کێ هەڕەشەیە لەسەر کیانی هەرێم؟!

هۆشیار عەبدوڵا
  2019-05-28     1317

بەڵێ دەبێت موچە پرسێکی ئیتیحادی بێت
ئەوەی کیانی هەرێم هەڵدەوەشێنیتەوە گەندەڵی و تاڵانی نەوتە نەک ئەوەی لیستی موچەی فەرمانبەرانی راستەقینەی هەرێم لای بەغداد بێت و بزانن چەند فەرمانبەر هەیەو مانگانە موچەی بۆ بنێرن،لە دونیادا نەبوە دو سیستمی موچە لەیەک وڵاتدا هەبێت.

ئەوەی ئێمە داوای دەکەین ماددەی یانزە برگەی شەشی یاسای موازەنەی ساڵی ۲٠۱۹ یە کە داوا دەکات حکومەتی عیراق هەرێم پەیوەست و ناچار بکات بەوەی لیستی موچەی فەرمانبەرەکانی لە سەربازی و مەدەنی لە ژن و پیاو بە پلەی وەزیفی و تێکرای وردەکاریەکانەوە بۆ حکومەتی عیراق بنێریت .

ئاخر لە کوێی دنیادا و لە سیستمی فیدراڵی کویدا هەیە حکومەتی فیدراڵ لیستی موچەی راستەقینەی فەرمانبەرانی لا نەبێت وەک ئەوەی هەرێم ئێستا دەیکات یا ناینێرێت یا لیستێک دەنێڕێت پریەتی لە بندیوار و دوبارە و پڕە لە موخالەفەی ئیداری و وەزیفی و میلاکات ؟!

ئەگەر لیستێکی پاک بە وردەکاریەوە لای بەغداد هەبێت ئێمە ئاسان دەتوانین ساڵانە لە خشتەی ج کە خشتەی هێزی کارە لە عیراقدا جێگەی بکەینەوە و بزانین بۆ موچە دروست چەند پارەمان پێویستە .

هەن بێ ئەوەی بزانن باسیی چی دەکەم دەڵێن ئەوە هەڵوەشانەوەی قەوارەی هەرێمە ؟! نەخێر ئەوە قەوارەی هەرێم بەهێز دەکات چونکە نسبەتێکی زۆری گەندەڵی لە کۆڵ هەرێم و حکومەتەکەی دەکاتەوە ؟! لە دونیادا ئێستا موچە دەچیتە بانک ئەسڵەن ئەم مۆدێلە تەقلیدیە لە دابەشکردنی موچە باوی نەماوە تەنانەت لە وڵاتە دواکەوتوەکانیشدا ئێستا سیستمی بانک هەیە بۆ دابەشکردنی موچە!

پاشان چۆن دەبێت لیستی فەرمانبەرانی هەرێم لە بەغداد نەبێت ، بروانن وەک نمونەیەک ؛ دو ساڵ زیاترە سەرقاڵی گواستنەوەی چەند کەسێکین لە هەرێمەوە بۆ سەر فەرمانگەکانی حکومەتی فیدراڵ هەمو موافەقەیەکمان تەواوکردوە ئێستا لە وەزارەتی دارایی رایانگرتوە دەڵێن لەبەر ئەوەی خشتەی دەقیقی هێزی کاری هەرێممان لا نیە کە بتوانین ئەو ناوانە و پلەکانیان بکوژێنینەوە نتوانین نەقڵەکەیان بۆ بکەین.

باشە بۆ لە ۲٠٠٤ ەوە گومرگ و پاسەوانی سنوری هەرێم موچەکانیان بە بانک دێت لە بەغداوە یەک رۆژ دوانەکەوتوە و موچەکانیان وەردەگرن هیچ کێشە نیە ئێستا کە بڵیین هەمو با ئاوا رێکبخەین دەبێ کوفرمان کردبێت ئەمە چ عەقڵیەتێکە ؟!

هەیە لە دڵسافی و هەیە لە ژێر گوتاری چەتەکانی کوردایەتی و هەیە لە ئاگادار نەبون بە سیستمی ئیداری و مالی لە دەوڵەتانی فیدراڵ پێیان وایە ئەگەر حکومەتی هەرێم لە مەسەلەی موچەدا بکوژ و ببڕ خۆی نەبێت واتا کیانی هەرێم نەماوە ، بە پێچەوانەوە ئەم سیستمەی ئێستا بۆ موچە هەیە وایکردوە کیانەکە لاواز بێت حزب زاڵ بێت بەسەر هاوڵاتیاندا مەگەر هەزاران کەس لە هەرێم موچە براو نەکرا لەسەر ئەوەی دەنگیان بەفڵان حزب داوە ؟! ئێ ئەو فەرمانبەرە ناوی کۆدی موچەی لە بغداد هەبێت چۆن وا ئاسان موچە براو دەکرێت ؟!

با ڕون بێت بەش بەحاڵی خۆم کیانی هەرێم دەبێت بۆ خزمەتی هاونیشتیمانیان بیت نەک ببێتە بانکی لە بن نەهاتوی گەندەڵی بۆ چەتەگەرەکان؟! ئەو کیانەی گەندەڵی لاوازی کردوە ؟ بێ یاسایی وێرانی کردوە ؟! ئەوانە وێرانیان کردوە کە دەیدۆشن نەک ئەوانەی کار بۆ رونکاری و شەفافیەت و رێکخستنی موچە و گەیشتنی دەکەن بە دەستی هاوڵاتی دور لە دەستی حزب ؟!.

موچە مافە ، پرسێکی ئیداریە دەبێت لە عێراقدا یەک سیستم بێت ، بەوەش رێگری دەکرێت لەوەی قوتی خەڵک بەدەست ئەم و ئەوەوەبێت .

تکایە ئەم پرسی چارەسەرەش بۆ کێشەی موچە مەکەن بە موزایەدەی شێوەی ریفراندۆم تەنها لەبەر ئەوەی وتمان هەڵەیە و کاتی نیە دونیاتان تەخوین کرد و ئەوەتا ئێستاش باجەکەی ئەدەین .

بێ جێبەجێکردنی ئەو ئالیەتەی لە سەرەوە باسم کرد کێشەی موچە چارەسەر نابێت و لە پرسێکی ئیداری و مافێکی ئاسایی خەڵکەوە هەر وەک کێشەیەکی سیاسی دەمێنێتەوە و بازرگانی پێوە دەکرێت و دەبێتە خێر و بەرەکەت بۆ دز و گەندەڵکارەکان .

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×