یاسای ئێستای هەڵبژاردنی كوردستان یەكێكە لە  باشترینی جیهان  

عەلی مەحمود
  2022-06-06     578

لە سەروبەندی هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێم ئەوەی بیوتایە سەرۆكی هەرێم راستەوخۆ هەڵبژێردرێت بۆیان كفرێكی گەورە بوو, لە كاتێكدا سستەمە چاكەكانی جیهان ئەوانەن  كە پەرلەمانین و سەرۆك راستەوخۆ هەڵدەبژێردرێت تێیدا, دواتر هەر ئەوانەی سوكایەتیان بە رای جیاواز دەكرد دەنگی دەنگدەرانیان بردە پەرلەمانەوەو لەسەر سینییەك زێڕینین پێشكەش پارتیان كرد, وەك بینیمان بەڕێز نێچیرڤان بەرزانی بە 82%ی دەنگەكان بووە سەرۆكی هەرێم, لە رێگەیەكی دیكەوە دەنگەكانیان بە پارتی فرۆشت, وا نەبوایە بۆ كاندیدی پارتی هێنانەوەی پەنجاو یەك لە سەد لە دوو خولیشدا ئەستەم بوو نەك 82%.

 سەرۆكی هەرێمی كوردستان كە دەسەڵاتی زۆر زیاترە لە سەرۆكەكانی فینلەندا, نەمسا, پورتوگال, زۆرینەی وڵاتانی ئەوروپای رۆژهەڵات كە بە هەڵبژاردنی راستەوخۆ دەگەن بە پۆستەكە لە چوارچێوەی سستەمی پەرلەمانیدا, تەنانەت لە سەرۆكی باشوری ئەفریقا كە بە سستەمی سەرۆكایەتی ناسراوە, تیایدا سەرۆك لەناو پەرلەمان هەڵدەبژێردرێت, لێ پەرلەمان مافی گۆڕینی هەیە كەی خواستی بێت, وەك چۆن یاكوب زۆمای لە 15ی فیبریوەری 2018 لەسەر كورسیەكەی لادا, كە سەركردایەتی پارتەكەی دوو خول بۆ سەركەوتن كرد, تیایدا توانی" 69,69% و 65,90% " دەنگەكان بهێنێتەوە.

ئەو ترسەی هەمان بوو لە سستەمە پەرلەمانیەكەی برادەران, كە بە نەڕەو دروشمەوە نەك بە عەقڵەوە بانگەشەیان بۆی دەكرد, تەخوینی نەیارانی فكری خۆیانیان دەكرد, خۆشیان جاهیل بوون بینینیان تەنها بەرپێی خۆیان بوو, گفتوگۆ لە گەڵ جاهیلدا خۆكوژییە, هەڵبژاردنی سەرۆك بوو لەناو پەرلەمان, پەیوەندی بە ئازادی و دیموكراسی و چاكسازی و حكومەتی یاساكەوە نەبوو كە ئیدعایان دەكرد, بەڵكە پەیوەندی بەوەوە هەبوو دەنگی پەرلەمانتارەكانیان لە هۆڵی پەرلەماندا مەزاد بكەن و لە بەرامبەریدا شتێك وەربگرن, ئاخر ئەوان ناتوانن دەنگی بنكە و دەنگدەر راستەوخۆ هەڕاج بكەن, ساناترین رێگا دەنگی پەرلەمانتارانە بۆ فرۆشتن وەك كردیان, ئەم قسەیەم پێنج سەڵ لەمەوپێش وتووە, لەسەریشی جوێن باران كرام.

لە جیهان 45 وڵاتی كۆماری پەرلەمانی هەیە (زۆرێك لە وڵاتانی ئەوروپا لەم تەرزەن) , لێرەدا سەرۆكی وڵات بە دوو جۆر دیاری دەكرێت, بەشێك راستەوخۆ لەناو خەڵك هەڵدەبژێردرێت كە زۆرینەن و باشترین و دیموكراسیترینیانن تەنانەت لە چاو سستەمەكانی دیكەی هەڵبژاردنیشەوە, بەشی دووەمیان لەناو پەرلەمان هەڵدەبژێردرێن, بە هەردوولایانەوە كەمتر لە 25%ی وڵاتانی جیهان پێك دەهێنن.

ئەوەی ئەمانە بیری لێدەكەنەوە بەرژەوەندی هەنووكەییە نەك پرۆژە بۆ جێكەوتنی دیموكراسی و نوێنەرایەتی زۆرینە و دیموكراسیەت و قازانجی داهاتووی پرۆسەی سیاسی, ئەم هەڵپەی گۆڕینی یاسای هەڵبژاردنەش بەو ئاقارەیا ئەنجامەكەی دەڕوات, دواتر وەك وتەنی زۆریان دەبێت كاڵەك بە ئەژنۆ بشكێنن, چونكە ئەنجام زیانی بۆ پەزەكانیان دەبێت.

دوو خاڵ  جێگای سەرنجە ئاماژەی پێ بدەین, لە لایەك ئەوان خەڵكی كوردستان بە دواكەوتوو دەزانن, پێیان وایە كوردستان لە ئاست ئەو یاسایە نییە كە هەیە, لە كاتێكدا خەڵكی كوردستان هوشیاری زۆر لە پێش پارتە سیاسیەكانەوەیە, وە پێیان وایە گۆڕینی یاساكە ئەگەری زیادكردنی كورسی لێدەكرێت, لە كاتێكدا پێشەنگی سیاسی بیر لە دوارۆژ و كۆی پرۆسەكە دەكاتەوە نەك بەرژەوەندی هەنووكەیی كە لەوەشدا ئەگەری هەیە پێشبینییەكەیان پێچەوانە دەكەوێتەوە, بە تایبەت بۆ پارتە مام ناوەندییەكان" یەكگرتوو, نەوەی نوێ, كۆمەڵ, گۆڕان, لیستە نوێكان وا دێن", چونكە لە ئەساسدا پارتی لەگەڵ سستەمی بازنەیی خۆ هەڵبژاردنی تاك  بووە " دیداری تەمەن- ل240".

 

یاسای هەڵبژاردنی كوردستان 

 

یاسای هەڵبژاردنی كوردستان  رێژەیی یەك بازنەیی كراوەی زێدەی بەهێزە,لە جیهاندا 80 وڵات پەیڕەو لە سستەمی هەڵبژاردنی رێژەیی دەكەن, یەك بازنەیی كراوەی بێسنوور, یان چەند هەرێمی"كوردستان هەرێمێكە بۆ خۆی", یاخود رێژەیی بە سنوور بۆ چوونە پەرلەمان"نموونە سستەمی هەڵبژاردنی  ئیسرائیل  هەموو وڵات وەك هۆڵەندا یەك بازنەیە لیچ رێژەی 3,25% دیاریكراوە بۆ چوونە پەرلەمان", كاتی خۆی كە ئەم یاسایە دوای هەمووارەكان  چەسپیووە, لەگەڵ  بەشداری پێكردنی كۆتاكان زیاتر مۆركی تاڵەبانی پێوە دیار بووەو خواستی بووەو خۆزگەی بۆ هەموواری یەكەم یاسای هەڵبژاردن خواستووە "مام جەلال دیداری تەمەن -بەشی دووەم ل232-233 ", كەچی ئێستا كوڕەكانی دەیانەوێت بیگۆڕن.

یاسای هەڵبژاردنی هەرێمی كوردستان وەك ئاماژەمان پێی دا یەك بازنەییەو رێژەیەك بۆ چوونە ناو پەرلەمان دیاری نەكراوە, ماوەی بەهێز كۆتا كورسییەكان دەبەن, نموونەی ئەم یاسایەو یاسای هەڵبژاردنی وڵاتی هۆڵەنداو كرواتیا و ئەنگۆلا(داخراوە), ئەروبا(باقی ئەقوا نییە), زۆر وڵاتی دیكەیە بە دیاریكردنی هێنانی رێژەی لانی كەم بۆ چوونە ناو پەرلەمان, نەك وەك ئەوەی پەرلەمانتار ع م وتی ئەم سستەمە باوی نەماوە, بەڵكە پێچەوانەكەی تەواو راستە جیهان بەرەو ئەو دەڕوات, چونكە ئەو سستەمە دیموكراسیترینیانە, نوێنەری زۆرینەی زۆری بەشداربووانی دەنگدان دەچێتە پەرلەمانەوە, ئەو خۆی ئاگای لە جیهان نییە........ لەم یاسایە نوێنەری زۆرترین بۆچوونە سیاسییەكان دەچێتە پەرلەمانەوە, كەمترین دەنگ دەفەوتێت و بێ نوێنەر دەبن لە چوارچێوەی دەنگدەراندا ( هەرچەندە لە پرۆسەی سیاسیدا رۆژ بە رۆژ متمانە بە سستەمی پەرلەمانی لاواز دەبێت و رێژەكانی دەنگدان دادەكشێن روو لە خوار, من لایەنگری سستەمی دیموكراسی راستەوخۆم), لەو وڵاتانەی بازنەكانی هەڵبژاردنیش لەسەر بنچینەی هەرێمەكان دابەش كراوە لە سستەمی بازنەیی نەك شارو قەزاو ناحیە.

 

بەراوردێك لە نێوان دوو نموونە لە باوترین سستەمەكانی هەڵبژاردنی جیهان

 

دەمەوێت بۆ بەرچاو رونی زیاتر دوو نموونە لەسەر سستەمی رێژەیی یەك بازنەو بازنەیی زۆر بازنە بهێنمەوە, ئەوجا بەراوردێكیان بكەین, لە دوا هەڵبژاردنی پەرلەمانی هۆڵەندا كە بە باشترین سستەمی هەڵبژاردنی جیهان دێتە ژماردن, تەنها نوێنەری 1,99%ی دەنگدەران بیچ بەش بوونە لە نوێنەرایەتی  و نمایندەیان نەچۆتە پەرلەمانەوە, لە كۆی 37 پارتی بەشداربوو وە هیچ هاوپەیمانیەتییەك دروست نەكراوە, لە پرۆسەكە 17یان بوونەتە خاوەند كورسی پەرلەمان, لە بەرامبەردا نوێنەری 98,1%ی دەنگدەران لە ناو پەرلەمانن, لە كاتێك رێژەی لانی كەمی دەنگ هێنان 0,67% داندراوە بۆ چوونە پەرلەمان, لە كوردستان ئەو رێژەیەش دیاری نەكراوە. 

نموونەكەی دی هەڵبژاردن لە سستەمی بازنەیی هەر لەو وڵاتانەی بە پیتی ه ن وەردەگرین كە ئەویش هیندستانە, لە هیندستان لە هەڵبژاردنی 19-5-2019 نرخی كورسیەك لە كۆدا 888هەزار دەنگ بوو, وەلێ بۆ پارتی دەسەڵاتدار بهاراتا جاناتا 756029 دەنگ بوو, پارتی ناوبراو 2229076879 دەنگی هێناوەتەوە دەكاتە 37,30%ی دەنگەكان و  303  كورسی بردووە, بۆ 10 پارتی هاوپەیمانیشی لە هاوپەیمانی نیشتمانی دیموكراتی كە 30 كورسیان بردووە نرخی كورسییەك هەر وا بووە, كەچی پارتی كۆنگرەی نیشتمانی ئۆپۆزسیۆن 119,495,214 دەنگی هێناوەتەوە كە دەاتە 19,46% ی دەنگەكان تەنها 52 كورسی  بردووە , هەر كورسییەك بۆ ئەو 2297984 دەنگ وەستاوە, ئەویش هاوپەیمانی یەكگرتووی پیشكەوتنخوازی پێك هێناوەو بە هەموویانەوە 110 كورسیان بردۆتەوە, 9 پارتی ناو هاوپەیمانیەتیەكە چوونەتە پەرلەمانەوە بۆ ئەوانیش نرخی كورسییەك هەر وایە, نرخی كورسییەك بۆ پارتی كۆنگرەو هاوپەیمانەكانی 3,4 جاری نرخی كورسی پارتی بهاراتا جاناتا بووە.

لە هەڵبژاردنەكە  كۆی گشتی 5 هاوپەیمانی بۆ هەڵبژاردنەكە پێك هێنراوە, زیاتر لە 75%ی پارتەكان ئەگەر  هاوپەیمانیان پێك نەهێنایە ناچوونە پەرلەمانەوە. لە هەمان هەڵبژاردن حیزبی شیوعی ماركسی 10744908 دەنگی هێناوەتەوە 3 كورسی بردووە, بیوجۆ جاناتا دیل 10174021 دەنگی هێناوەتەوە 12 كورسی بردووە بەهۆی هاوپەیمانیەتی لە گەڵ بهاراتا جاناتاوە , كۆنگرەی نەتەوەیی جامۆ كشمیر 280356 دەنگی هێناوەتەوە 3 كورسی بردووە, چونكە هاوپەیمانی پێك هێناوەو نرخی كورسی لە هەرێمەكەیان و زۆری كاندید هۆكار بوونە بۆ دەرچوونی, لە بەرامبەردا پارتی راشتریا جاناتا دال 6632247 دەنگی هێناوەتەوە نە چۆتە پەرلەمانەوە, دەبینین نا دادی زۆر لە سستەمەكە هەیە .

بە گشتی زیاتر لە 50 ملیۆن دەنگی لیستە بچوكەكان كە لە بان 609  پارتی سیاسی  بوونە هیچ نوێنەرێكیان نەچۆتە پەرلەمانەوە .

بەم خوێندنەوە سەرەتاییە بۆ هەروو ئەزموونی هۆڵەنداو هیندستان دەتوانین جیاوازی دادپەروەری یاسای هەڵبژاردن لە هەردوو وڵات بەراورد بكەین.

 

سستەمی هەڵبژاردنی كوردستان پێویستی بە گۆڕین هەیە؟؟

 

 

یاسای هەڵبژاردنی هەرێمی كوردستان یاسایەكە بە ئیمتیاز دیموكراسییە لە چوارچێوەی سستەمی سیاسی باودا, ژمارەیەكی كەم بۆچوونی سیاسی و پارت و لیست بێ نوێنەر دەمێننەوە, ژمارەیەكی كەمی دەنگی دەنگدەر بێ نوێنەر دەبن لە پرۆسەكە, بۆیە بە بڕوای من وەك یاسا لە چوارچێوەی كایەی سیاسی پەرلەمانیدا باشترینە لە جیهان, وەلێ وەك جێبەجێكردن خراپترینیانە, كە خراپ جێبەجێ دەكرێت, چارەسەر گۆڕینی یاساكە نییە بەڵكە چاككردنی خراپییەكانە و تەشخیسكردنی دروستی نەخۆشییەكەیە.

 وەك وتم یاساكە لە چوارچێوەی كایەی سیاسی پەرلەمانیدا چاكترینە, بە هەمواركردنی یاساكە خراپتر دەبێت, تا بازنەكان بچووكتر بكرێنەوە, شانسی هێزە كۆنەكان لە ئاغاو دەرەبەگ و كوڕە موستەشارو دەوڵەمەند و پارتی دەسەڵاتدار خاوەند دەزگای راگەیاندنی زەبلاح و .....زیاتر دەبێت, وە ململانێ توندتر دەبێتەوە, فشارو دەنگ كڕین و گرژی و گزی زیاترو توندتر دەبێت, هەنگاوێكیشە بۆ سەركەوتنی نەوەی موستەشارەكان, بۆیە باشترە خراپییەكان پرۆسەكە پڕ كرێتەوە نەك باشەكەش بگۆڕدرێت دەرگا لە بەردەم خەڵكی عەوام دابخرێت لە بەشداری سیاسی. 

گۆڕینی یاسای هەڵبژاردنی كوردستان لە بەرژەوەندی زۆرینەی حیزبەكان بە مام ناوەندییەكانیشەوە نییە,كە ئەحمەقانە دوای هەلاكە كەوتوونە, سیاسەتی كەری دێزە چارەنووسی هەر مەرگە. گۆڕینی  ئەم یاسا گورزێكیشە لە پرۆسەی سیاسی بۆ نەوەكانی داهاتوو, ئەستەم دەبێت بۆ لیست و پارتی نوێ بتوانن بچنە پەرلەمانەوە, دەرگای گۆڕانی سیاسی لە رێگای هەڵبژاردنەوە دادەخات. 

 ئەگەر ئاراستەكان روو لە پارتی بێت, ئەوا  ئەو 31 ساڵ لەمەوپێش شەڕی لەسەر سەپاندنی سستەمی بازنەیی ئەنگلۆ ئەمەریكی كردووەو سانایە بگەڕێتەوە سەری.

لە كۆتادا ینك و پدك سستەمی بازنەییان دەوێت, بە تایبەت پارتی لە 1991ەوە ئەوە خواستی بووە, ئەوكات ئەنجام  وەك ئەمەریكاو بەریتانیا و  زۆرینەی ولاتانی كۆمۆنۆلس " 58 وڵات بازنەیین, نموونەی هیندستانمان هێنایەوە"پایەی دوو حیزبی دەچەسپێت لە كوردستان, پرۆسەی سیاسی ستۆپ دەكات و دەرگا لەبەردەم هێزەكانی دیكە دادەخرێت.

جیا لەوانەش هێزی خاوەند پرنسیبی باوەڕ تەنها بیر لە بەرژەوەندی خۆی ناكاتەوە, بەڵكە پێشكەوتنی پرۆسەیەكی بۆ گرنگە, ئاراستەی روو لە داهاتووە.

 

ئەدی چی بكرێت؟

 

بۆ چارەسەركردنی  كێشەی  هەڵبژاردنی  كوردستان كێشەی دیكەی زۆری هەیە وایكردووە هەڵبژاردنی هەرێمی كوردستان ببێتە خراپترین هەڵبژاردن لە جیهان, تەواو پێچەوانەی یاسای هەڵبژاردنەكەی,  كۆمەڵێك هەنگاو هەیە پێویستە بنرێت بۆ چارەسەركردنیان, وەك ئاماری نوێی دەنگدەران  و پاككردنەوەی لیستی دەنگدەران لەناوی مردووان, دروستكردنی لیستی دەنگدەرانی پێكهاتەكان بۆ كۆتاكان, دیاریكردنی لانی زۆری خەرجیەكانی هەڵبژاردن  و دیاریكردنی سەرچاوەی پارەكان و ئاستی بەخششەكان ناوخۆو راگەیاندنی ناوەكانیان, قەدەغەی بەخششی بێگانە, قەدەغەی تەمویلی  ولاتانی دەوروبەر, سزادانی توندی لیستەكان بۆ ئەنجامدانی جموجۆڵ لە رۆژی دەنگدان لە ناو شوێنەكانی دەنگدان و دەرەوەی, سزادانی قورسی پارتەكان لە بەرامبەر دەنگ كڕین بە بێبەشكردنیان لە كورسی ئەو ناوچانە, چاودێری وردی پرۆسەی دەنگدان و ژماردن و راگەیاندنی.......هتد, دەشێت دەیان خاڵ دیاریبكرێن بۆ رێگا گرتن لە ساختەكاری و دەنگ كڕین و لاوازكردنی رۆڵی ولاتانی بیانی لە كاریگەرییان لەسەر ئاراستەی دەنگدنەكان و لاواز كردنی رۆڵی پارە لە هەڵبژاردنەكاندا .

لە كۆتاییدا دەڵێم پارتی و یەكێتی دژی هەمواری یاسای هەڵبژاردن نین, هەموواركردنەوە تەڵەیەكە ناویانەتەوە تا كەموكوڕییەكان دیكەی پێ بشارنەوە, ئەوان لە كۆتادا ئارەزوویانە كوردستان بكەنە 100 بازنەی هەڵبژاردن.

ئەم زانیاریانە ببینن:

https://en.wikipedia.org/wiki/2021_Dutch_general_election

https://en.wikipedia.org/wiki/2019_Indian_general_election

http://drawmedia.net/page_detail?smart-id=10406

 

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×