یاریەکە لەکۆتایی نزیک دەبێتەوە
هۆشیار عەبدوڵا
2019-11-23   1325
(دەربارەی ئەوەی گوایە هەرێم نەوتەکە دەنێرێت!)
هەمیشە کۆتایی ساڵو پێش هاتنی یاسایی موازەنە بۆ پەرلەمانی عێراق بەرپرسانی حکومەتی هەرێم دەڵێن پابەند دەبین و نەوتەکە دەنێرین، کە موازەنە تێدەپەرێت پەشیمان دەبنەوەو ناینێرن.
ساڵی پار پێش یاسای موازەنەی ۲٠۱۹ وایانکرد، پێشترین لە ۲٠۱٥ ەوە، هەمان شت پێش سەری ساڵ بەڵێنیان ئەداو دوای تێپەڕبونی یاسای موازەنە بەهانەیەکیان دەدۆزیەوە تا بیکەنە پاساوو نەوتەکەیان نەدەنارد.
لەدڵەوە تەمەننا دەکەم ئەمجارە حکومەتی هەرێم بەجدی بێت و هەمان یاری ساڵانی رابردو نەبێت.
کاتیەتی نەوتەکە بنێرن و مەترسی سەر موچەو پشکی هەرێم بڕەوێننەوەو ئەرکی ئێمەش لەلیژنەی دارایی بۆ گفتوگۆکانی موازەنەی ۲٠۲٠ ئاسان بکەن.
ئەگەر گیرفانی قوڵی چەتەکانی نەوتی هەرێم رێگە بدات و هەست بە مەترسیە جدیەکانی دۆخەکە بکەن ئاسانەو دەتوانن ۲٥٠ هەزار بەرمیلی رۆژانە بنێرن، خۆ ئەگەر هێشتا تێر نەبوبن، یا دۆسێکە فرۆشرابێت و لەدەستی خۆیاندا نەمابێت، ئەوا بینەری هەمان یاری ساڵانی رابردو دەبین.
مەلەفی نەوتی هەرێمی کوردستان بەم مۆدێلەی ئێستا بەردەوام بێت، لەرابردودا چۆن بێموچەیی و نەهامەتی سەپاند بەسەر فەرمانبەرو خەڵکی هەرێمدا، لەئایندەدا کارەساتی گەورەتر لەگەڵ خۆیدا دێنێت کە تا نغرۆبونی کردنی هەرێم لە(قەیرانی قەرزادا)دەڕوات.
لەئێستاوە با ڕون بێت و نەڵێن هۆشداریتان نەدا، دەست لەتاڵانکردنی نەوت و داهاتی هەرێم هەڵنەگرن، یاریەکە لەکۆتایی نزیک دەبێتەوە!
هۆشیار عەبدوڵا
ئەندامی لیژنەی دارایی
ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق