دیسانەوە سەد مەتریەکەی سلێمانی

هۆشیار عەبدوڵا
  2022-03-12     611

ئێستا تەواو ڕوونە کە نەبوونی یاسای بودجە بۆ حکومەتێک کە ناوی لە خۆی ناوە حکومەتی هەرێمی کوردستان / کابینەی نۆ، چ کارەسات و بەدبەختیەکی بەدواوەیە؟! هیچ پرۆژەیەک نیە بە یاسا پارەدار (تمویل) کرا بێ جگە لە هەوەس و حەزی بەرپرسە نابەپرسەکانی ئەم بەناو کابینە شەق و شڕە.

پرۆژەی رێگای سەد مەتری چەندین ساڵە دواکەوتوە کەچی هێشتا رادەگیرێ و پارەی تەواوی بۆ تەرخان ناكرێ، یەکێتی و گۆڕان بەتایبەتی پێش پارتی لەم کەیسەدا تاوانبار و بەرپرسن، ئەمە سزادانی زەقی سلێمانییە و لە هیچ بارێکدا نابێ بە ئاسانی تێبپەڕێ.

مەسرور بارزانی و قوباد تاڵەبانی و هەڤاڵ ئەبوبەکر  قسەی زل زلیان دەکرد لە کاتی کردنەوەی ئەم پرۆژەیە، وەک رێگای ستراتیژی و خزمەتی سلێمانی باسیان دەکرد، کەناڵە شەخصیەکەی مەسرور بارزانی لانیەکەم ۱٠ راپۆرت و هەواڵی لەسەر کردوە، ئێستا کە راگیراوە دەڵین چی؟! دەیخەنە سەر شانی یەکتری؟! 

ئەمانە لە یاسای موازەنەی فیدراڵی عێراق قبوڵیان نیە پارێزگاکانی هەرێم جیا بکرێنەوە لە لیستی پارەدارکردندا و شەڕ دەکەن هەرێم هەموی یەک خانە بێ، لێرەش ئیمانیان بە یاسای بودجە هەر نیە و لەولاشەوە داهاتی نەوتی و نانەوتی بەو پەڕی ناعەدالەتی دابەش دەکەن و بە ئاشکراش تۆمەتی تاڵانی و نەگێرانەوەی داهات دەدەنە پاڵ یەکتری! باشە خەڵک تاوانی چیە باجی ئەو هەموو فەشەلە بدا؟!

بەراستی جوان گوتراوە ئەگەر شەرمت نەکرد چی دەکەی بیکە!

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×