەو وڵاتانە هەناسەی لێبرَاوە, جگە لە روسیاو مۆڵداڤیا.
بە پێچەوانەوە سەرەتای هەزارە, ولاتانی ئەمەریكای لاتین وڵاتە تاقانەكەی كوبایان لە غەریبایەتی ناو دەریاكانی كاریبی رزگار كرد لە دەست قرشەكانی پنتاگۆن, دیارە كوباش بەرگەی بێ وێنەی گرت, بەسەر شەڕی نەرم و رەقی سەرمایەداری سەركەوت, بە گیرفانی بەتاڵەوە توانی تۆوی خۆی لە كیشوەرەكە بچێنێت, سەرەتا لە ساڵی 1998 لە فەنزوێلاوە شنە باكە هەڵیكرد, لە ساڵی 2001 گەیشتە هایتی, لە 2003 ئەرجەنتین و بەرازیل و 2005 ئۆرۆگوای, 2006 پۆلیڤیاو 2006 هندۆراس و 2007 ئیكوادۆر, 2008 پاراگوای, 2009 سلفادۆر, بەشێوەی گشتی شەپۆڵەكە پێچەوانەی مەزهەبی جیمس مۆنرۆ سەرۆكی پێنجەمی ئەمەریكا لە ساڵی 1823 بوو هەڵیكرد, كە 199 ساڵ لەمەوپێش بنەماكەی لەسەر بنچینەی كردنی ئەمەریكای لاتین بە باخچەی پشتەوەی ماڵی ئەمەریكا داڕێژراوە.
ئەمەریكای لاتین و كاریبی باخچەیەكی بە بەرەكەت بووە بۆ ئەمەریكا, لە نێوان ساڵەكانی 1925-1929دا, وڵاتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا ساڵانە 200 ملیۆن دۆلاری وەبەرهێنان كردووە لە وڵاتانی ئەمەریكای لاتین, لە بەرامبەردا ساڵانە300 ملیۆن دۆلار قازانجیان دەستكەوت بووە, قازانجەكان 150% ی سەرمایەگوزاریەكە بووە, نەوتی فەنزویلا و كانەكانی پۆلیڤیا و شیلی و سامانی كوبا ئامانجی چاوچنۆكی ئەمەریكا بوو لە مێژوودا .
لە 233 ساڵی رابردوودا, هەر لە هەڵبژاردنی جۆرج واشنتۆنەوە لە ساڵی 1789, ئەمەریكا تەنها 16 ساڵ لە مێژووی خۆیدا بە ئاشتی تێی پەڕاندووە, وڵاتێكە تایبەتمەندی وایە لەگەڵ ئاشتی هەڵناكات, ولیام بلۆم فەرمانبەری پێشوو لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا دەڵێت: لە ساڵی 1945 ەوە ئەمەریكا 50 حكومەتی روخاندووە, بەشی زۆری لە ئەمەریكای لاتین بووە.
ساڵی 1969و دوای شەڕی 1967, دكتاتۆری پاراگوای ئەلفریدۆ سترۆنسەر"3-11-1912 بۆ 16-8-2006 " رازی بوو 60 هەزار فەڵەستینی لە كەرتی رۆژئاواوە بچنە ولاتەكەی بە مەرجێك شیوعی نەبن.
ناوبراو لە 15-8-1954 ەوە بۆ 3-2-1989 سەرۆكی ولات بوو, بە كودەتا هاتە سەر حوكم بە كودەتاش لابردرا.
لەسەردەمی دەسەلاتیدا 20814 كەس دور خرایەوە, 19862 زیندانیكران, 18772 كەسیان ئەشكەنجە دران, 425 كەس بێسەروشوێنن, كۆی گشتی 128076 كەس قوربانی دەستی رژێمەكەی بوون.
ئەمەش بەشێك بوو لە نەخشەی كۆندۆر لە ولاتانی ئەرجەنتین ,شیلی , ئۆرۆگوای, پاراگوای, بەرازیل و پۆلیڤیا, دواتر ئیكوادۆرو پیرۆش پەیوەست بوون پێوەی, لە لایەن حكومەتە دكتاتۆرییە سەربازیەكان بۆ لێدان و قەلاچۆكردنی چەپ بە پشتیوانی سەربازی و تەكنیكی ئەمەریكا و فەرەنسا پیادە كرا, لە ساڵی 1968 بۆ 1989 بەردەوام بوو, 50000 بۆ 90000 كەس تیایدا كوژرا, 30000 كەس بێسەروشوێنكران ,400000 كەس زیندانی و ئەشكەنجە كران, دوای روخانی دیواری بەرلین و نەمانی مەترسی چەپ هەڵوەشایەوە 1.
ئەمەریكا بەردەوام لە رێگەی كۆنتراكانیەوە دەستی خستۆتە ناو كاروباری ولاتەكان بۆ لێدانی چەپ, لە سلفادۆرەوە بگرە تا كۆنتراكانی نیكاراگوا بۆ چەكدارە تاوانكارەكانی كۆڵۆمبیا, ساڵی 1962 دوو ساڵ پێش ئەوەی فارك دەست بە كاری چەكداری بكات, كۆڵۆنێڵی ئەمەریكی ویلیام یاربۆرۆ لە میانی سەردانی كۆڵۆمبیای دا, پێشنیاری دروستكردنی تیمی مەرگی كرد بۆ بنەبڕكردنی جوتیارە شیوعییەكان لە كۆڵۆمبیا.
لە ساڵی 1963 ژەنەراڵ ئەلبەرتۆ رویزۆ نۆفۆوا, كە لە شەڕی كۆریا بەشداری كردبوو, پێشنیاری دروستكردنی دەستەی چەكداری مەدەنی كرد بۆ شەڕی شیوعییەكان لەناو كۆمەڵگاكانیان.
لە نێوان ساڵانی 2002 بۆ 2010 لەو كاتەی ئۆریبی و ژەنەراڵ ماریۆ مۆنتا كە ئەمەریكا راهێنانی پێكردبوو, زیاتر لە 10000 خەڵكی سڤیلیان كوشت, زۆرجار قوربانیەكان بەرگی گەریلایان دەكردە بەریان دوای كوشنتنیان 2.
سەیر بكەن حكومەتی مەكسیك دەستی بەسەر 18091 چەكی ئەمەریكی گرتووە لە نێوان " 1-1-2021 بۆ 18-11-2021" دا , ساڵانە نیوملیۆن چەك لە ئەمەریكاوە دەچێتە ناو مەكسیكەوە.
ساڵانە تاوانكاران 3,9 ملیۆن تاوان لە مەكسیك ئەنجام دەدەن, 70%ی چەكەكانیان ئەمەریكین 3, بەم شێوەیە لە خزمەت كارتێلەكانی چەك مەكسیك كراوە بە بەرەیەكی جەنگی بەرفراوان.
سەیر كەن ئەمەریكا لە رێكەوتی 20-12-1989 پەنەمای داگیر كرد, بە هێزێكی 25000 سەربازییەوە بە بەهانەی دەستگیركردنی سەرۆكی ولات مانۆیل ئەنتۆنیۆ نۆرینگا, وەلێ لە ناوەڕۆكدا پەیوەندی بە دەستگرتن بەسەر نۆكەندی پەناماو هەڵوەشاندنەوەی كۆنتراكتی پەنەما- یابانەوە بوو, بۆ ئەوەی رێگا لە ژاپۆن بگرێت ببێتە هێزێكی جیهانی, ئامەریكا دۆست ناناسێت.
ئەوەی شایانی باسە دوای ئەوەی فەرەنسا شكستی هێنا لە دروستكردنی نۆكەندی پەنەما 1881 - 1894, كۆنگرێسی ئەمەریكا لە یۆنی 1902 مافی بە سەرۆك رۆزفێڵت دا نۆ كەندەكە بكڕێتەوە لە فەرەنسا , لەوكاتە نۆكەندەكە دەكەوتە ناو سنوری كۆڵۆمبیا, پەرلەمانی كۆڵۆمبیا بڕیاری دا نەیفرۆشێت بە ئەمەریكا, بۆیە ئەمەریكا بە هاوكاری بۆرجوازی ناوچەی نۆكەندەكە, بە بەهانەی كردنەوەی نۆكەندەكە لە نیكاراگوا, خۆیان لە كۆڵۆمبیا جیاكردەوە, ئەمەریكاش سوپای پشتیوانی بۆیان ناردو پەنامای لە كۆڵۆمبیا جیاكردەوە, بەمەش مافی بەڕێوەبردنی نۆكەندەكەی بەدەست هێنا"4.
لە دوای دوو هەزارەوە یەكەم كاردانەوەی ئەمەریكا بۆ كاركردن بە باوەڕی مۆنرۆ لە فەنزوێلاوە دەستی پێكرد, بەلام خۆشەویستی شافێز لە ناو هەژارانی وڵاتەكەی كودەتاكەی هەرەس پێ هێنا, لە ساڵی 2004 سەرۆكی هایتی جان برتران ئاریستید"كاهین و لاهوتی ئازادی بەخشی چەپ, لە یەكەم هەڵبژاردنی دیموكراسی لە هایتی لە ساڵی 1991 بە رێژەی 67% هەڵبژێردرا" كودەتای بەسەردا كرا, ئەمەریكی و فەرەنسیەكان رفاندیان, لە وڵات دوریان خستەوە, ئێستا لە باشووری ئەفریقا پەنابەرە.
5 ساڵ دوای هایتی, نۆرەی هندۆراس هات, سەرۆك مانۆیل زیلایا كە لەسەر پارتی لیبراڵ كاندید بوو, بەڵام چووبووە ریزی شافێزەوە, كودەتای بەسەردا كراو بۆ دۆمێنیكان پەنابەر ئاسا دیپۆرت كرا.
لە پاراگوای كودەتا لە بەرگی یاسادا ئەنجامدرا, قەشەیەكی دیكەی چەپ بەناوی فرناندۆ لۆگۆ میندیز لە 22ی یۆنی 2012 لە دەسەلات دور خرایەوەوە, لە ساڵی 2016 ەش دیلما رۆسێف لە بەرازیل كودەتای نەرمی بەسەردا كرا, گرتنی سەرۆك لۆلا لە سەرو بەندی هەڵبژاردنەكانی بەرازیل لە ساڵی 2018 دا دور خستنەوەی لە پرۆسەی هەڵبژاردن كودەتایەكی دیكە بوو لەبەرگێكی یایسایدا, كودەتای لینین مۆرینۆ لە ئیكودادۆر كودەتایەكی ناوخۆیی بوو, بۆ هەڵگرتنی قەدەغە لەسەر كۆمپانیاكانی نەوتی ئەمەریكاو رادەستكردنی جولیان ئەسانج و دەركردنی لە باڵوێزخانەی ئیكوادۆر لە لەندەن كە پەنایان دابوو.
تەنانەت پەلاماری وڵاتە پەمبەییەكان شێوازی بەرەییشی بەخۆوە گرت, بۆ لێدان و بەرەو روبونەوەیان گروپی لیما ساڵی 2017 دژ بە فەنزوێلا دامەزرا, كە چەپ لە پیرۆ سەركەوت, هاوپەیمانییەتیەكە لە لیماوە هەڵوەشایەوە, مانەوەی بووە گاڵتە جاڕی, رێكەوتی 28-12-2021 وەزیری دەرەوەی پیرۆ پێشوازی كرد لە باڵوێزی تازەی حكومەتی فەنزوێلا.
كریستینا فرناندیز سەرۆكی پێشووی ئەرجەنتین و جێگیری سەرۆكی ئێستا باسی كودەتای یاسایی دەكات ئەمەریكا لە ولاتانی ئەمەریكای لاتین لە بری كودەتای سەربازی ئەنجامی دەدات, بەشێكی ئەوانەی ئاماژەمان پێیان دا دەچنە ئەو چوارچێوەیەوە.
ئەمریكا هەمیشە دژی جێبەجێكردنی هەموو بەرنامەیەكی سۆشیالیستی و نیشتمانییە لە ناوچەكە, لێ مێژووی ئەمەریكای لاتین لەو جێگایە ناوەستێت كە ئەمەریكا خوازیارێتی, تەنانەت سەردەمی ترامپ هەموو هەنگاوێك بۆ كەرتی گشتی بە كۆمۆنیزم دەزانی, تەنانەت هەندیك وڵاتی وەك دانماركیشی خستبووە ئەو بەرەیەوە .
تا خەبات بۆ دادپەروەری زیاترو كەمكردنەوەی نا یەكسانی كەرامەتی هاوولاتیانی رەسەن و ئەفریقییەكان, ژنان بەردەوام بێت و خەون بۆ گۆڕانكاری درێژەی دەبێت, وەك لە ئەنجامی هەڵبژاردنەكانی ساڵانی 2020 و 2021 دەبینین, لە 12 هەڵبژاردن چەپەكان 11ەی دەبەنەوە.