جارێکی تر ئاسۆی وەهمی پرۆسەی چاکسازیی

سەنگەر مەنتکی
  2020-11-17     492
کابینەی نۆیەمی حکومەت بە سەرۆکایەتی مەسرور بارزانی هەر لەسەرەتاوە بە دروشم و گوتاری پرۆسەی چاکسازی دەستی پێکرد، جەماورو لایەنگرانی ئومێدێکی زۆریان هەڵچنی لەسەر سەرۆکی نوێی حکومەت لە بەر چەند هۆکارێک کە روونە بۆ زۆربەمان ئەویش بەرپرسی یەکەمی دەزگای ئەمن و پاراستن بووە، دەسەڵاتی ئەمنی هەمیشە بریاردەری یەکەم بووە لە گەمە سیاسیەکان، دووەمیش کوڕی دەسترۆیشتوترین کەسایەتی هەرێمە کە مەسعود بارزانییە. بۆیە زۆرێک لەسەرەتا پێیانوابوو کە ئەو تەگەرانەی بەردەم چاکسازی ناتوانن ببنە تەحەدایەکی ئەستەم لەبەردەم سەرۆکی نوێی حکومەت. سەرەرای ئەو گەشبینیە و پاڵپشتی جەماوەری و حیزبی بۆ ئەم کابینەیە، هەروەها بە دوور لە کینەی کەسی و سیاسی لە دژی ئەم کابینەیە کە تێبینی دەکرێت لە فەزای دژە پارتی، ئەگەرەکانی سەرکەوتنی چاکسازی لە هەرێم زۆر لاوازە لە رووی پراکتیکی وبابەتییەوە. بە کورتی دەکرێت ئاماژە بە سێ هۆکار بکرێت؛ ستراکچەرەی(بونیات) کارکردنی هێز لە هەرێم، کە تێکەلیەکە لە نیپۆتیزم و کلایەنتەلیزم، سروشتی ململانێی سیاسی هێزە سەرەکییەکان و فاکتەری دەرەکی کە ئیدارەدانی سەرچاوە سەرەکیەکانی داهاتی هەرێم کۆنترۆل دەکات، واتا نەبوونی سەربەخۆیی ئابوری.
سەبارەت بە شێوازەی مومارسەکردنی هێز لە هەرێم خۆی لە دوو بازنە دەبینێتەوە، بازنەی یەکەمی هێز کە دەسەڵاتی بریاردان و یەکلایکردنەوەی مەسەلە گرنگەکانی هەیە، تا رادەیەک بازنەیەکی داخراوە بە رووی دەرەوە چونکە بازنەیەکە زیاتر لە سەر بنەمای نیپۆتیزم کار دەکات، واتا لەسەر بنەمای پەیوەندی بنەمالەیی کە خاوەنی کۆمەلێک ناونیشانی کۆمەلایەتی و پەیوەندی خوێنن. ئەوەی جێگای ئاماژەیە ئەم دیاردەیەی شێوازی مومارسەکردنی هێز تەنها کورتنەکراوەتەوە لەسەر پارتی بەلکو زۆربەی هێزە سیاسیەکانی هەرێم لەسەر ئەم بنەمایە کار دەکات، تەنانەت ئەو هێزانەی رۆژێک لە رۆژان هەولی بەرهەلستی کردن و گۆرانی ئەم فۆرمەی هێزی دەدا لە هەرێم لە کۆتای زۆرێک لەو هێزانە کەم تا زۆر بەرەو هەمان رێچکە هەنگاویان نا، بەلام هیچیان وەکو پارتی نمومەی تۆکمەو سەرکەوتووی ئەم شیوازە نین. ئەگەر چی ئەم شێوازەی دەسەڵات، واتا نیپۆتیزم یان کۆنترۆلکردن و چربوونەوەی سەرچاوەکانی هێز لە چوارچێوەی بنەمالە، پارت و رێکخراوە سیاسیەکان دەپارێزێت لە ململانێ و ناکۆکی روخێنەر، لەسەر ئاستی ناوەخۆ جۆرێک لە تۆکمەی وجێگیری پێدەدات، بەلام کۆمەلێک گرفتی بنیاتی لەگەل خۆی دەهێنێت کە زۆر جار پرۆسەی چاکسازی و گەشەی سیاسی ئالۆزتر دەکات.
یەکێک لەو گرفتانەی کە بۆتە رێگر لەبەردەم پرۆسەی چاکسازی و بە دیموکراسی بوون ئەوەیە زۆربەی سەرەداوە گرنگەکانی هێزی ئابوری و سیاسی و ئەمنی لە دەست ئەو بازنەیە چڕبۆتەوە. ئەو بازنەیە لە خۆیدا حکومەتێکە جیا لە حکومەتی فەرمی راگەیەندراو بەتایبەتی ئەگەر سەرۆکی حکومەت لەدەرەوەی بازنەی بنەمالە بێت، بەلکو حکومەت شتێک نییە جگە لە جێبەجێکاری ویستی. گرفتی سەرەکی حکمرانی بنەمالە کە جیایە لەگەل حوکمرانی تاکرەوی تاک ئەوەیە لەگەل گەورەبوون وفراوانبوونی ئەو بازنە داخراوەی بنەمالەیی بەهۆی زۆربوونی ئەندامانی لە رێگەی زاوزێ، کێشەی دابەش کردنی بەهاکانی هێزو ئابوری و سەرچاوە داراییەکان دێتە پێشەوە کە هەر یەک یان ئەندامە گرنگەکانی ئەو خێزانە بەشێک لەو سەرچاوانەی بەردەکەوێت، بەلام هەر وەک لە زانستی سیاسەت شتێکی ڕوونە بەهاو وسەرچاوەکانی هێز سنوردارو دەگمەنن، بۆیە لەگەل فراوانبوون و زۆربوونی نەوەی ئەو بنەمالانە گرفتی دابەشکردنی ئەو سەرچاوە دەگمەنانەی هێز دێتە پێشەوە. هێز بەمانا گشتیەکەی هێزی سیاسی و ئابوریو ئەمنی لە کۆمەلگا. ئەو گرفتە زیاتر زەق دەبێتەوە لەگەل قەیرانە ئابورییە هەرێمی و جیهانییەکان بە تایبەتی زۆربەی ئەو بنەمالانە سەرچاوەکانی هێزیان لە ئابوری رەیعی سەرچاوە دەگرێت rentier state واتا ئەو کۆمەلگایانەی داهاتی سەرەکیان نەوت و گاز و سامان سروشتیەکانە، داهاتی پیشەسازی و کشتوکالیان کەمترە بە بەراورد بە داهاتی سامانە سروشتیەکان. سعودیا یەکێ لە نمونەکانی ئەم دیاردەیە، تۆکمەیی بنەمالەی ئال سعود سەرچاوەی هێزی ئەو بنەمالەیە لە بەردەوامی حوکمرانی بەلام لە هەمان کات  لەگەل زاوزێکردن و فراوانبوونی بازنەی ئەو بنەمالە و زۆربوونی میرەکانی سەرچاوەکانی هێزو ئابوری وەکو خۆی نامێنێت بەلکو زیاتر پەرت دەبێت  و دابەش دەبێت لە نێوان ئەندامە گرنگەکانی بنەمالەی فەرمانرەوا کاریگەری دەکاتە سەر دۆخی گشتی کۆمەلگا بە تایبەتی لەگەل سەرهەلدانی قەیرانە سیاسی و ئابورییەکان بۆیە تێچووی مانەوەی ئەم حالەتە تا رادەیەک بەرزە. موحەمەدی کوری سەلمان دەیەوێت سنوریک دابنێت لەبەردەم فراوانبونی ئەو بازنەیە لە رێگەی گواستنەوە لە حالەتی بنەمالەیەکی فراوان بۆ بازنەی خێزانی کە ئەویش بە لابردن و سنور دارکردنی دەسەڵاتی سیاسی و ئابوری میرو نەوەکانیان. هەلبەت زۆر جار وردەکارییەکانی ئەم پرۆسەیە لەدەرەوەی بازنەی فەرمی و حکومی دەکرێت زیاتر پرۆسەیەکی نێو بنەمالەییە بە دەر لە راگەیاندن و دەزگا فەرمیەکان. چونکە ئەم شێوازەی دەسەڵات بازنەی خێزان یان بنەمالە بە دیاردەی خود دەبینێت لە کاتێکدا خەلکی تر بەچاوی ئەوانی تر سەیر دەکات، بۆیە نایەوێت بازنەی خۆیی بنەمالەو چارەنوسی یان لێپرسینەوی بخاتە دەست ئەوانی تر تەنانەت ئەگەر دامەزراوە فەرمیەکانی دەولەتیش بێت. 
هەمان دیاردە هەیە لە کوردستان بەلام تا رادەیەک جیاوازتر و ئالۆزتر. دەسەڵات یان روونتر بلێین هێز لە کوردستان یەک یەکە نییە بەلکو دابەش بووە بە شێوەیەکی ناهاوسەنگ لە نێوان دوو بنەمالەی سەرەکی کە ئەوانیش بنەمالەی تالەبانی و بارزانین کە حوکمی سنوری زەردو سەوز دەکەن، لە خواروی ئەمانەش پرۆسەی بنەمالەبوون لە ناو خودی حیزبە بچوکەکانی تریش گەلالە بوو تەنانەت بە خودی گۆرانیشەو هەرچەند رێژەی دابەش بوونی هێز و تۆکمەیی هێزی بنەمالەی جیاوازە و ناهاوسەنگە لە نێوان پارتە جیاوازەکان. بنەمالەبوونی هێز نەک تەنها دیاردەیەکی سیاسییە بەلکو رەگێکی کۆمەلایەتی و کلتوریشی هەیە کە ئەو رەهەندانە یەکتر بەهێز دەکەن. 
ئەوەی پەیوەندی بە دیاردەی نیپۆتیزم (خزمایەتی و بنەمالەیی) هەیە لە دوو رووەوە دەبێتە بەربەست. 
یەکەم ئالنگەری چاکسازی لە ناو خودی بازنەی بنەمالە، راستە سەرۆکی هەرێم زۆربەی دەسەڵاتی جێبەجێکردنی بەدەستە هەم وەکو سەرۆکی کابینە وهەم وەکو ئەندامێکی بنەمالەی فەرمانرەوا بەلام پرۆسەی  چاکسازی لە ناو خودی بازنەی دەسەڵاتی بنەمالە کارێکی ئاسان نییە. چونکە بازنەی بنەمالە هەم سەرچاوەی هێزە بۆ سەرۆکی حکومەت هەم ئاستەنگە لە بەردەم پرۆسەی چاکسازی. لێرە ئالنگەری مامەلەکردن لەگەل بنەمالە کە دەرفەت و ئاستەنگە لەهەمان کات، بژاردەیەکی ئاسان نییە. 
بۆ نمونە شا سەلمان فراوانبونی بازنەی بنەمالەی فەرمانرەوا بەهۆی زۆربوونی نەوەکانی بە ئاستەنگ  و ئالنگەر دەبینی لەسەر گەشەکردنی دەسەڵاتی ئەو سەرەرای بارگرانیان  لەسەر دەولەت تەنانەت دەولەتێکی دەولەمەندی وەکو سعودیاش، بۆیە کۆمەلێک هەنگاوی نا لە ناو خودی ئەو بنەمالەیەی کە دەرفەتی سەرکەوتنی ئەو بوون بۆ دەسەڵات، لەوانە کەمکردنەوەو نەهێشتنی مۆنۆپۆلیان بەسەر دەسەڵاتی ئابوری دەولەت و گێرانەوەی رێژەیەک لە داهات بۆ خەزێنەی دەولەت کە لەسەر حیسابی دەولەت سەروەتیان کۆکردبووەوە. پرسیار ئەوەیە ئایا بەرێز مەسرور دەتوانێت یان دەیەوێت ئەوە بکات؟ لەوانیە بۆ ئەو بژاردەیەکی ئاوا ئاسان نەبێت، ئاستەنگەکانی بەردەمی زیاترە، یەکەم خودی سەرچاوەی دەسەڵات و هێزی مەسرور بارزانی بریتییە لە تۆکمەیی و یەکگرتووی بنەمالەکەی و کۆنترۆلی بەسەر هەموو کایەکانی دەسەڵات، ناکرێت هەولی لاوازکردنی ئەو پێکهاتەیە بدات بەبێ ئەوەی بێتە هۆی لاوازکردنی دەسەڵاتی خۆی، واتا ناکرێت سەرچاوەکانی هێزی خۆت لاواز بکەیت ئەمە وەکو ئینتیحاریکی سیاسی وایە، دووەم هەریەکێک لە باڵەکان خاوەن هێزیکی زۆرن ئەو تاکە یاریکەر نییە لەناو خێزانەکەی، سێیەم وابەستەی هەر یەک لەو ئەندامە دەسترۆیشتوانەی بنەمالە بە وڵاتانی دراوسێ لە رووی سیاسی و ئابوریی و ئەمنیەوەش. لەوانەیە ئەگەرێکی گونجای بەردەمی سەرۆکی حکومەت ئەوە بێت کە لە رێگەی تەوافوق و رەزامەندی هەولی گەیشتن بە دۆخێک بدات کە ئەندامە گرنگەکانی بنەمالەکەی بە رەزامەندی خۆیان واز لە بەشێکی بەها ئابوری و سیاسیەکانی خۆیان بهێنن لە پێناو پێدانی چانسی هەنگاونانی چاکسازی، بەلام ئەمە لەبەردەم ئەگەری کۆمەلێک شکست دایە، ئایا تاچەند ئامادەن واز لە بەشێکی هەژموونی ئابوری و سیاسی و ئەمنیان بهێنن لە کاتیکدا خودی هەر یەک لەمانە کۆمەلێک تەماحی سیاسی وئابوری نەپساوەی هەیە، تەنانەت وەکو گریمانەیەکی دوور ئەگەر هاوڕابوون لەسەر رادەستکردنی بەشێک لە بەها ئابوری و سیاسیەکانیان ئایا رێژەی ئەو بەها ئابوری و سیاسیانەی کە ئامادەن وازیلێبهێنن تا چەند کاریگەری هەیە لەسەر باشترکردنی داهاتی گشتی و رێژەی سەرکەوتنی پرۆسەی چاکسازی. هەموو ئەمانە پێمان دەلێن کە ئەگەر دۆخیکی لەم جۆرە دوورە لە رووی پراکتیکیەوە.
روەکەی تری ئاستەنگی نیپۆتیزمی بنەمالەیی خۆی دەبینێتەوە لە ململانێی هەژموون لەنێوان دوو بنەمالەی دەسەڵاتدار و بێمتمانەی بەرامبەر هەر جوڵەیەکی ئەوی تر هەنگاوەکانی چاکسازی گشتگیر سنورداردەکات. دەسەڵاتی سەرۆکی حکومەت لە زۆنی سەوز کاڵدەبێتەوە ناتوانێت یەک لایەنە هیچ هەنگاوێکی کرداری بنێت لەوێ کە دەکەوێتە زۆنی دەسەڵاتی بنەمالەیەکی تر، کە بەهەمان شێوەی ناوچەی دەسەڵاتی پارتی، ئەوانیش کۆمەلێک بەرژەوەندی ئابوری و سیاسی و ئەمنی تایبەت بەخۆیان هەیە کە ئیدارەو کۆنترۆلی سەرچاوە دارایەکانی ئەم زۆنە دەکەن بۆ بەردەوامدان بە هەژمون و دەسەڵاتیان. هەمان سەرچاوەی دارای وەکو پارتیان هەیە لە باج و خالە گومرگیەکان و سەرچاوە سروشتیەکانی وەکو نەوت و گازی سروشتی. هەر پرۆسەیەکی چاکسازی لەلایەن بنەمالەی بەرامبەر وەکو گومان ومەترسی دەبینرێت بۆ کەمکردنەوەو لێدان لە بازنەی ئاسایشی هێزیان و بە هەرەشەی وجودی سەر هێزی ئەم بنەمالەیە دەخوێندرێتەوە. بۆیە بۆ بالادەستی و سەروەری دەسەڵاتی بنەمالە وەکو ئالنگەرێک لەبەردەم بنەمالەی بەرامبەردا دەبێت بەردەوام داهات وەکو سوتەمەنی کاربهینێت کە خۆی دەبینێتەوە لە هەژمونی سەربازی و ئەمنی و سیاسی و ئابوری ومیدیایی، شتێکی ئاشکرایە تێچووی بێ شوماری ئەم هەژمونەی بنەمالە لە سامانی گشتیە. ئەم هەژمونە دوو جەمسەریەش وەکو  دوو ئەژدیها وایە کە بۆ بەردەوامبوون و وەستانەوە لە بەرامبەر یەکتر پێویستە داهاتی لە قورگ بکرێت، سەیرەکەی لەوەدایە کە نە دەتوانن بەیەکەوە بژین نە دەشتوانن بێ یەکتر بژین بەلکو بەردەوامی و هەبونیان خۆی دەبینێتەوە لە مانەوەیان وەکو رکابەر لە رێگەی هەللوشینی بەردەوامی داهات. 

هەرچی بازنەی کلایەنتەلیزمە دەستە خوشکی نیپۆتیزمە، ئەو بازنە بچوکەی نیپۆتیزمی بنەمالەی پێویستی بە زۆرترین بنکەی جەماوەری هەیە کە وەکو سەرچاوەی هێز. ئەو جۆرە لە پاڵپشتی جەماوەری ماکینەی بەردەوامبوونی دەسەڵاتی نیپۆتیزمە، بە پێچەوانەی دەسەڵاتی دیموکراتی کە پاڵپشتی جەماوەری لە سەر بنەمای متمانەی سیاسی و خزمەتی گشتییە بە هاوڵاتیان بەتایبەتی لە کاتی هەلبژاردن بۆ پێدانی  متمانەی سیاسی بە پارتە رکابەرەکان، دەسەڵاتی نادیموکراتی پشت دەبەستێت بە شێوازێکی درێژخایەنتر لە پاڵپشتی جەماوەری کە بە کلایەنتەلیزم یان وەکیلایەتی ناودەبرێت ئەگەر بە رووکەش هەلبژاردن هەبێت زیاتر لە نمایشێکی سیاسی دەچێت. کلایەنتەلیزم شێوازێکە لە دابەشکردنی داهات و سامان و پۆستەکان لەلایەن دەسەڵات بەسەر هاوڵاتیان لە بەرامبەر دەربرینی ئینتیمای بێ مەرج. واتا بەکارهێنانی سەرچاوەکانی داهات و سەرچاوەکانی هێز لە کۆمەلگا بۆ کرینی پاڵپشتی و ئینتیما، لە بەرامبەردا گرتنەوەو بێبەشکردن یان سنوردارکردنی هەموو ئەوانەی لەگەل ئەو دەسەڵاتە نین بە گوێرەی پێویست. کلایەنتەلیزم لەوانەیە شێوازی ترس و پاداشت بەکار بهینێت  بۆ بەهێزکردنی بازنەی پاڵپشتی جەماوەری. ئەم شیوازەی دەسەڵات لە هەرێم هەر لەسەرەتاوە پەیرەو کراوە، کۆمەلگایەکی تەواو ئیفلیج و لاگیر درەست کردووەو تواناکانی پەکخستووە. ئەمەو سەرەرای ئەوەی کە ئەم شێوازەی حوکمرانی داهات و سەرچاوە داراییەکانی هەرێم بەفیرۆ دەدات. دیارە نەک تەنها داهات و سەرچاوە داراییەکان بەلکو تەواوی پۆستە ئیداری و سیاسی و تەنانەت پەروەردەییەکانیش لەسەر ئەم بنەمایە دابەشکراوە، لێشاوی دامەزراندن و خانەنیشینکردن و دوو مووچە تا دە موچەش لەسەر بنەمای کلایەنتەلیزم کراوە، واتا بەردەوامی پاڵپشتی و ئینتیما لەبەرامبەر پێدانی ئیمتیازات و سەرچاوە ئابوریەکان. سەرەرای ئەوە بەشێکی زۆری داهاتی گشتی بەهەمان شێواز تەرخان کراوە بۆ بەدەستهێنانی پاڵپشتی لەسەر ئاستی دروستکردنی تۆرێکی فراوان لە رێکخراوە بەناو مەدەنییەکان، سەنتەرە رۆشنبیری و ئەکادیمیەکان، میدیاو کەنالە تەلەفزیۆنیە سێبەرەکان و فەرمییەکان، و تۆرە میدیای و کۆمەلاییەتیەکانیش لەسەر بنەمای کلایەنتەلیزم کار دەکات  کە هەموو ئەمانە پێویستی بە سوپایەک لە کڕینی خەلکە لەسەر حیسابی دهاتی گشتی  بۆ وەگەرخستن و بەردەوامبوونی، تەنانەت خودی پۆستە ئەکادیمیەکانیش سەلامەت نەبوونە لەم شێوازە. 
هیچ یەکێک لەمانەی باسکران شتێکی نوێ نییە، بەلام ئەوەی تا رادەیەک نوێیە ئەوەیە فراوانبوون و زۆربوونی  ئەندامانی ئەو دوو بنەمالەیە و گەلالەبوونی نفوزی سیاسی و ئابوری و ئەمنییانە کە ئالنگەریکی نوێی دروستکردووە.  هەر یەک لەم ئەندامە نوێیانە کە نەوەی سێیەم و چوارەمی بنەمالەن ئەستیرەیان زۆر بەخێرایی دەگەشێتەوەو خەریکی دروستکردنی  ئیمپراتۆریەتێکی تایبەت بە خۆیانن لە ناو هەرێم. بە هەمان شێوەی نەوەی یەکەم و دووەمی هەردوو دەسەڵات، هەر یەک لەم ئەستێرە تازانە تینویەتیان بۆ فراوانکردنی خێرای دەسەڵات و نفوزی سیاسی و ئابوریان بە جۆرێکە داهات و سەرچاوەکانی هەرێم ئەوەندە سنوردارە ناتوانێت لە ئاست داواکارییەکانی ئەوان بێت. بۆ نمونە دەبینین هەر یەک لەم مناڵە تازە پێگەیشتوانە تۆریکی فراوان لە راگەیاندن و کەناڵی ئاسمانی و دەزگای رۆشنبیرو میدیایی و پیشەیان  دروست کردووە، کە ئیدارەدانی پێویستی بە سەرچاوەیەکی دارایی یەکجار زۆر هەیە، ئەمەو سەرەرای کۆمپانیای رووکەشی و وەهمی و قۆرخکاری بەناوی وەبەرهێان و خزمەتگوزاری. دیارە داهاتی گشتیی بە شێویەک لە شێوەکان لە خزمەت ئارەزوە سیاسی و ئابورییە بێسنورەکانی ئەو نەوە تازە پێگەیشتوانە دایە کە بۆتە بارگرانیەکی زیاتر بەلام لەگەل ئەوەش ناتوانێت حەزە سیاسیەکانی ئەوان تێر بکات کە بەردەوام بەدوای زیاتر هەلمژینی داهاتن بە رێگەیەکی ناراستەوخۆ. ئەوەی جێگای تێبینیە کە نەوەکانی ئەم بنەمالانە جۆرێک لە کێبرکێ هەیە لە نێوانیان بۆ زیاتر فراوانکردنی نفوزی ئابوری و سیاسی و جەماوەرییان، کە ئەمەش جارێکی تر بارگرانی دروست دەکەن بەسەر هەرێم و سەرچاوە داراییەکانی.  چونکە داهاتی گشتی سوتەمەنی ئەم پێشبرکێیەیە. بۆیە کار دەکاتە سەر رێژەی دابەشکردنی ئەو داهاتانە بەسەر خەلکی کوردستان کە خۆی لە کەمی موچەو دواکەوتن و برین و پاشەکەوتکردن..هتد دەبینێتەوە. 

بێجگە لەو هۆکارە بونیاتیانەی  باسمان کرد، هەژموونی تەواوی وڵاتانی دراوسێ بەسەر هەموو پایە ئابوری و سیاسی و ئەمنیەکانی هەرێم یەکێکە لە بەڵا هەرە گەورەکان. ئەو هەژمونە بالادەستیەی دراوسێیەکان بەهاوکاری و هەمەهەنگی هێزە سەرەکیە حوکمرانەکانی هەرێمە، کە جۆرێک لە رێکەوتن یان روونتر پاشکۆیی دەسەڵاتدارانی هەرێمە بەو وڵاتانە. بە واتایەکی تر کلایەنتەلیزم و پرۆکسیبوونی هێزە سیاسیەکانی هەرێمە. دوو دەسەڵاتدارە سەرەکییەکەی هەرێم هەبوونی ئابوری و ئەمنی و سیاسی خۆیان لە وابەستەییان بە وڵاتانی دراوسێ دەبیننەوە. بۆیە ناتوانن یاری بکەن لەدەرەوەی ئیرادەی وڵاتە هەرێمییەکان، بۆ گەرەنتی مانەوەیان تا رادەیەکی دیار سەرەداوەکانی ئابوری و سیاسی و ئەمنی دەخەنە دەست ئەم وڵاتانە. یەکێ لە خەسلەتەکانی پرۆکسیبوون رادەستکردنی سەرچاوە سەرەکییەکانی داهاتە بەدەست ئەم وڵاتانە بە نرخیکی هەرزان. بۆ نمونە گرێبەستی ٥٠ ساڵەی نەوتی هەرێم بە تورکیا رێکەوتنێکی ئابوری لە نێوان دوو لایەنی هاوسەنگ و سەربەخۆ نییە، بەلکو لایەنێکی باڵا دەست و لایەنێک کە وەک وەکیل یان پرۆکسی کار دەکات، لایەنێک کە لە رادەستکردنی سەرچاوە ئابوریەکان بە دوای رەزامەندی ئەو ولاتە دراوسێیەیە، بە دوای ئەوەیە لە دەرئەنجامی ئەم رادەستکردنە یان هەرزانکردنەی سەرچاوەی دارایی نەتەوەیەک بۆ ئەوەیە بتوانێت پاڵپشتی ئەمنی و سیاسی ئەو هێزە دەرەکییە بەدەست بهێنێت، رێکەوتنێکە لە بەرامبەر رازیکردنی کاراکتەری دراوسێ بۆ ئەوەی بتوانێت ئاسایشی مانەوەو باڵادەستی خۆی مسۆگەر بکات واتا بە رێکەوتنێکی مانەو دەبینرێت چونکە ئەو هێزە ناوەخۆیانە بەردەوام مۆتەکەی هەرەشەی وجودی  existential threats وەکو سێبەر بەدوایانەوەیە.  
لەبەر ئەوەی هەرێم سەرچاوەی داهاتی سەرەکی نەوتە، بۆیە قسەکردن لەسەر باشترکردنی داهات و بارودۆخی خەلک بەبێ چاکسازی لە ئیدارەدانی نەوت و داهاتەکەی بێ مانایە. ئەوەی جێگای هەم داخەو هەم گالتەجارییە ئەوەیە کە ناتوانرێت چاکسازی لە داهاتێک بکرێت کە لە بنەرەتدا لەدەستخۆی نەبێت، چۆن دەتوانێت داهاتی نەوت رێکبخاتەوەو چاکسازی تێدا بکات لە کاتێکدا داهاتەکەو ئیدارەدانی لەدەست خۆی نەبێت بەلکو لەدەست وڵاتێکی دراوسێ بێت. نمونەی ئەمە وەکو ئەوە وایە هیواو ئومێدت بەوە بێت کە سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بتوانێت چاکسازی لە حکومەتی تورکیا بکات. جگە لە بالادەستی دەولەتی تورکیا بەسەر داهات، کۆمەلێک کۆمپانیای نەوتی زەبەلاح کۆنترۆلی کەرتی نەوتی هەرێم دەکەن، رۆلی هەرێم لە جیاتی کۆنترۆل و خاوەنداریەتی  و سەروەری بەسەر سەرچاوە سروشتیەکانی ئێستا تەنها رۆلی پاسەوانی بیریە نەوتیەکان و رۆلی خاوەن پشکێک دەبینێت ئەویش دوای فرۆشتنی. تەنانەت شێوازی فرۆشتن وبەرێوەبردنی لە کۆمەلێک کەسایەتی سیاسی و ئابوری نێو بازنەی بنەمالە کەسی تر لێی سودمەند نابێت. بۆیە ئەستمە هیوات بە چاکسازی لە داهات هەبێت بەبێ چاکسازی و خاوەندارییەتی لە سەرچاوەکانی نەوت و گاز کە سەرچاوەی سەرەکی داهاتە. ئەستەمە تۆ بیر لەوە بکەیتەوە کە پارتی و یەکێتی لە بەرگی حکومەتی هەرێم بتوانن لە بەرامبەر تورکیا بوەستنەوە و گۆرانکاری لە شێوازی ئیدارەدانی داهاتی نەوت و خاوەنداریەتی بکەن، چونکە ئەو سەرکێشییە لە بەرامبەر تورکیا دەبێتە هەرەشەی وجودی بۆسەر پارتی و حکومەت، پارتی نەوتی وەکو پاروو ناوەتە قورگی شێر و ئەستەمە بتوانێت دووبارە دەست ببات بۆ ناو قورگی ئەو شێرە بە نیازی دەرهێنانی، بە هیچ جۆرێک ئامادە نییە بۆ ئەم جۆرە لە ئینتیحاری سیاسی و ئەمنی. ئێستا سەرۆکی حکومەت لە نێوان دوو بژاردەی خراپە، رازیبوون بەو شێوازەی ئیدارەدانی نەوت کە تەواوی کۆنترۆلی لەدەست تورکیا و کۆمپانیا گەورەکانە واتا رازیبوون بە بەردەوامی خراپی داهاتی هەرێم وەکو ئێستا، یان بژاردەی روبەرووبوونەوەی تورکیا لە رێگەی کشانەوە لە گرێبەستیە نەوتیەکان کە بە واتای پشتکردنی تورکیاییە لە پاڵپشتیکردن کە جۆرێکە لە  ئینتیحاری سیاسی.
ئەم سێ هۆکارە رێژەی سەرکەوتنی پرۆسەی چاکسازی لە هەرێم دیاری دەکات، یەکەم ئاستی ئامادەیی مەسرور بارزانی بۆ دروستکردنی پردی متمانە لە گەل بنەمالەی سەوز بۆ گەیشتن بە رێکەوتیکی گشتی لەسەر چاکسازی و گەرانەوەی هەموو سەرچاوەکانی داهاتی ناوەخۆ بۆ ژێر دەستی حکومەت نەک بنەمالەو حیزب، بتوانێت ئەوان رازی بکات کە چاکسازی پرۆسەیەکی گشتییە نەک هەرەشە بۆ سەر ئاسایشی وجود و باڵادەستی ئەوان. دووەم ئاستی  ئامادەی مەسرور بارزانی بۆ شەری خودی بازنەی بنەمالەی خۆی بۆ ئەوەی دەسەڵات و کۆنترۆلیان بەسەر داهات ببڕێت یان لایەنی کەم سنورداربکات، ئامادەیی و بوێری سەرۆکی حکومەت لە توانای گێرانەوەی خاوەنداریەتی سەرچاوە سروشتیەکانی وەکو نەوت و گاز بۆ هەرێمی کوردستان و سەربەخۆی لە فرۆشتن و ئیدارەدان و بە بازارکردنی بەبێ هەرەشەی وجودی لەسەر هەرێم و خودی پارتی.  بۆیە پێموایە سەرەرای ئەو ماکینە گەورەییەی میدیا و راگەیاندن لەسەر هەلچنینی ئومێد بەرامبەر هەوڵەکانی ئەوەی ناودەبرێت بە برا گەورە جگە لە ریکلامێکی حیزب و یاریکردن بە کات و پەرتکردنی بێئومێدی خەلک بە بابەتە لاوەکییەکان شتێکی تر نییە، پێموایە سەرۆکی حکومەت نەک ناتوانێت یان تەنانەت نایەوێت چاکسازی بکات بەلکو وەکو کەسێک کە باکگراوندێکی ئەمنی هەیە تەواو مەترسیە بۆ سەر ئەو بۆشاییە بچوکەی هەیە یان روونتر کە هەبوو بۆ رەخنەو رای ئازادیش، ئەو دەیەوێت تەواوی رەخنەو رای جیاواز بە ئەمنی بکات و بە هەرەشەی وجودی سەیر بکات. لە ماوەی حوکمرانی ئەو بە بیانوی پرۆسەی چاکسازی، ئازادییەکان و رەخنەگرتن تەواو بەرتەسک بوونەتەوە. دەکرێت بڵێین لەسەر ئاستی ئابوری و سیاسیش ئەم کابینەیە شکستی بەرەو شکست هەنگاو دەنێت.
 
سەنگەر مەنتکی
دکتۆرا لە زانستە سیاسیەکان
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×